بەغدا لەلێوارى هەرەسدایەو حکومەتێکی جێگرەوە لەدەرەوەى عێراق پێکهێنراوە

عیراق

18/07/2021‌ 8601 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی هەموو پێوەرو لێکدانەوەکان عێراق لەلێواری قەیرانێکی نوێ‌و لەبەردەم تونێلێکی تاریکدایە کە ئەگەرێکی زۆر هەیە بیگێڕیتەوە بۆ سەرەتای هاوکێشەکان‌و لەخاڵی  سفردا خۆی ببینێتەوە.


لەماوەی رابردودا ڕوداوگەلێک لەعێراق‌و ناوچەکەو جیهان ڕویانداوە کە ناکرێت وەک ڕوداوی ئاسایی تەماشا بکرێن‌و لێدانەوەی وردیان بۆ نەکرێت.

سیناریۆى جۆراوجۆر هەیە بۆ دۆخى عێراق لەئایندەدا بۆ گۆڕانکاریی، جا ئەو گۆڕانکارییە پێش هەڵبژاردن بێت یاخود دواى ئەو ماوەیە بەکاتێکى کەم، هیچ لەدۆخەکە ناگۆڕێت لەچارەنوسی وڵات.

بەپێی لێکدانەوەکانی چاودێران‌و شارەزایانی دۆخی عێراق چەندین پەرەسەندنى گرنگ بەڕێوەیە کە وادەکات  لەمیانى ئەو ڕوداوانەى ڕودەدەن گۆڕانى خێرا بەڕێوەبێت‌و سەرجەم نەخشەى سیاسى لەناوچەکەدا پێچەوانە ببێتەوە. 

‏‎هەواڵێکى دزە پێکراو لەناوچەى سەوزەوە هەیە کە باڵیۆزى بەریتانیا مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانی لەوە ئاگادارکردۆتەوە کە دۆخى بەغدا لەلێوارى هەرەسدایەو حکومەتێکی جێگرەوە لەدەرەوەى عێراق پێکهێنراوە، ئەوەى تێبینى دەکرێ میلشیاکان بۆنى هەوڵەکەیان کردوەو دەیانەوێ دەستبەسەر بەغدادا بگرن وەک هەنگاوێکى لەپێشینە، جموجوڵەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوی گروپە میلیشیاکان ڕەنگە ئاماژەبێت بۆ ئەو هەوڵە.

کشانەوەى ئەمریکا لەئەفغانستان‌و گەڕانەوەى دەسەڵاتى تاڵیبان لەو وڵاتەدا بەشێوەیەکى لەسەرخۆو دیراسەکراو،  کە پێدەچێ پێشتر ڕێککەوتنى لەبارەوە کرابێت، ئامانجەکەش بریتیە لەئێران، ئەمەش عێراقیەکانی دوردۆنگ کردوە لەوەی هەمان چارەنوسی ئەفغانستانیان هەبێت‌و بکەونەوە ژێر دەستی گروپە چەکدارەکان‌و وڵات دیسانەوە بگەڕێتەوە خاڵی سفر.

هاتنى هێزى ئەمریکاو بەریتانیا بۆ بنکە نوێیەکان لەئوردن‌و گواستنەوەى بارەگاى سەرکردایەتى ناوەندى ئەمریکا لەبنکەى قەتەر بۆ بنکەکانی ئوردون یەکێکی تر لەو گۆڕانکاریانەیە کە ناوچەکەی خستۆتە بەردەم پێشهاتێکی نوێ‌و پێدەچێت زەرەرمەندی یەکەم لەم هەوڵە عێراق بێت.

ئاماژەى مەترسیدارو گرنگتر لەهەموو ئەمانەى پێشوو، بەجێهێشتنى کۆمپانیا نەوتیە زەبەلاحەکانە لەعێراق‌و ڕاگرتنی کارەکانیانە بەبیانوى نەبوونى ژینگەیەکى ئارامى  وەبەرهێنان لەو وڵاتدا، لەئێستادا کۆمپانیاکانی پترۆلیۆمى بەریتانى‌و لۆک ئۆیڵى ڕوسى‌و ئیکسۆن موبیلى ئەمریکی لەعێراق کشاونەتەوەو ئەمەش بەپشێهاتێکی مەترسیدار بۆ سەر داهاتوی وڵات تەماشا دەکرێت.

