شارپرێس:
چیچهك كۆبانى ئهو كچه شهڕڤانهى لهڕۆژئاواى كوردستان بهبریندارى كهوته دهست گروپه توندڕهوهكانى توركیا لهسوریا ئێستا لهزیندانێكدایه كه بهوتهى دایكى، سێ قات لەژێر زەویدایە، دهشڵێت:"توركیا ڕێگهى پێدام تهنها پێنج خولهك كچهكهم ببینم".
دوای ئەوەی چیچەک کۆبانێ لەڕۆژی 21ی تشرینی یەکەمی 2019 لەگوندی مشێرفە لەعەین عیسا لەکاتی ئۆپەراسیۆنێكى سوپای تورکیا بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەبرینداری کەوته دەستی گروپە توندڕەوە سورییەکانی لایەنگری تورکیاو دواتر لەلایەن تورکیاوە بەزیندانی هەتاهەتایی سزادرا، ئاژانسی "شەمس نیوز" نوێترین وێنەی ئەو کچە شەڕڤانەی لەزیندانەکانی تورکیا بڵاوکردەوە.
وەحیدە عوسمان دایکی چیچەک کۆبانێ بەئاژانسەکەی وتوە، کچەکەی لەزیندانێکدا بەندکراوە کە سێ قات لەژێر زەویدایە.
باسی لەوەشکردوە، کاتێک بۆ یەکەمجار دوای دەستگیرکردنی کچەکەی بینیوە، دۆخی زۆر خراپ بوەو دەسەڵاتدارانی تورکیاش ڕیگەیانپێداوە تەنها ماوەی پێنج خولەک کچەکەی ببینێت.
وهحیده ئاماژهى بهوهشكردوه، کاتێک ئامادەی دادگاییکردنی کچەکەی بووە، چیچەک لەسەر کورسییەکی جوڵاو بووە، لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵە ئەوی نەبینیوە، بەڵام دەسەڵاتدارانی تورکیا تەنها ڕێگەیانپێداوە ماوەی پێنج خولەک چیچەک ببینێت.
وتویهتى:"چیچەک لەگرتوخانەی "حەلوان" لەسەر ڕێگای ئامهد لەنزیک ئورفا زیندانیکراوەو پێیوتوە کە مامەڵەی خراپی لەگەڵدا کراوەو ئازارو ئەشکەنجەدراوە".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی