ئەو دوو برایەی لەپشت كەیسی 1 ملیار دۆلارەكەی هەرێمن لەلوبنان

ڕاپۆرت

04/04/2020‌ 4914 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕیمۆن زینە ڕەحمە و تیدی ڕەحمە، كە بەوتەی "وئام وەهاب" وەزیری پێشووی ژینگەی لوبنان هاوكاری دەسەڵاتدارانی كردووە بۆ بردنە دەرەوەی 1 ملیار دۆلاری هەرێم و دانانی لەبانكێكی لوبنان.

كەیسی بردنە دەرەوەی یەك ملیار دۆلاری هەرێم بۆ بانكێكی لوبنانی ئێستا بووەتە بابەتێكی گرنگ، كە داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان كاری لەسەر دەكات و داوا لەهەر كەس و لایەنێك دەكات، ئەگەر بەڵگەی پێویستیان لەبەردەستدایە پێشكەشی لیژنەی لێكۆڵینەوەی داواكاری گشتیی بكەن، بەگوێرەی وتەی وەزیری پێشووی ژینگەی لوبنان دوو برا لەپشت بردنە دەرەوەی ئەو پارەیەوەن.

ڕیمۆن و تیدی كێن؟
ڕیمۆن و تیدی ڕەحمە بران و بەدوو كەسی نزیك لە سەمیر جەعجەع، سیاسەتمەداری ناسراوی لوبنان دادەنرێن، پێشتر لەلایەن داواكاری گشتی واشنتۆن-ەوە تۆمەتباركرابوون بەتێوەگلان لە فرۆشتنی چەك بەشێوەی "نایاسایی" بەسوپای عێراق، كەیسەكەش لەلایەن ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئەمریكی "زەهێڵ"ەوە بڵاوكراوەتەوە.

ڕیمۆن زینە، كە سەرۆكی كۆمپانیای "ZR Group Sal Holdings"ە، یەكێكە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمپانیای كۆڕەك تیلكۆم و كەسێكی نزیك لەسیروان بارزانی، خاوەنی كۆمپانیاكەیە.

ڕیمۆن لەلایەن كۆمپانیا گەورەكانی بواری پەیوەندیكردنەوە چەندین جار داوای یاسایی لەدژ بەرزكراوەتەوە، بۆ نموونە داوایەكی یاسایی كۆمپانیاكانی "ئەجێلتی" و "ئۆرەنج"ی فەرەنسی، كە ڕیمۆنی تۆمەتباركربوو بە "بەهەدەردانی ملیۆنان دۆلار" و "زیانگەیاندن بە هەردوو كۆمپانیاكە.

سەرەتای كاری "گەندەڵی" ئەو دوو برایە لە عێراقەوە دەستپێدەكات كاتێك دوای پڕۆسەی ئازادكردنی عێراق و لەدوای پێكهێنانی حكومەتی عێراقی ئەوكات، بەغدا لەگەڵ كۆمپانیای "ستۆفیل"ی ئەمریكی گرێبەستێكی واژووكرد، كە پەیوەست بوون بە هەردوو وەزارەتەكانی بەرگریی و كارەبای عێراق، بەڵام ئەوەی لەو گرێبەستەدا جێگەی سەرنج بوو ئەوەیە هەردوو براكە بەمەبەستی نێوەندگیریكردن لەنێوان كۆمپانیاكە و حكومەتی عێراق دەستوەردانیان لە دانوستانەكان كردووە و بڕی 25 دۆلار لەو نێوەندەدا بەهەدەردراوە، كاتێكیش "ڕویس لامبێرس" داواكاری گشتی دادگای فیدراڵی واشنتۆن لێكۆڵینەوەی لە كەیسەكە كردووە، دەركەوتووە ئەو 25 ملیۆن دۆلارە چووەتە سەر هەژمارە بانكییەكەی ڕیمۆن ڕەحمە.

