ئیدارەی خۆسەر لەسەر راسپاردەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تەلاری دادگای نێودەوڵەتی بۆ دادگاییكردنی چەكدارانی داعش ئامادە دەكات

کوردستان

02/07/2020‌ 979 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، "ئیدارەی خۆسەر" لە رۆژئاوای كوردستان لەسەر راسپاردەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش، پرۆسەی بنیادنانی هۆڵی "دادگای نێودەوڵەتی" بۆ دادگاییكردنی چەكدارانی داعشیان لە شاری قامیشلۆ  ئامادە كردووە.

روانگەی سوری بڵاویشیكردەوە، تەلاری دادگاكە بەپشتیوانی وڵاتانی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەتایبەتی فەرەنسا و ئەمەریكا درووستكراوە بۆ ئەوەش ماوەی دوو مانگ بۆ سی مانگ بۆ تەواوكردنی دانرابوو.

هەر پەیوەست بەو بابەتەوە، سەرچاوەكانی روانگەی سوری باسیان لەوە كردووە، كە دەیان چەكداری داعشی بەرەگەز سوری بەگوێرەی یاساكانی ئیدارەی خۆسەر و لەژێر چاودێری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دادگاییكراون،  ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، كە بەپێی بڕیاری داداگا، چەكدارانی داعش دەتوانن چاویان بە كەسوكاریان بكەوێت .

هەروەك بەپێی زانیارییەكان، هاوپەیمانان بەرنامەیان هەیە خۆیان چەكدارە بیانییەكانی ناو گرتووخانەكانی رۆژئاوای كوردستان دادگایی بكەن، بۆ ئەوەش دەیانەوێت دادگایەكی تر لە شاری حەسەكە و بەتایبەتیش لە گەرەكی غوەیران درووست بكەن .

لەسەرەتای مانگی ئایاری رابردوو، روانگەی سوری بڵاویكردەوە، هاوپەیمانی نیودەوڵەتی داوای كردووە تەلاری دادگایەكی نێودەوڵەتی لە سوریا بۆ دادگاییكردنی چەكدارانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دروست بكرێت، كە لە گرتووخانەكانی رۆژئاوای كوردستان زیندانی كراون.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی