هەشتی تەمموز، ئەو بومەلەرزەیەى بە هەشت پلە ناوخۆی یەکێتى هەژاند

کوردستان

07/07/2022‌ 6194 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کات چەند ڕۆژێك پێش هەشتی تەمموزە، بە دیاریکراویش لە گردەکەی سەرچنار و لە یەکێک لە ڕێستۆرانتەکانی ئەو ناوچەیە چەند بەرپرسێکی باڵای یەکێتی لەوانە لاهور شێخ جەنگی و بافڵ تاڵەبانی و شاڵاو کۆسرەت ڕەسوڵ شەوێک پێکەوە بەسەردەبەن، هەمان ئەو شەوە بە دوری چەند کیلۆمەترێک نزیک لەو ڕێستۆرانتە دەبێتە شەڕە تەقە و لەنێوان هێزەکانی ئاسایش و لیوای ئاڵتوونی دەبێتە شەڕ، بەهۆیەوە چەند کارمەندێکی ئاسایش دەبنە قوربانیی.

خەڵکی شاری سلێمانی ڕووداوەکەیان وەك شەڕێکی ئاسایی تەماشاکرد و تەنیا ویزەی گولـلەکانیان بیست، بەڵام شەوانی دواتر زنجیرەیەک بومەلەرزەی سیاسی ڕوویان لە سلێمانی کرد، کە تا ئەمڕۆ و پاش ساڵێک لەو ڕووداوانە، نەخشەی سیاسیی لەسنوری سلێمانی دووبارە داڕشتەوە.

لە ڕووی زانستیەوە بومەلەرزە لەسەروو شەش پلەی ڕێختەرەوە زیانێکی وێرانکەر بەو شوێنە دەگەیەنێت کە لێیداوە، بەڵام ئەی ئەگەر هەشت پلەی ڕێختەر بێت؟ زانایان دەڵێن لەوکاتەدا هەموو شتێک لەنێودەچێت، ڕێک بە هەمان پلە ڕۆژی هەشتی تەمموز بومەلەرزەیەک بە هەشت پلەی ڕێختەر لە یەکێتی دا و ئاڕاستەی بەڕێوەبردنی لەو حزبەدا لە ڕیشەوە گۆڕی.

هەشتی تەمموز چۆن ڕوویدا...
لەبەیانی ڕۆژی هەشتی تەمموزی ساڵی ٢٠٢١ جموجوڵی نائاسایی سەربازیی بە هەندێک لە شەقامەکانی شاری سلێمانیەوە بینرا، ڕەنگە کۆتا شت کە بە خەیاڵی خەڵکی ئەو شارەدا هاتبێت ئەوەیە، یەکێتی باڵاترین بەرپرسی هەواڵگری خۆی لاببات، کە ئەوەش ببێتە زنجیرەیەک گۆڕانکاریی گەورە و کۆتایی گۆڕانکارییەکەش بە دانانی سەرۆک بۆ یەکێتی کۆتایی بێت.

محەمەد تەحسین تاڵەبانی برای ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق، کە لەدوای ئەوەی لاهور شێخ جەنگی پۆستی هاوسەرۆكی یەكێتی وەرگرت، ئەویش لە شوێنی لاهور شێخ جەنگی بووە بەرپرسی دەزگای زانیاریی یەکێتی...

ئەوەی بۆ محەمەد تاڵەبانی تا ڕۆژی لابردنەکەی کێشە بوو ئەوەبوو، لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە واژۆی دەستبەکاربوونی بۆ نەكراو وەک بەرپرسی دەزگای زانیاریی نەناسێندرا..

داینەمۆی ڕووداوەکانی هەشتی تەمموز دوو گۆڕانکاریی بوون، یەکەمیان دانانی ئەژی ئەمین لە پۆستی سەرۆكی ئاژانسی زانیاری یەكێتی، لەجێگەی محەمەد شێخ تەحسین تاڵەبانی.

دووەمیان  دانانی وەهاب هەڵەبجەیی لە پۆستی فەرماندەی هێزی دژە تیرۆری یەكێتی‌و لادانی پۆڵاد شێخ جەنگی برای لاهور شێخ جەنگی بوو لەو پۆستە.

