شارپرێس:
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی "ئەکسیۆس"ی ئهمریكی، دوای لێدوانەکانی هەفتەی رابردوی ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بەوەی دەیانەوێت پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل بەرەو باشتر ببەن، حکومەتی ئیسرائیل بڕیاریداوە لەڕێگای کەناڵی نهێنییەوە پەیوەندی نافەرمی لەگەڵ تورکیا دروستبکەنو هەوڵبدەن لەڕاستگۆیی نیازەکانی تورکیا بەرامبەر بەتەلئەبیب دڵنیاببنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێشتا حکومەتی ئیسرائیل لەچۆنێتی خوێندنەوەی ئەو ئاماژانەی لەتورکیا دێن بەمەبەستی ئاساییکردنەوەو باشکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنكەرەو تەلئەبیب دڵنیانییە، بەڵام لەدوای لێدوانەکانی ئەردۆغان، گابی ئەشکەنازی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بڕیاریداوە لەبارەگای وەزارەتی دەرەوە کۆبونەوەیەک بۆ گەورە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەو نوسینگەی سەرۆک وەزیرانو دەزگای هەواڵگری "موساد" لەسەر ئەو بابەتە سازبکات، کە کۆبونەکەش ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوە.
بەرپرسانی ئیسرائیلی، ئەوانەی ئاگاداری کۆبونەوەکەبون دەڵێن وەزیری دەرەوە ڕایگەیاندوە، لەڕێگای چەند کەناڵێکی جیاوازەوە دەستیانکردوە بەناردنی ئاماژەی هەستیارو بێدەنگ بۆ تورکەکان، لەپێناو دڵنیابونەوە لەڕادەی ڕاستگۆیی ئەردۆغان لەباشکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تەلئەبیب.
ئەو بەرپرسانەی ئیسرائیل وتویانە حکومەتی ئیسرائیل هیچ کاردانەوەیەکی فەرمیو ئاشکرای لەسەر لێدوانەکانی ئەردۆغان دەرنەبڕیوە، بەڵکو دەیەوێت بەنهێنی لەگەڵ حکومەتی تورکیا لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ بکات.
بەشێک لەبەرپرسانی ئیسرائیلی دەڵێن، "زمانی نوێی ئەردۆغان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بەدەستبەکاربونی جۆ بایدن لەپۆستی سەرۆکایەتیی ئهمریكا، لەبەرئەوەی سەرۆکی تورکیا نیگەرانە لەسەرۆکی تازەی ئهمریكا لەماوەی ڕابردودا ئەردۆغانی بەستەمکار وەسفکردبوو".
جەختیشیکردبۆوە، "ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئهمریكا ئەوە هەڵوێستێکی توند بەرامبەر بەتورکیا دەگرێتەبەر، هەربۆیە ئێستا تورکەکان وادەزانن گەرمکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ڕەنگە یارمەتیدەربێت لەدروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی نوێی واشنتۆن".
ئیسرائیلییەکان وتویانە، لەنزیکبونەوەیان لەتورکیا زۆر بەئاگاییەوە مامەڵە دەکەن، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی گومانیان لەنیازە ڕاستەقینەکانی ئەردۆغان هەیە، جەختیشیانکردۆتەوە، "لەهەموو حاڵەتێکدا ئەگەر ئیسرائیل پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا باشبکاتەوە، ئەوە نابێت ئەو هەنگاوە لەسەر حسابی زیانگەیاندن بێت بەپەیوەندییەکانیان لەگەڵ یۆنانو قوبرس".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی