توركیا هێرشى فراوان ده‌كاته‌سه‌ر قه‌ندیل

کوردستان

24/05/2021‌ 5994 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەك تەواوكارییەك بۆ پڕۆسە سەربازییەكانی مانگی ڕابردوو (چڕنوكی هەڵۆو هەورە بروسكە) لەهەردوو چیای مەتین‌و ئاڤاشین، توركیا بەنیازی ئەنجامدانی پڕۆسەیەكی سەربازی دیكەیە بۆ سەر قەندیل كە ئەنكەرە بەگرنگترین پێگەی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌)ی دەزانێت.


توركیا ڕایگه‌یاندوه‌، پڕۆسەكە بەكتوپڕی ئەنجامدەدەن، سەرەتا ڕێگە بۆ هێرشەكە خۆشدەكەن‌و دواتر هێرشێكی كتوپڕی زەمینی‌و ئاسمانی دەستپێدەكەن.

ناوەندە چاودێرەكان پێشبینی ئەوەدەكەن، پێش ئەنجامدانی ئەو كردە سەربازییە، ئەنكەرە لەئاستێكی باڵادا هەماهەنگی لەگەڵ عێراق‌و ئێران‌و ئەمریكا بكات‌و سودیش لەهاوكارییەكانی پەیمانی ناتۆ وەربگرێت.

له‌و ڕوه‌وه‌ تەها عودە ئۆغڵۆ شارەزا لەكاروباری توركیاو پەیوەندییە نیودەوڵەتییەكان باس لەو پڕۆسە سەربازیە چاوەڕوانكراوەی توركیا دژ بەپارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) دەكات‌و دەڵێت:"پڕۆسە سەربازییەكە چەند مانگێكە ئامادەسازیی بۆ دەكرێت‌و هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستانیش لەو هێرشە چاوەڕوانكراوەدا هاریكاری توركیا دەكەن".

ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیاش دوو ڕۆژ پێش ئێستا لەلێدوانێكیدا باسی لەو هێرشە ساربازییە كردووەو چاودێرە سەربازییەكانیش قسەكانی ئەردۆغان والێكدەدەنەوە كە مەبەستی هێرشكردنەسەر قەندیلە.

ئۆغلۆ ئاماژەى به‌وه‌شكردوه‌، هێرشەكەی ئەمجارەی توركیا بۆ سەر پەكەكە وەك جارانی پێشوو نابێت، چونكە ئامادەسازییەكی باشی بۆكراوەو سوپای توركیاش چەكی تازەی تێدا بەكاردێنێت.

شارەزاكه‌ى كاروباری توركیاو پەیوەندییە نیودەوڵەتییەكان جەختی لەوەشكردۆتەوە، ئەگەری بەریەككەوتنی توركیاو پەكەكە لەماوەی ئایندە لەهەموو كاتێكی دیكە زیاترەو شەڕەكەشیان سەخت‌و دژوار دەبێت‌و توركیا نیازی وایە ئەو پرسە كۆتایی پێبێنێت.

ئۆغلۆ ئەوەشی وتوه‌، "ململانێی نێوان توركیاو پەكەكە لەڕووی چۆنێتی‌و چەندێتییەوە دەچێتە قۆناغێكی تازەوە، لەسایەی ئاڵۆزی ڕەوشی هەرێمی‌و نێودەوڵەتیشدا ناكرێت پێشبینی سەركەوتنی هیچ لایەكیان بكرێت".

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ یوسف سەعید ئۆغڵو ڕۆژنامەنووس لەلێدوانێكیدا لەوبارەوە باسى له‌وه‌كردوه‌، "ڕووبەڕووبوونەوەی ئەمجارەی توركیاو پەكەكە ئاسان نابێت، گەریلاكانی پەكەكەو لایەنگرەكانیان لەناو توركیا سەركردەكانی قەندیل بەسیمبولی باڵای خۆیان دەزانن، بۆیە بەئاسانی دەستبەرداری قەندیل نابن، وێڕای ئەوەی سروشتی جوگرافی ناوچەكە سەختەو پەكەكەش باش خۆی بۆ ئەو شەڕە چاوەڕوانكراوە ئامادەكردووە".

ڕۆژنامەنووسه‌كه‌ دەشڵێت:"بەشێكی دیكەی ئەو پرسە پەیوەستە بەئەمریكاو وڵاتانی ڕۆژئاوا كە ناڕاستەوخۆ پشتیوانی لەپەكەكە دەكەن، جاروبار ئێرانیش پشتیوانیان دەكات، بۆیە ئەنكەرە هەم لەڕووی سەربازیی‌و هەم لەڕووی دبلۆماسییەوە ئەركەكەی قورس‌و گران دەبێت، ئەنجامی شەڕەكەش كاریگەری زۆر دەبێت بۆ سەر  ناوچەكە؛ ئەگەر توركیا سەركەوتووبێت لێدانێكی كوشندە بەر پەكەكە دەكەوێت، ئەگەر پەكەكەش سەركەوتوبێت لەبەرگریكردن لەقەندیل لەڕووی مەعنەوییەوە سەركەوتنێكی گەورە تۆماردەكات".

بەگوێرەی لێدوانەكانی ئەردۆغان‌و وەزیری بەرگری توركیا خوڵوسی ئاكار، هێرشە سەربازییەكە تەواوكەری كردە سەربازییەكانی ئێستای سەر ناوچەكانی (ئاكرێ، زاخۆ، مەتین، ئاڤاشین، باسیان، كیستەو زاب)ە لەباكوری زاخۆو ڕۆژهەڵاتی هەولێر له‌هه‌رێمى كوردستان.

بەگوێرەی قسەكانی وەزیری بەرگری توركیا، ئێران هاریكاری پەكەكە دەكات، بۆیە زۆر گرنگە بۆ ئەنكەر پێشوەختە پشتیوانی ئێران بۆ هێرشە سەربازییە چاوەڕوانكراوەكەی توركیا مسۆگەر بكات.

سەرچاوە: العربی الجدید