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە هیچکام لەو دوو بەرپرسەی نزیک لە لاهور جەنگی بە فەرمی لەلایەن دامەزراوەکانی حکومەتەوە نەناسێندرابوون و مەرسومی دەستبەکاربوونیان بۆ دەرنەکرابوو، بەڵام لە لابردنەکەیاندا مەرسوومی فەرمی بۆ کرا.

ئەو دوو دەزگا ئەمنیە لە ساڵانی رابردوودا كاریگەری گەورەیان لەسەر دەركەوتنی لاهور شێخ جەنگی وەكو سەرکردەیەکی دیاری یەکێتی هەم لەنێوخۆی ئەو حزبە و هەم لەسەر ئاستی دەرەوەش هەبوو، کاتێکیش بافڵ تاڵەبانی دەستی بۆ ئەو دوو دەزگایە برد لاهور شێخ جەنگی زانی لەدەستدانی ئەو دوانە یەکساندەبێت بە لەدەستدانی پێگەکەی هەم وەک هاوسەرۆک، هەم وەک کەسی ژمارە یەکی یەکێتی.

شەوی هەشتی تەمموز شڵەژانی نێو یەکێتی گەیشتە لوتکەی ، بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغداوە گەڕایەوە سلێمانی، ئێرانی و ئەمریکییەکانیش بە جیا هاتنەسەر هێڵ، لەسەر زەویش لیوای (كۆماندۆ)ی سەر بە جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم ئەرکی پاراستنی گۆرانکارییەکانی هەشتی تەمموزی لە ئەستۆدا بوو.

بافڵ تاڵەبانی لە هەشتی تەمموز و ڕۆژانی دواتر سەركەوتوو بوو لەوەی جڵەوی دەزگا ئەمنیە هەستیارەکانی وەک (دەزگا زانیاری، دەزگای دژەتیرۆر) بکات و لەدەستی لاهور شێخ جەنگی وەرگرێتەوە، هەروەها لەڕووی میدیاییەوە گورزێكی گەورەی لێدا و زۆرینەی میدیاکانی  نزیک لەلاهور جەنگی داخست... بەڵام دوای زنجیرەیەک دانوستان بە ئامادەبوونی ئەمریکییەکان و تەنانەت سەرکردە باڵاکانی عێراق وەک حەیدەر عەبادی و نوری مالکی، هێشتا ئاسان نەتوانرا لاهور شێخ جەنگی بۆ دەرەوەی شاری سلێمانی ئاوت بکرێت، کە ئەوە مەرجی بافڵ تاڵەبانی بوو کە لاهور شێخ جەنگی سلێمانی بەجێبهێڵێت...

لەگەڵ ڕووداوەکانی هەشتی تەمموزدا لاهور شێخ جەنگی ئەو جوڵەیەی بە عوسمانی و شەڕی هەکاری و ئاڕاستەی ئاشی نێو یەکێتی سەردەمی شاخ وەسفکرد.. کە مەبەست لەو تەعبیرانە ئامادەیی تورکیا، پارتی و سەرکردە دێرینەکانی یەکێتین لە گۆڕانکارییەکانی هەشتی تەمموز...

بەڵام کاتێک بافڵ تاڵەبانی هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد، جیاوازتر قسەی لە پاڵنەرەکانی هەشتی تەمموز کرد، ئەو وتی پێش هەشتی تەمموز سەرانە وەرگرتن و قاچاخچێتی سیمای دیاری ناسینەوەی بەرپرسانی نزیک لەلاهور شێخ جەنگی بوون، تەنانەت لەوەش زیاتر ڕۆیشت و وتی لەلایەن لاهور شێخ جەنگیەوە ژەهرخوارد کراوە...

بەشێک لە سەرکردە دیارەکانی یەکێتی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە ئەوانیش هاوشێوەی بافڵ تاڵەبانی ژەهرخواردکراون و بەشێکیشیان بۆ چارەسەر رێی وڵاتانیان گرتەبەر، بەلام تا ئێشتا هیچ دۆسیەیەک لە دادگا لەوبارەیوە یەکلا نەبۆتەوە.

