شارپرێس:
ئیدارەى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى شنگال زانیاریه‌ك له‌باره‌ى ڕێگریه‌كانى دوێنێ له‌به‌رپرسانى پارتى بۆ ئه‌و قه‌زایه ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "هەوڵەکانی دوێنێی پارتى بۆ بانگه‌شه نه‌بوه، بەڵکو هه‌وڵیداوه له‌و ڕێگه‌یه‌وه بارەگاکانی بکاتەوە"، جه‌ختیشده‌كاته‌وه، "هەرگیز ڕێگەنادەین پارتى بەبێ ڕێککەوتن بگه‌ڕێته‌وه شنگال".
له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانیدا، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی شنگال ئاشكرایكرد، "پارتى دەیەوێت هێزەکانی بەبیانوی بانگه‌شه‌ى هەڵبژاردن بگه‌ڕێنێته‌وه شنگال، له‌كاتێكدا تائێستا ڕێگریمان لەهیچ کاندیدێک نەکردوه کە سەردانی شنگال بکات، بەڵام پارتى له‌ماوه‌ى 20 ڕۆژى ڕابردودا پلانی داناوە کە بەبیانوی هەڵبژاردن‌و لەچوارچێوەی ڕێكه‌وتنى ڕۆژى 9ى تشرینى یه‌كه‌مى 2020 له‌گه‌ڵ عێراق، هه‌وڵیداوه سه‌ره‌تا لقی 17ی هێزەکانی بگەڕێنێتەوە شنگال".
له‌و ڕوه‌شه‌وه جه‌ختده‌كاته‌وه، "ئه‌و ڕێگریه‌ى دوێنێش له‌پارتى كرا بۆ ئه‌وه‌ى بێنه شنگال‌و بانگه‌شه بكه‌ن، له‌بنه‌مادا شتێك نییه به‌ناوى بانگه‌شه‌وه پارتى بیكات، هاتنه‌وه‌ى پارتیش بۆ شنگال، بۆ بانگه‌شه‌ى هەڵبژاردن نەبوو، بەڵکو ویستی لەژێر ناوی هەڵبژاردن بارەگاکانی لەشنگال بکاتەوە، ئێمه‌ش هەرگیز ڕێگەنادەین پارتى بەبێ ڕێککەوتن بگه‌ڕێته‌وه شەنگال".
ئاشكراشیكردوه پارتى هێزێکى زۆرى سەربازى بڵاوکردۆته‌وه له‌ده‌وروبه‌رى شنگال، ده‌شڵێت:"له‌ماوه‌ى ڕابردوش به‌پارتیمان وتوه ڕێگه‌ناده‌ین بگه‌ڕێنه‌وه شنگال به‌و شێوه‌یه‌ى خۆتان ده‌تانه‌وێت، به‌ڵام پارتى گوێ بەئاگادارکردنەوەکانى خۆبەڕێوەبەریی شنگال نادات".
باس له‌وه‌شده‌كات، "پارتى له‌ماوه‌ى ڕابردودا ویستویەتی هێزەکانی لقی 17ی بەبیانوی بانگەشەی هەڵبژاردن؛ لەمەزارگەکانی شنگال جێگیربکات بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگریی لەگەشتى شاندێکی پایەبەرزی باوەڕمەندانی ئێزدی بۆ شەرەفدین کردوەو ڕێگەیان نەداوە ئەو شاندە سەردانی شەرەفەدین بکەن".
ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ى ئیدارەى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى شنگال له‌كاتێكدایه، شارپرێس دوێنێ زانیارى وه‌رگرت له‌سه‌رئه‌وه‌ى، هێزه‌كانى عێراق ویستویانه نێوه‌ندگیریی پارتى‌و ئیداره‌كه‌ى شنگال بكه‌ن، به‌ڵام ئیداره‌كه‌ى شنگال ئه‌وه‌یان ڕه‌تكردۆته‌وه‌و سوربون له‌سه‌رئه‌وه‌ى ڕێگه‌ناده‌ن پارتى بچێته شنگاله‌وه.
ش.هـ