نزیكەی 16 ساڵ پێش ئێستا "دایل ستۆفێل" سەرۆكی ئەو كۆمپانیایەی مامەڵەكەی لەگەڵ ڕیمۆن ڕەحمە ئەنجامدا لە دۆخێكی تەمومژاویدا كوژرا، دوای كوژرانی دایل لێكۆڵینەوەكان ئەوەیان ئاشكراكرد، كە دواین كەس ئیمەیڵی لەگەڵ دایل گۆڕیوەتەوە ڕیمۆن ڕەحمە بووە.

سەركەوت شەمسەدین، ئەندامی فراكسیۆنی ئایندە لە پەرلەمانی عێراق زانیاریی زیاتری لەبارەی كەیسی یەك ملیار دۆلارەكەی هەرێم لە لوبنان بۆ شارپرێس ئاشكراكردو لەلێدوانێكی وتی: مورتەزا لاخانی، كە دەوترێت ڕاوێژكاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم بووە، پەیوەندی بەو دۆسیەیەوە هەیە.

سەركەوت شەمسەدین تایبەت بەشارپرێس وتیشی: لاخانی بەڵگەكانی لەوەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەیە، كە گرێبەستەكەی یەك ملیۆن دۆلاری ساڵانە بووە، بەڵام لەكاتی ڕێككەوتنی هەرێم و ڕۆسنەفت، مورتەزا هەژمارێكی بانكی لە لوبنان كردوەتەوە و یەك ملیار دۆلار دەخاتە سەر هەژمارە بانكییەكە.

هەروەها وتیشی: مورتەزا كۆمپانیایەكی بە ناوی (IMMS)  دروستكردووە، كە پارەكە لە لوبنان لە ئێستادا گیری خواردووە.

ئەندامەكەی فراكسیۆنی ئایندە لە پەرلەمانی عێراق باس لەوەشدەكات بەڵگەیان لایەو لەو بارەوە وتی: ئێمە كۆمەڵێك بەڵگەمان لەلایە، كە لە دادگاكانی ئەمریكا داوای یاسایی لەدژی ئەو بانكە لوبنانییە تۆماركراوە، لەگەڵ تۆماركردنی داوای یاسایی لەعێراقەوە دژی ئەو بانكە، ئێمە سەرجەمیان پێشكەشی داواكاری گشتی دەكەین.

مورتەزا لاخانی كێیە؟
مورتەزا لاخانی لەدایكبووی پاكستانە و كوڕی ملیاردێری ناسراوی پاكستان (سوڵتان عەلی لاخانی)یە، كە سەرۆكی كۆمپانیاكانی "لاكسۆن گروپ"ە، لەپاڵ كۆمپانیاكانی بواری نەوت، ژمارەیەك كۆمپانیای تایبەت بە ڕاگەیاندنی هەیە.

لاخانی جیاواز لەباوكی، زیاتر لە بواری بازرگانی نەوت و گرێبەست، گواستنەوەی نەوت لەنێوان وڵاتان كاردەكات، هاوكات ڕۆڵی نێوەندگیر لە مامەڵەی بازرگانیی نەوتدا دەگێڕێت.

لەكاتی شەڕی داعش و هێرشەكانی ئەو گروپە بۆ سەر سوریا و پاشان عێراق، ناوی لاخانی بە بەردەوامی لە ڕاگەیاندنەكانی ڕۆژئاواوە باسدەكرێت، كە مامەڵەی نەوتی لەگەڵ داعش لە موسڵ و سوریا هەبووە.

لە كۆنگرەی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆ، كە لەپاریس ئەنجامدرا، ناوی ئەو كۆمپانیایانە هێندرا مامەڵەی بازرگانییان لەگەڵ داعیش هەبووە، لەوێدا ناوی ژمارەیەك كۆمپانیا ئاشكرابوو، كە پەیوەندییان لەگەڵ لاخانی هەیە.


بەپەلە