شارپرێس ـ كهنداڵ جودى:
بهگوێرهى چهند سهرچاوهیهك، کۆمەڵکوژیی نەژادی دژ بەکورد لەعەفرینو سەرێکانیو گرێ سپیو هەروەها هێرشو پیلانەکان دژ بەشنگالو هێرشی ئەمدواییەی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان، بەشێکە لەپلانی 100 ساڵەی "چاکسازی ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا" کە ئامانجی لەجینۆسایدکردنی کوردە.
ڕهجهب تهیب ئەردۆغان سەرۆکى تورکیا لهڕێگهى ڕاگهیهنراوێكهوه ئاماژه بهپڕۆژهى "گەڕانەوەی خۆبەخشانەی گەلانی سوریا" دهكات كه بههۆیهوه عەفرینو سەرێکانیو گرێ سپی لهڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن تورکیاو گروپە چهكدارهكانى سهر بهو وڵاتهوه داگیرکرانو سهرهتاى ئهجێنداكهش ئهو ههرێمانه بوون.
ئەردۆغان ئهوكات ڕایگهیاند، "بەپشتیوانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان شوێنى نیشتهجێبوون بۆ پەنابەرانی سوری دانیشتووی تورکیا دروستدەکهین، بۆ ئەوەی ئاوارەکانی سوریا بگەڕێنەوە بۆ وڵاتى خۆیان".
ئەردۆغان ئاماژه بهوهدهكات، له13 ناوچهى جیاوازى سوریادا شوێنى نیشتهجێبوون بۆ ئاوارەکان دروستدەکەن کە دوو ناوچەیان ڕۆژئاوای کوردستاننو ئهوانیش (سەرێکانیو گرێسپی)یه، ئەردۆغانیش ئەو پلانە مەترسیدارە بەناوی یارمەتیدانی گەلانی سوریاوه جێبەجێدەکاتو لهشوێنى كوردان ژمارهى عهرهبو لایهنگرانى خۆى زیاد دهكات.
پرسیارێك لهو ڕووهوه دێته ئاراوه ئاخۆ ڕاستی ئەم پلانە چییەو ئامانجی دەوڵەتی تورکو بەتایبەتی هاوپەیمانی ناسیۆنالیستی ئاکەپە - مەهەپە لەم پلانە چییە؟ چاودێرانى سیاسیی ڕۆژئاواى كوردستانیش ئاماژه بهوهدهكهن، بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم پلانە پێویستە بۆ 100 ساڵ لەمەوبەر بگەڕێینەوە کە کۆماری تورکیا بەسەرۆکایەتی مستەفا کەمال "پڕۆژەی چاکسازیی ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا"ى ئامادەکردووه.
پڕۆژەی چاکسازیی ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا چییە؟
بەگوێرهى توێژینەوەیەک کە سەنتەری توێژینەوەی کوردی بڵاویکردووەتەوە، پڕۆژەی چاکسازیی ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا لەلایەن کۆمەڵێک ئەکادیمیای تورکەوە ئامادەکراوە لەسەرەتای جەنگی جیهانی یەکەمەوە لەساڵی 1914وە، بەڵام دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا بەسهرۆكایهتى مستەفا کەمال لەساڵی 1923، ئەم پڕۆژەیە بوو بەئەرکێکی گرنگی دەوڵەتی تورکیای مۆدێرن لە8ی ئەیلولی 1925، پڕۆژەکە وەک بەرنامەیەکی فەرمی دەوڵەت پەسەندکرا.
مەبەست لەپڕۆژەکە چییە؟
پڕۆژەی چاکسازی ڕۆژهەڵات، کە دابەشکرابوو بۆ دوو بەش: بەشی یەکەم، ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوراتو بەشی دووەمیش ڕۆژئاوای ڕووباری فورات، كه لهههردووكیاندا ئامانج چۆڵکردنی کوردەکانە لەناوچەی ئامهد لەباکوری کوردستانو ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری فورات لەناو تورکیاو جێگرتنەوەیان بهتوركهكان.
بهبڕواى چاودێران، ئامانجی دەوڵەتی تورک 100 ساڵ لەمەوبەر تا ئەمڕۆ چۆڵکردنی ناوچە کوردییەکانە لەکوردو شوێنگرتنهوهیانه بەتورکو تورکمانو عەرەب.
تهئكیددهكهنهوه لەسەرئهوهى، لهسهر ئەم بنەمایە پێویستە ئێستا کورد ئەو پلانە مەترسیدارەی ئاکەپە – مەهەپە ڕەچاو بکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارە سورییەکان بۆ ناوچە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان.
