دەستگیرکراوانی بادینان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئەمریکاو بەریتانیا سزای توند دەدرێن

کوردستان

22/06/2021‌ 2126 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمەی دەیبینن کەسوکاری ژمارەیەک دەستگیرکراوی بادینانە کە چونەتە پەرلەمان و لەگەڵ ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکان کۆبونەتەوەو داوایان کردوە دادگایی کردنی کەسوکارەکانیان بە یاسایی و بەرێوشوێنی دور لە دەستوەردان بەڕێوە بچێت، باشە ئەم داوایەیان بۆچی کرد مەگەر دادگا و دەسەڵاتی دادوەری بە تەمای چییە وا ئەمان ئەو داوایە دەکەن؟

بە پێی قسەی کەسوکارەکەیان دادگە بە تۆمەتی سیخوری کردن بۆ هەردو وڵاتی ئەمریکاو بەریتانیاو پشتیوانی لە موستەفا کازمیی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت سزای ئەو کەسانە بدات کە زیاتر لە دەمانگە دەستگیرکراون... سەیرە، پشتیوانی کردن لە سەرۆکوەزیرانی وڵاتێك کە تۆ بەشیک بیت لەو ولاتە بۆ ئەبێ تاوان بێت؟

باشە دەبێت ئەمریکاو بەریتانیا وەک دوو زلهێزترین ولاتی دونیاو لەملاشەوە کازمیی سەرۆکوەزیران چییان لەم هەرێمە بوێت وا سیخوریان بۆ داناوەو سات بە سات ئاگایان لە جوڵەکانی ئێمەیە لەم هەرێمە؟

خۆڕێشی تێدە چێت کازمیەک کە سەرۆک وەزیرانی عێراقێکی هەڵوەشاوە ولەیەکترازاوە و هەرپارچەی بە دەست گروپێکەوەیە بیەوێت بەرنامەی کاری حکومەتی هەرێم بدزێت و وڵاتەکەی پێ تۆکمە بکاتەوە.

 ئەو تاوانەی کە دراوەتە پاڵ ئەو دەسگیرکراوانە پشتیوانی کازمییەکە کە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی هێزەکانی دەسەلات خواخوایانە بتوانن تەنها وێنەیەکی لەگەڵ بگرن یان لە مەجلیسێکی جەنابی سەرۆکوەزیراندا ئامادەبن.

باشە ئەوە کازمیی وتمان تا رادەیەک ڕێی تێدەچیت بەڵام ئەمریکاو بەریتانیا بۆچی دەبێت سیخوریان هەبێت لە ناو دهۆکدا لە کاتێکدا بەرپرسانی باڵای وڵات ڕۆژانە بە بێ ئەوان کورد وتەنی دەست ناکەن بە ئاویشدا؟

تۆ بڵیی ئەمریکاو بەریتانیا هێندە نمەک حەرام بن کوری خەڵکییان بۆ سیخوریکردن بەسەر حکومەتی کوردستانەوە بەکار هێنابێت و ئێستا کە دەزانن باریان لارە گوێی خۆیان لێ دەخەوێنن و بەرگرییان لێناکەن؟

نا، لەوەناچێت ئەوە بێت، پێدەچیت لە ترسی ئەوەی کورد لێیان توڕە نەبێت هیچ نەڵێن، ئاخر ئێمە کاتێک ڕیفراندۆممان کرد با ئاشکرا وتمان حساب بۆ یەک کەس ناکەین و هەر واشبو نەمانکرد و رێفراندۆمەکەمان کرد.

ئێستا هەموان چاوەرێی ٥ی تەموزین بزانین کازمی و ئەمریکاو بەریتانیا نوێنەری خۆیان دەنێرن بۆ دادگایی کردنەکەو شاهیدی دەدەن کە بەلێ ئەوانە ئیشیان بۆ ئەوان کردوە، یان نەخێر لە غیابی ئەوانیشدا دادگا هەر بڕیاری خۆی دەدات و بە تاوانی سیخوڕی ئەوانیش توندی زیندانێکی چەند ساڵە دەکات؟