گرێکوێرەی گرێبەستی ٥٠ ساڵەی نێوان هەرێم‌و تورکیا بەرەو کرانەوە دەچێت

کوردستان

05/12/2020‌ 4291 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ماوەی چەند ڕۆژێکە گرێبەستی 50 ساڵەی نێوان حکومەتی هەرێم‌و تورکیا لەسەر هەرناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی تورکیاوە، جارێکی تر کەوتوەتەوە بەرباس‌و ١٥ی مانگی ڕابردوش بۆ یەکەمجار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم بەڕونی دانی نا بەوەدا کە ڕێککەوتنی 50 ساڵەیان لەگەڵ تورکیا واژۆکردوە.

هەرچەندە بەپێی یاسای ژمارە ٢٢ی ساڵی ٢٠٠٧ کە بەیاسای نەوت‌و گاز ناسراوە، پێویستە حکومەتی هەرێم شەفافیەتی تەواو لەگرێبەستە نەوتیەکانیدا ڕەچاوبکات، بەڵام بەهۆی نەبونی زانیاری پێویست‌و ناڕونی لەبارەی پرۆسەی دەرهێنان‌و فرۆشتن‌و داهاتی نەوتی هەرێم‌و گرێبەستە نەوتییەکان، چاودێران‌و بەرپرسانی حکومەت‌و تەنانەت پەرلەمانیش، ئاگاداری وردەکاری بەشێکی زۆر لەگرێبەستەکان نین‌و دەشڵێن تائێستا جگە لەنێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم‌و ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوی سامانە سروشتیەکان، هیچ کەسێک ئاگاداری وردەکاری گرێبەستی 50 ساڵی نییە.

ساڵی ٢٠١٣ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم‌و ئاشتی هەورامی وەزیری سامانە سروشتیەکان، گرێبەستێکی 50 ساڵییان لەبارەی نەوتی هەرێمەوە لەگەڵ تورکیا واژۆکرد، بەڵام تائێستا وردەکاری ئەو گرێبەستە ڕون نییە.

سەرەڕای ناڕونی وردەکارییەکانی گرێبەستەکە، بەڵام شارپرێس لەسەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتی، بەشێک لەگرێبەستە 50 ساڵییەکە ئەمنیەو پەیوەستە بەدۆسییەی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە (په‌كه‌كه‌)وه‌.

لەچەند ساڵی ڕابردودا بەشێک لەپەرلەمانتاران چەندجارێک داوای ئاشکراکردنی وردەکاری گرێبەستەکەیان لەحکومەتی هەرێم‌و وەزارەتی سامانە سروشتیەکان کردوە، بەڵام وەک خۆیان باسی لێوەدەکەن، تائێستا هیچ لایەنێک ئامادەنییە وردەکاریی گرێبەستەکە ئاشکرابکات.

چەند ڕۆژێکیشە گرێبەستی 50 ساڵەی نەوت کەوتوەتەوە بەرباسی بەشێکی زۆر لەبەرپرسان‌و پەرلەمانتارانی کوردستان‌و تەنانەت عێراقیش، ئەو پەرلەمانتارانە داوادەکەن، لەمە زیاتر وردەکاری گرێبەستەکە نەشاردرێتەوەو بۆ ڕای گشتی ئاشکرابکرێت.

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ٣٢ پەرلەمانتاری کوردستان لەیاداشتێکدا داوایانکرد حکومەتی هەرێم بێتە پەرلەمان‌و ڕونکردوە لەبارەی گرێبەستەکەوە بدات.

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی لەدیدارێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حزبەکەی ئاگاداری ناوەڕۆکی رێککەوتنی 50 ساڵەی نەوت نییە لەگەڵ تورکیا، هەریەکە لەبزوتنەوەی گۆڕان‌و یەکگرتوو کۆمەڵی ئیسلامی‌و حزبەکانی دیکەش پیشتر ڕەخنەیان لەو ڕێککەوتنە هەبوەو باسیان لەوەکردوە کە ئاگاداری وردەکارییەکەی نین.

بەڵام ئومێد خۆشناو سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان، باس لەوەدەکات، مەکتەبی سیاسی‌و سکرتێری حزبەکان لەڕێگەی ئەنجومەنی نەوت‌و گازەوە ئاگاداری وردەکاری گرێبەستەکەن‌و با چیتر خەڵک چەواشە نەکەن.

هاوکات ڕێباز حەملان یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ کاروباری وەبەرهێنان‌و وەزیری پێشوی دارایی‌و ئابوری حکومەتی هەرێم، لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، "هەموو هێزە سیاسییەکان ئاگاداری وردەکاری گرێبەستەکەن‌و ئەوەی بڵێت ئاگادارنیم ڕاستناکات".

لەلایەکی دیکەشەوە هۆشیار عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، بەفەرمیی داوایان لەوەزارەتی نەوتیی عێراق کردوە دەستوەردان بکات لەگرێبەستی نەوتی 50 ساڵەی هەرێم.

لێدوان‌و قسە دژ بەیەکەکانی بەرپرسان لەبارەی گرێبەستەکەوە لەکاتێکدایە، هەرێمی کوردستان بەقەیرانێکی ئابوری خراپدا تێدەپەڕێت‌و هەردوو حکومەتی هەرێم‌و عێراق نەیانتوانیوە بگەنە ڕێکەوتنی کۆتایی لەبارەی ڕادەستکردنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەشێک لەبەرپرسان‌و پەرلەمانتارانیش گرێبەستی 50 ساڵەی نەوت لەگەڵ تورکیا، بەهۆکارێکی سەرەکی چارەسەرنەبونی کیشەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا دەزانن.