عەفرین هەنگاوی یەکەم لەجێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانی
ئەگەر سەیری بارودۆخی ئەمڕۆی عەفرین بکەین، ئەوا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە عەفرینیش وەک بەشێک لە"پڕۆژەی چاکسازی ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا" لەکورد چۆڵکراوە، هەرێمی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان لەساڵی 2018 لەلایەن دەوڵەتی تورکو گروپە تیرۆریستییەکانییەوە داگیرکرا، لەئەنجامی ئەو داگیرکارییەدا هەزاران کوردی ڕەسەنی عەفرین ئاوارە بوون.
ئیبراهیم شێخو وتەبێژی فەرمی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین لەسەر ژمارەی کوردانی ئاوارەی عەفرین، ئەوانەی لەلایەن دەوڵەتی تورکو گروپە تیرۆریستییەکانەوە کوژراونو ڕفێندراون زانیاری گرنگى بۆ شارپرێس ئاشكراكردو وتى:"ڕێژەی کورد لەعەفرین سهرهتا لە95% بوو، ئێستا كهمتره له25%".
شێخو ئهوهشى ڕوونكردهوه، "لەسەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە زیاتر لە300 هەزار کوردى عەفرین ئاوارەبوونو بەردەوامیش ڕوو لهزیادبوون دهكات، پێش داگیرکردنی عەفرین ڕێژەی کورد لەعەفرین له95٪ بووە، بەڵام ئێستا ڕێژەی کورد بۆ لە25% کەمترە هەروەها ئەو کوردانەی ئێستا لەعەفرینن ڕووبەڕووی دڕندەترین جۆری تاوانی جەنگ دەبنەوە، بۆ نمونه تورکیا زیاتر لەههشت هەزارو 300 کوردی لەعەفرین ڕفاندووە".
شێخو باس لهوهشدهكات، "ئەو تاوانانەی لەعەفرین توركیا ئەنجامیداوە بریتین لهکوشتنو تاڵانکردنو ڕفاندن، لەو چوارچێوەیەدا، لەسەرەتای داگیرکردنی عەفرینەوە، زیاتر لەههشت ههزارو 300 کورد لەعەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکو گروپە چەتەکانییەوە ڕفێندراون، کە ژنو منداڵیان تێدایەو تائێستا چارەنووسی زۆربەیان نادیارە".
تورکیا لەعەفرین 700 کوردی کوشت
بهوتهى شێخۆ، "تورکیا لەکاتی داگیرکردنی عەفرینەوە نزیکەی 700 کوردی کوشتووە، کە نزیکەی 39 منداڵو 83 ژنیان تێدایەو لەکاتی داگیرکاریشەوە تائێستا زیاتر لە700 کوردی لەعەفرین بریندارکردووە کە 213 ژنیشیان تێدایە".
شێخۆ ئەوەشیخستەڕوو، "تورکیا زیاتر لە400 هەزار داری زەیتوونو دارەکانی دیکەی عەفرینی بڕیوەو چەندین دارستانی لابردووەو ئاگری تێبەرداون".
سەرەڕای ئەو تاوانو کۆمەڵکوژییانەی کە تورکیا بەئەنقەست لەعەفرینو سەرێکانیو گرێ سپی ئەنجامیداوه، لەمدواییەدا بەهەزاران خانوو لەگوندە کوردییەکانی هەرسێ هەرێمەکە بەهاوکاری ڕێکخراوەکانو بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو دروستکراون، لەمکارەدا تورکیا ئێستا پلانی گۆڕینی دیمۆگرافی جێبەجێدەکاتو کورد لەناوچەکانی دیکەی سوریا دهردهكاتو عەرەبو تورکمان نیشتهجێدهكات.
نیشتهجێكردنى عەرەبو تورکمان لەشوێنى کورد
پارێزەر حسێن نسۆ نوێنەری ئەنجومەنی یاسایی کورد لەکۆبوونەوەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ناوەندی دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی باکوری سوریا ئاشكرایكرد، "تورکیا زیاتر لە18 كهمپى نیشتهجێبوونى بۆ عهرهبهكان لەهەرێمی عەفرین دامەزراندووە بەپشتیوانیی ڕێکخراوە قەتەریو کوهیتیو فەڵەستینییەکانی سەر بەڕێکخراوی ئیخوان موسلیمین".
