سه‌باره‌ت به‌ له‌سێداره‌دانی پـزیشکێک، سوید داوایه‌ك له‌ ئێران ده‌كات

جیهان

25/11/2020‌ 1044 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی سوید رایگه‌یاند، داوای لە هاوتا ئێرانیـیەکەی کردووە ئەحمەد ڕەزا جەلالی پـزیشکی سویدی ئێرانی لە سێدارە نەدەن کە بە سیخوڕی تۆمەتبارکراوە.

ئانن لیندە وەزیری دەرەوەی سوید له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی بڵاویكرده‌وه‌: "لەسەر ڕۆشنایی ئەو زانیاریـیانەی دەڵێن لەوانەیە ئێران سزای مەرگ بەسەر هاوڵاتی سویدی جەلالی جێبەجێ بکات، ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران کرد، سوید سەرزەنشتی سزای مەرگ دەکات و کاردەکات بۆ مسۆگەرکردنی ئەوەی ئەو سزایە بۆ جەلالی دەرچووە جێبەجێ نەکرێت".

حكومه‌تی ئێران، جەلالی تۆمەتبار دەکات بەوەی زانیاری بە مۆسادی ئیسرائیل داوە لە بارەی دوو شارەزای ناوکی ئێران کە دواتر کوژراون. بەڵام جەلالی ئەو تۆمەتە بە توندی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت بۆیە ئەو سزایەیان بۆ دەرکردووە چونکە ئامادە نەبووە لە ئەوروپا سیخوڕی بۆ تاران بکات.

ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی ئێران هۆشداری داوە لە مەترسی لەسێدارەدانی جەلالی، دەڵێت: ناوبراو کە لە زیندانی ئیڤینە (اوین) براوەتە ژوری تاکەکەسی و لەم نزیکانە بۆ زیندانی ڕەجائی شەهر دەبرێت هەتا لەوێ لەسێدارەبدرێت.

ڕێکخراوی ئەمنستی نێودەوڵەتی ئەویش ڕاگەیاندنێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت مەترسی هەیە جەلالی لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا لەسێدارەبدرێت.

دیانا ئەلتەحاوی جێگری بەڕێوەبەری ئۆفیسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکای ئەمنستی دەڵێت داوا لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەن دەستبەجێ بێنەدەنگ لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکانیانەوە لە تاران بۆ ڕزگارکردنی ژیانی جەلالی.