چاودێران لەژێر ڕۆشنایی هەموو ئەو گۆڕانکاریانەدا شیکارى بابەتەکە بەشێوەیەک دەکەن کە پێیانوایە عێراق دەچێتە قۆناغى جەنگ یاخود ئاژاوەیەکى ئەمنى گەورەوە.

بەر لەهەموو جەنگێک کۆمپانیا گەورەکان دەکشێنەوە لەپێناو پاراستنى گیانى فەرمانبەرکانیان‌و پاراستی دارایی‌و بەرژەوەندیە ئابوریەکانیاندا، کۆمپانیاکانیش پەیوەندییان بەحکومەتەکانیانەوە هەیەو بەگوێرەى ڕێنماییە ئەمنیەکان کاردەکەن، ئەمەش بەقسەی چاودێران ئاماژەی تێکچونی دۆخەکە نیشاندەدات.

ژمارەیەکى زۆر لەسەرکردە سیاسیەکانى عێراق پێشبینى کۆتایىهاتنى خۆیان کردوەو دەیانەوێ پاساو بۆ شکستەکانیان بهێننەوەو لایەنە سیاسیەکانى دیکە تۆمەتباربکەن سەبارەت بەو گەندەڵى‌و دزى‌و وێرانکاریەى لەماوەى ئەم 18 ساڵەدا ڕویانداوە، هەوڵى ئەوەشدەدەن وێنەى خۆیان لاى بنکە جەماوەریەکەیان بەباشى نیشانبدەن، ڕەنگە کشانەوەی سەدر لەهەڵبژاردنەکان باشترین ئاماژەبێت بۆ ئەو هەوڵەی بەرپرسانی عێراق.

هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر بنکە سەربازیەکانى ئەمریکاو باڵیۆزخانەو كونسوڵخانەکان لەهەولێرو پەرەپێدانى ئەوکارانە لەڕێگەى بەکارهێنانى درۆن، ئەمەش بەخاڵى وەرچەرخان‌و دەژمێردرێت لەسروشتى ڕوبەڕوبونەوەدا لەلایەن گروپە چەکدارەکان کە بەهەمانشێوە لەوانەیە ئاماژەی گۆڕانکاری هاوكێشەکان بێت، لەلایەکی تریشەوە نەگەیشتن بەهیچ ڕێککەوتنێک، بەتایبەتى گفتوگۆ ئەتۆمیەکان لەڤیەنناو خولانەوەى ئەو گفتوگۆیانە لەجێگاى خۆیاندا بەبێ هیچ جۆرە پێشکەوتنێک کە جێگەى باسکردن بێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ هاتنى سەرکردایەتیەکى توندڕەو لەهەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمدوایەى ئێراندا کە پێدەچێت کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر عێراق دابنێت وەک وڵاتێک کە هەژمونی ڕاستەوخۆی بەسەریەوە هەیە.

ڕێککەوتنە سێ قۆڵیەکەی میسرو ئوردن‌و عێراق کە بەشامى نوێ دەناسرێت، ئەمەش بەئەندازیارى بەریتانیاو پاڵپشتى‌و سەرپەرشتى ئەمریکا بوە، لەپێناو چارەسەکردنى هاوسەنگى هێزە هەرێمایەتیەکان لەناوچەکە هاتۆتە بوون، کە عێراقی خستۆتە بەردەم دۆخێکی یەکلاکەرەوە لەنێوان دوو جەمسەری تەواو پێچەوانەدا.

سەرەڕاى هەموو ئەمانەش، بەرزبونەوەى نرخى نەوت بەشێوەیەکى جێگیرو ڕۆژانە ئاماژەیە بۆ ڕودانى گۆڕانکارى سیاسى‌و جیۆسیاسى لەناوچەکەدا.

هەموو ئەو نیشاندەرو ئاماژانە، بەبڕبڕەپشتى پەیکەرى سیاسەتى دەرەوە لەپەیوەندییە نێو دەوڵەتیەکان دادەنرێن.. شارەزایان وایدەبینن گۆڕانکارى گەورە سەرجەم ناوچەکە دەگرێتەوە؛ ڕەنگدانەوەشى لەسەر عێراق‌و ئێران دەبێت‌و پاشان درێژدەبێتەوە بۆ لوبنان‌و سوریاو یەمەن.. 

هەموو ئەو ئاماژانە دەرخەری ئەو ڕاستیەن عێراق لەبەردەم چارەنوسێکدایە کە پێدەچێت لەهاوکێشەکەدا جارێکی تر بگەڕێتەوە خاڵی سفر.

بەپەلە