بەوتهى نسۆ، "ئەو شوێنانەی کە تورکیا خانووی بۆ ئاوارەکانی سوریا لەعەفرین تێدا دروستکردووە بریتین لە: گوندی بێسما لەناوچەی شادیرە-ی سەر بەناحیەی شێراوا، شوێنی نیشتەجێبوونی چیای قازیقلی لەگوندی هێک حەسنە لەناوچەی جندیرە، شوێنێکی نیشتەجێبوون بەناوی بافلۆن لەسەر چیای پارسا خاتون لەقەزای شەراو شوێنی نیشتەجێبوونێكیش بەناوی ئەڤراز لەگوندی ئەڤراز لەقەزای ماباتا".
چەند ڕۆژێکیش لەمەوبەر ئەردۆغان ڕایگەیاند، 200 شوێنی نیشتهجێبوونى نوێ بۆ ئاوارەکانی سوریا لە13 ناوچەی سوریا بەپشتیوانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دروستدەکات، بهتایبهت لەو هەرێمانەى تورکیا لەساڵی 2019وه لەسەرێکانیو گرێسپیی ڕۆژئاوای کوردستان کە داگیریکردوون.
حوسێن سیمۆ توێژەرو نووسەرو ڕۆژنامەنووسی کورد هەڵسەنگاندنی دۆخهكه بۆ شارپرێس دهكات سەبارەت بەمەبەستی نهێنیی پڕۆژهى "گەڕانەوەی خۆبەخشانەی ئەردۆغان".
سیمۆ دهڵێت:"ئامانجى ئهردۆغان ئەوەیە بازرگانی بەپرسی گەڕانەوەی پەنابەرانەوە بكات، بەڵام لهبنهڕهتدا نایانگهڕێنێتهوه، بهڵكو جارێکی تر ئاوارهیان دەکاتهوه، ئەردۆغان هاتووه خانووی نوێیان بۆ دروستدەکات وەک ئەوەی شارێکی نوێ دروستبکات بۆیە ئەمە یاریەکە بەچارەنووسی ئاوارەکانەوە دەکرێت".
تورکیا دەیەوێت پەیوەندیی کورد لەگەڵ گەلانی دیکە ببڕێت
سیمۆ پێیوایه، بەپێی دوایین پلانی تورکیا بۆ گەڕانەوەی پەنابەران بۆ 13 شارو هەرێم لەوانە سهرێکانیو گرێسپیو چەند ناوچەیەکی دیکە دەستنیشانکراون، ئامانجو ناوەڕۆکی تورکیا ئەمجارەیان سەرێکانیو گرێسپیە، تورکیا دەیەوێت بۆشایی جوگرافی نێوان کورد فراوان بکاتو دەیەوێت کۆمەڵێک لەدانیشتوان کە پێشتر ڕایانگەیاندووە کە شارێک دروستدەکەنو ملیۆنێک عەرەبو تورک لەنێوان عەفرینو کۆبانێدا نیشتەجێدەکەن، لەڕابردوودا پلانەکانیان ڕوونو ئاشکرابووه تورکیا هەمیشە حسابی گەورەی کردووە کە لەدەرفەتەکانی کورد گەورەترەو هەمیشە دەترسێت کە کورد بگاتە لیوای ئیسکەندرونو دەریای سپی، بۆیە تورکیا دەیەوێت ئەم ئامرازو پەیوەندیەی کورد بەگەلانی ترەوە ببڕێت".
بۆچی بهتایبهت عەفرین!؟
داگیرکردنی عەفرینو چۆڵکردنی لەکورد، پشت دەبەستێت بەپرۆژەی 100 ساڵەی چاکسازیی ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا، لەبارەی ئەوەی بۆچی عەفرین بەتایبەتی، حسێن سیمۆ وتی:"لەعەفرین پلانی چاکسازیی ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا لەساڵی 1925 دەستیپێکرد، لەساڵی 1929دا یەکەم هەنگاوی ئەم پڕۆژەیە دەستیپێکردو تاساڵانی 1950 بەردەوامبوو، ئەم پلانە چەندین بازنەی هەیەو ئاسایشو کەلتووریو ئابووریو مرۆڤ دەتوانێت بڵێت کە تورک لەهەموو ئاستەکاندا پلانی خۆیان ئامادەکردووە".
لەڕابردوودا جێبەجێکردنی ئەو پلانە لەسنووری تورکیا بوو، بەڵام لەساڵی 2016 بەئۆپەراسیۆنی (دیری فورات، قەڵغانی فوراتی تورکیا) پڕۆژەکە پەڕیەوە بۆ سوریاو هەنگاوی یەکەم بوو، بەڵام گەورەترین هەنگاوی ئەم پڕۆژەیە لەگەڵ داگیرکردنی عەفرین بوو كه چاودێران پێیانوایه، لەکورد زیاتر تورکەکان کاریگەریی ئهوشاره دەزاننو دەزانن عەفرین چییە. باس لهوهشدهكرێت، ئامانجى توركیا لهداگیركردنى عەفرین لەناوبردنی کوردان بوو، چونکە عەفرین پایتەختی ڕۆژئاوای فوراتە.
