عەبدولستار مەجید نیگەرانى لەسەر بڕیارەکەى دادگای تەمیز سەبارەت بە سزادراوانى بادینان دەگەیەنێتە ئەمریکا

کوردستان

04/05/2021‌ 190 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵ لە پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیاری (زۆرینە)ـی دادگای تەمیزی هەولێر بە پەسەندکردنی ئەو سزا ناعادیلانەیەی بەسەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان درابوو، سەلماندی کە دادگا و یاسا دژ بە خەڵکی بێ پشت و پەنا و پاڵپشت و پاسەوانی دەسەڵاتدارانە.

عەبدولستار مەجید سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵ لە پەڕەى خۆى لە فەیسبووک بڵاوکردەوە" هیچ شتێک لەوە خەتەرتر نیە کە دادگا و دادوەر و یاساکان ببنە پاشکۆی دەسەڵاتداران و بە حەز و ویست و خواستی ئەوان بڕیار بدا و عەدالەت پشتگوێ بخات، ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر ئەو خەڵکە سزادراوەی بادینان ئەنجامدرا، متمانەی خەڵکی بە دادگا و یاسا لەقتر کرد و هەنگاوێکی تر لە سەرکوتی کۆمەڵگە نزیکبووینەوە" .

ئاماژەى بەوەشکردوە، سبەینێ لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شاری هەولێر دیدار و کۆبوونەوەیەکی هەیەو بەوتەى خۆی ئەم زوڵم و ناحەقییەی دەرحەق بەو سزادراوانە و خەڵکی دیکەش دەکرێت دەگەیەنێت، دەشڵێت، دەبێت دونیا بزانێت کە چۆن دەسەڵاتێکی پۆلیسی بەناوی دادگا و یاساوە خەریکە کۆمەڵگە دەکاتە زیندان.

ئەمڕۆ سێ شەممە دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەیە کە دادگای تەمیز بریاری دادگای هەولێری سەبارەت بە سزادراوانى بادینان پەسند کردوە کە سێ دادوەری پارتى بوون لە ئەنجومەنەکە پەسندیان کردوەو دوو دادوەرەکەى یەکێتیش رەتیانکردوەتەوە.