بەغدا چاوەڕێی وەڵامی هەرێمە
شارپرێس وردەکارى رێککەوتنەکەى هەرێم و بەغدا ئاشکرا دەکات

عیراق

29/06/2020‌ 4580 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەرێم و بەغدا لەسەر پرسى نەوت و موچە لەیەکتر نزیکبوونەوەو تەنیا یەک هەناو ماوە بۆ گەیشتە بە رێککەوتنى کۆتایی ئەو بڕیارەش ئێستا لەلای حکومەتى هەرێمە.

هەفتەى رابردوو شاندێکى حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆکایەت قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حکومەت سەردانى بەغدای کردو لەگەڵ سەرۆک وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر پرسى نەوت و مووچە چەندین دیدارو کۆبوونەوەیان کرد.

بەپێی ئەو زانیاریانەى شارپرێس دەستى کەوتووە حکومەتى هەرێم ئامادەیی دەربریوە کە ٤٥٠ هەزار بەرمیل و لە ٥٠%ی داهاتى ناوخۆ رادەستى حکومەتى فیدراڵ بکات، لەبەرامبەریشدا بەغدا ٥٧٥ بۆ ٦٠٠ ملیار دینار دەداتە هەرێم.

لەبارەى ئەگەرى بەرزبوونەوەى نرخى نەوت لەداهاتوودا، بەغدا ئامادەیە بەپێی بەرزبوونەوەى نرخى نەوت ئەو پارەیە زیاد بکات کە رەوانەى هەرێمى کوردستانى دەکات.

لەئێستادا بە بەپێی دواین ئامارى کۆمپانیای دیلۆت داهاتی نەوتی هەرێمی كوردستان نزیکەى ٣١٢ ملیۆن دۆلارەو لەو بڕەش کەمتر لە ٩٠ ملیۆن دۆلار گەڕاوەتەوە خەزێنەى وەزارەتى دارایی ئەوەى تری کە ٢٢٧ ملیۆن دۆلارى لە قەرزی کۆمپانیا دراوەتەوە.

بەپێی ئەو رێککەوتنە سەرەتاییەى هەرێم و بەغدا پێیگەیشتوون بەغدا بەلایەنى زۆرەوە ٦٠٠ ملیار دینار دەنێرێت، بەڵام هەرێمى کوردستان بۆ دابینکردنى مووچە پێویستى بە زیاتر لە ٨٩٠ ملیار دینار هەیە، بەوەش نزیکەى ٣٠٠ ملیار دینار کورتهێنانى دەبێت بۆ مووچە، کە ئەوکات دەبێت هەرێم بە داهاتى ناوخۆو داهاتەکانى دیکە پڕی بکاتەوە.

بەپێی زانیارییەکانى شارپرێس حکومەتى هەرێم دەیەوێت بەغدا ئەو بڕەی کە دیاریکردوە بۆ هەرێم زیاتری بکات بە جۆرێک لە ٦٠٠ ملیارەوە بۆ  ٦٥٠ یان ٧٠٠ ملیار زیادى بکات، بەڵام بەغدا رەتیکردوەتەوە لەو بڕە زیاتر بدات.

لەبەرامبەر سەر نەگرتنى ئەو داواکارییەى حکومەتى هەرێم داواى لەغدا کردوە کە مووچەى شەهیدان و ئەنفال و زیندانیانى سیاسى بدات، بەو پێیەى ئەوانە قوربانى دەستى تاوانەکانى حکومەتى عێراقن لەسەردەمى بەعسدا، بەڵام تائێستا وەڵامى ئەو داواکارییەیان نەدراوەتەوە.

بریارە لەم هەفتەیەدا شاندى حکومەتى هەرێم لەگەڵ سەرۆکى حکومەت مەسرور بارزانى کۆببنەوەو وردەکارى گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا تاوتوێ بکرێن دواتر بریارى کۆتایی لەبارەوە بدرێت، چونکە لەئێستادا بەغدا چاوەڕێی وەڵامى هەرێم دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى کۆتایی.

ئەگەر رێككەوتنەكەی هەرێم و بەغدا سەر بگرێت و بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوا کۆتایی بە دەستى نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و تورکیاى دۆستى لە دۆسییەى نەوتدا دێنێت و حکومەتەکەى مەسرور بارزانیش لە هەڵوەشانەوە دوور دەخاتەوە کە بەهۆى هەڕەشەى یەکێتى و لایەنەکان و هاوڵاتیان لەسەرى دروست بووە.

س.هـ