شنگالو زاپو ئاڤاشین بەشێکن لەپلانی 100 ساڵە
چاودێرانى سیاسییو شارهزایانى دۆخى ڕۆژئاواى كوردستان باس لهوهدهكهن، ئەگەر لەئێستادا هەموو کوردێک سەیری سیاسەتەکانی تورکیا بکاتو لەئامانجەکانی تێبگات، ئەوا دێتەسەر ئەو ڕاستییەی کە لەدژی عەفرینو سەرێکانیو گرێسپی پیلانى بههێز ههبووه، بەشێک لەپیلانی دەوڵەتی تورکیاش لەمکاتەدا دژی ئاڤاشینو زاپو شنگالە.
تهئكید لهسهر ئهوهشدهكرێتهوه، هەرچەندە عەفرین لەزاپو شنگالەوە دوورە، بەڵام ئامانجی تورکیا لەناوبردنی کوردە، بەواتایەکی تر هێرشەکانی ئەمدواییانەی سەر ناوچەکانی ئاڤاشینو زاپ لەباشووری کوردستانو هێرشکردنەسەر شنگال کە بەفەرمانی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دراوه كه ئێستا وهك بەهاوبەشێكى تورکیا ئهژماردهكرێت، تەواوکردنی پڕۆژەی گۆڕینی دیمۆگرافی لەعەفرینو سەرێکانیو گرێسپیهو ئەم پیلانانە لەدژی کورد لەباشوورو ڕۆژئاوا بەشێکن لەپڕۆژەی چاکسازی ڕۆژهەڵاتی ئەناتۆلیا.
حوسێن سیمۆ توێژەرو نووسەرو ڕۆژنامەنووس ئهوه ڕووندهكاتهوه، "تورکیا بەپێی پلانەکانی خۆی هەڵسوکەوت دەکاتو بەپێی پلانەکانی هەنگاو دەنێت، تورکیا هەندێکجار هێرشدەکاتەسەر سێ ناوچە بەیەکەوە، بەڵام ئامانجەکە هەرێمێکە، ئێستا دەبینین کە گەورەترین ئامانجیان لەناوبردنی کوردە لەدوو ناوچەدا، ئەو ناوچانەی کە هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)ى تێدانو لەڕۆژئاوای کوردستانیش كورد بهگشتى لهژێر ههڕهشهدایه".
سیمۆ: ئەگەر تورکیا لەڕۆژئاوا سەربکەوێ ڕوو لهباشور دهكات
سیمۆ باس لهوهشدهكات، ههموو پهلامارو هێرشهكانى سهر كوردان لهشنگالو زاپو ئاڤاشینو هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان بەستراونهتهوه بهیهكهوهو گەورەترین مەترسیش ئێستا لەسەر ڕۆژئاوای کوردستانە، بۆ ئەوهش تورکیا پلانەکانی خۆی لەعەفرین دەستپێکردو بەشی دووەم بۆ گرێسپیو سەرێکانی هاتووەو ئێستا دەیانەوێت بازنەی سێیەم بەڕێوەبەرن، بەڵام ئەگەر تورکیا لەڕۆژئاوای کوردستان سەربکەوێت، بهدڵنیاییهوه دهچێته باشووری کوردستانیش بهههمانشێوه".
ڕۆژى 10ی ئایاری 2022 لەناوچەی شەهبای عەفرین بەناونیشانی، وۆرکشۆپی (دیالۆگی نێودەوڵەتی بەدروشمی عەفرین لەنێوان داگیرکاریو بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا) ڕێکخرا، چەندین کەسایەتی ناوخۆیی وەک مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتو کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکانیش بەشدارییان کرد.
لەوۆرکشۆپەکەدا کۆمەڵکوژیی عەفرینو کاریگەریی لەسەر هەموو کوردو سوریا ڕوونکرایەوەو هەڵسەنگێنرا، هەروەها لەکۆتایی وۆرکشۆپەکەشدا چەندین بڕیار دهركران، ڕۆژی 18ی ئازار، ڕۆژی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، بەڕۆژی جیهانیی کۆمەڵکوژیی عەفرین بناسرێتو تورکیا بەدەوڵەتی داگیرکەر ناوزەدكرا.
ش.هـ