شارپرێس:
رافائێل نادالی ئیسپانی یاریزانی تێنسی سەر
زەوی رەخنە لە نۆڤاك دیۆكۆڤیچی سربی هاوپیشەی خۆی دەگرێت و دەڵێت، "تۆ
نمونەی بۆ منداڵان، نابێت هەڵەشە بیت".
لە نیوەی كۆتایی ركابەرییەكانی ئۆڵۆمپیادی
تۆكیۆی 2020 بۆ تێنسی سەر زەوی، دیۆكۆڤیچ بەرامبەر ئەلیكسەندەر زیفیریفی ئەڵمانی شكستی هێنا، پاشان
بۆ دیاریكردنی سێیەم و چوارەم پأڵەوان، جارێكی تر بەرامبەر پابڵۆ كارینیۆ شكستی
هێنایەوە.
لە یارییەكەی بەرامبەر كارینیۆ، دیۆكۆڤیچ
رەفتارێكی نائەخلاقییانەی نواند، لێدەرەكەی دەستی بۆ شوێنی هاندەران هەڵدا و ئەگەر
كەسێك لەو شوێنە بووایە بێگومان ئازاری پێدەگەیشت، بەڵام خۆشبەختانە زۆربەی
كورسییەكان چۆڵ بوون.
لە لێدوانێكدا كە رۆژنامەی ماركای ئیسپانی
گواستویەتییەوە نادال دەڵێت، خۆشبەختانە هیچ كەسێك لەو شوێنە نەبوو و هیچ شتێكی تر
رووینەدا، ئەمە جاری یەكەم نییە ئەم رەفتارانە رووبدەن، پێویستە لەم شێوازە هەڵەشەییە دوربكەویتەوە.
هەروەها وتی، دیۆكۆڤیچ یەكەمی جیهانە بۆ تێنسی
سەر زەوی، ناكرێت بەم شێوەیە كاردانەوەی هەبێت و توڕە ببێت، چونكە ئەو نمونەی
منداڵانە و چەندین هەزار منداڵ لە هەموو جیهان چاو لە رەفتارەكانی ئەو دەكەن.
رەنج رەسول