شارپرێس:
هێشتا پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی بە
خەباتی چەکداریی نەکردبوو، لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی
ڕابردودا، وەک پارتێکی سیاسی پەیوەندی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان دروستکرد.
لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە،
پارتی و پەکەکە وەک دوو هێزی گەورەی گۆڕەپانی سیاسی لە باکور و باشوری کوردستان پەیوەندییەکانیان
بەرزی و نزمی و بڕێک جار ڕێککەوتن و زۆر جاریش ئاڵۆزییان تێکەوت.
سەرەڕای جیاوازی فیکری و سیاسی، ئەم دوو هێزە
بەردەوام ناکۆکی و ململانێکانیان خستوتە ئەستۆی یەکتری و هەر یەکەیان ئەوی دیکە بە
هۆکاری خراپی پەیوەندییەکانیان تۆمەتبار دەکەن.
لە ماوەی ٣٥ ساڵی ڕابردوودا چەندین ڕوداو لە
نێوان ئەم دوو هێزە کوردییەدا ڕویداوە و بەشێک لەو ڕوداوانە سەریان کێشاوە بۆ شەڕی
چەکداریی ڕاستەوخۆ، ئەوەش بووتە هۆی کوژرانی سەدان کەس لە هەردوو لا، کە هەموو
گەڕەکانی شەڕی نێوان ئەم دوو لایەنە بە قازانجی نەیاران و زیانی دۆزی کورد
شکاوەتەوە.
هەرچەندە ساڵی ١٩٨٣ ڕێکەوتنێک لە نێوان پارتی
و پەکەکە لە سوریا واژوکرا، بەڵام دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لە
دژی پەکەکە لە ساڵی ١٩٨٥، ئیدی پارتی کۆتایی بە ڕێککەتنەکەی نێوان خۆی پەکەکەی
هێنا و لەوێوە ململانێیەکی درێژ خایەن سەری هەڵدا و زۆر جاریش ئەو ململانێیە شەری
سەربازیی لێکەوتەوە.
لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی
فەرمی لە نێوان ئەم دوو هێزەدا نەکراوە و هەر چەند ساڵ جارێکیش گەڕێکی شەڕ لە
نێوانیاندا ڕویداوە، کە دیارترینیان شەڕێکی درێژخایەن بوو کە لە ١٩٩١ وە تاوەکو
١٩٩٧ی خایاند.
لە دوای هاتنی داعش بۆ عێراق و ڕۆژئاوا و
باشوری کوردستان، جارێکی دیکە گەڕێکی دیکەی ململانێکانی پارتی و پەکەکە
دەستیپێکردەوە و، پارتی سنوری نێوان باشور و ڕۆژئاوای داخست و خەندەقی لێدا و ئەو
دوو بەشەی کوردستانی لە یەکدی دابڕی، ئەوەش بەهۆی ئەو ناکۆکیانەی کە لە نێوان
پەیەدە و بەشێک لەو پارتە کوردیانەی ڕۆژئاوای کوردستان کە نزیکن لە پارتیەوە.
ئەوەش ناکۆکیەکانی زیاترکرد و بەشداری
پێشمەرگە لە شەڕی کۆبانێ و ئازادکردنی شنگال لە لایەن گەریلاکانی پەکەکەوە، نەیتوانی
ئەو خەندەقە پڕبکاتەوە کە لە نێوان ئەم دوو هێزەدا دروستبوو.
لە دوای ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بۆ سەر ناوچەی
هەفتانین و بەشێکی زۆری ناوچە سنوریەکانی هەرێمی کوردستان بە بیانوی بونی
گەریلاکانی پەکەکەوە لەو ناوچانە، جارێکی دیکە ناکۆکیەکانی نێوان پارتی و پەکەکە
سەریهەڵدایەوە، بەرپرسانی پارتی پێیانوایە بوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی
کوردستان زیان بە هەرێم دەگەیەنێت و داوا
دەکەن خاکی هەرێم جێ بێڵن.
لە بەرامبەریشدا بەشێک لە بەرپرسانی پەکەکە،
پارتی بەوە تۆمەتبار دەکەن کە لە ڕێگەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمەوە هاوکاری
هەواڵگریی تورکیا دەکات و کارئاسانی بۆ دەزگای سیخوری تورکیا دەکات بۆ بە
ئامانجگرتنی سەرکردەکانیان لە ڕێگەی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانەوە.
هێرشە توندەکانی پارتی و پەکەکە بۆ سەر
یەکتری و ڕوداوی تەقینەوەی بۆمبێک بە هێزەکانی پێشمەرگە لە چەمانکێ و ڕەوانەکردنی
هێزێکی زۆر لە لایەن پارتیەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە گەریلای لێیە، ترس و دڵەڕاوکێی
لای زۆرێک لە هاوڵاتیان و بەشێک لە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان دروستکردووە، ئەوەش
بەهۆی ئەوەی کە ئەم دوو هێزە لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا، چەندین ڕاگەیەندراویان
لە سەر ئاستی باڵا لە دژی یەکتر بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی ڕون بۆ دەستپێکردنی
گەڕێکی دیکەی شەڕ لە نێولان ئەم دوو لایەنەدا بەدیدەکرێت.