سیمبولی خیانەتی نیشتمانی کێیە؟
ئەی میرابۆ لە جیهاندا سیبولی خیانەتە نەک فەرەنسا و گەلەکەی

ڕاپۆرت

24/06/2021‌ 2467 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لە سەدەی حەڤدە و دروست ساڵی ١٧٨٩ لە سەردەمی لویسی چواردەیەم شۆڕشی فەرەنسیی گەیشتبووە لوتکە، شەقامەکانی پاریس بە دەنگی کۆنت میرابۆ خرۆشابوون، میرابۆ ڕۆڵی هەبوو لە داڕشتنەوەی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ لە سەردەمی شۆڕش.

 ئەو بە وتارە ئاگرینەکانی گەلی فەرەنسای دەجوڵاند و هانی دەدان، قەڵای باستیل و تەختی بنەماڵەی لویسی دەهەژاند، بەهۆی وتەکانییەوە دەنگی چەکەکان دەهات و خوێنێکی زۆر لە پاریس ڕژێنرا، هەر میرابۆ بوو توانی گەلی فەرەنسا تا سبەی بووەستێنێت.

ئەم یاریکردنە بە کات و دواخستنی چونە ناوەوەی شۆڕشگێڕان بۆ ناو قەڵای باستیل وەها لویس و ماریای شاژنی بێ باک کردبوو، کە بەوپەری غرورەوە شاژن دەیوت، ئەم شۆرشە بۆ چییە؟ ئەگەر نانیان نیە با بڕۆن پسکیت بخۆن.

لە نیسانی ١٧٩١ دەنگی دلێری شۆرشی فەرەنسی کە میرابۆ بوو کپ کرا، پاریس ماتەمێکی گێڕا کە لەو سەردەمەدا بێ وێنەبوو.

هەمووان دەیانگوت بەبێ میرابۆ چی بکەین؟ کەچی شۆڕشی گەلی فەرەنسا بەبێ میرابۆش سەرکەوت و دواتریش ئەو بەڵگەنامانەی دەست شۆرشگێڕان کەوتن، سەلماندیان کە کۆنت میرابۆ نەک هەر دەنگی ڕاستەقینەی شۆڕش نەبووە، بەڵکو گەورەترین ناپاکی مێژوی فەرەنسابوو، چونکە لە ڕێگەی یاریکردن بە کاتەوە ڕێگریی کردووە لە وەرگرتنی مافی ڕەوای گەلەکەی و دوای خستن لە سەرخستنی شۆڕشەکەیان.

دەریشکەوت ئەم کارەی تەنیا لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارەدا کردووە.کەچی گەلی فەرەنسا هەرگیز نەیانوت ئاخ فەرەنسا و پارە و خیانەت، بەڵکو وتیان کەسێک ناتوانێت خوێنی هەموو فەرەنسییەکان پیس بکات.

دواتریش گۆڕی میرابۆیان لە گۆڕستانی شۆڕشگێڕان دەرهێنا و سوتاندیان، ئێستا میرابۆ لە جیهاندا سیبولی خیانەتە نەک فەرەنسا و گەلەکەی.