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەوکاتەدا لە (124) ئەندام پێکهاتبوو، پێشتر و بەر لە ڕووداوەکانی هەشتی تەمموز، نزیكەی (80) ئەندامی سەركردایەتی سەربە لاهور شێخ جەنگی بوون‌و بافڵ تاڵەبانیش نزیكەی (15) ئەندامی نزیکی لە سەرکردایەتی هەبوو... بەڵام هەشتی تەمموز هاوکێشەکەی بۆ کەمتر لەوەش پێچەوانە کردەوە، چونکە دوای ئەو ڕووداوە زۆرینەی سەرکردایەتی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بوون و کەمینەیەکیش لەسەرکردایەتی یەکێتی کە لە پەنجەی یەک دەست تێپەڕیان نەدەکرد لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی مانەوە.


١٤  ڕۆژ پێش هەشتی تەمموز چی ڕوویدا؟
بەگوێرەی گێڕانەوەکانی ئەو کەسانەی دوای هەشتی تەمموز چاویان بە بافڵ تاڵەبانی کەوتووە لە گێڕانەوەی چیرۆکی ژەهرخواردکردنی وتویەتی رۆژی 24ی حوزەیران بوو واتە دوو هەفتە بەر لە رووداوەكانی 8ی تەمموز، لە مێرگەپان هەریەکە لە لاهور شێخ جەنگی و دەرباز كۆسرەت رەسوڵ‌و شاڵاو كۆسرەت رەسوڵ، پۆلۆ عەلی عەسکەری و پۆڵاد تاڵەبانی لە باخەکەی بافڵ تاڵەبانی میوان دەبن..

ئەو شەوە بافڵ تاڵەبانی شەربەتێکی پرتەقاڵ دەخواتەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم لەرزی لێدێت و تەندروستی تێکدەچێت، بەپەلە ئەوێ جێدەهێڵێت و دەبرێتە نەخۆشخانە، دوای پشکنین و وەرگرتنی نمونەیەک لە خوێنەکەی دەردەکەوێت ژەهری دایۆكسین تێکەڵی شەربەتی پرتەقاڵەکەی کراوە و خۆشی لە دیدارێکتی میدیاییدا دانی پێدا دەنێت کە دۆخی لە لیواری مەرگ گەراەوەتەوە.

لاهور شێخ جەنگی دەستبەرداری دەسەڵاتەکانی بوو
دوای زنجیرەیەک پەیوەندیکردن لەسەر ئاستی نێوخۆیی و دەرەوەی یەکێتی، لاهور شێخ جەنگی گەیشتە ئەو بڕوایەی ناتوانێت نە بە هێزی سەربازیی، نە سیاسیش ڕوبەڕوی ڕووداوەکانی هەشتی تەمموز ببێتەوە، سەرئەنجام ئێوارەی 17ی تەمموز لە مەكتەبی سیاسی یەکێتی لاهور شێخ جەنگی واژۆی لەسەر دەستبەرداربوون لە دەسەڵاتەکانی خۆی کرد و رایەگەیاند بۆ ماوەیەکی کاتی دەسەڵاتەکانی داوەتە هاوسەرۆکی دووەم کە بافڵ تاڵەبانییە تا کیشەکان چارەسەر دەبن، بەڵام ئەو واژۆیە لاهور شێخ جەنگی لە هاوسەرۆکی لابرد و بافل تاڵەبانی کردە کەسی یەکەمی حزبەکە، ماوەیەک دواتر لاهور شێخ جەنگی هاتەوەسەرخەت و وتی ئەو تەنیا دەستبەرداری دەسەڵاتەكانی هاوسەرۆك بووە، نەك پۆستی هاوسەرۆك، بەوەش درێژەی بە ململانێکانی دوای هەشتی تەمموز دا و رێگەی دادگای سلێمانی گرتەبەر و سکالای یاسایی تۆمارکرد.

ململانێکان گەشتنە بەکارهێنانی هێز...

ئەگەرچی هەر لە یەکەم هانگاوی ڕوداوەکانی هەشتی تەموزەوە جوڵاندنی هێزی سەربازی و بەکارهێانانی هێز یەکێک لە ڕەگەزە بنەرەتیەکانی گۆرانکاریەکان بوو، بەلام لەپاڵ رەهەندەکانی تردا یەکێک لەو روداوانەی کە خەڵكی کوردستانی توشی دڵەڕاوکێ و دوردۆنگی کرد ڕوداوی کوشتنی فەرماندەیەکی نزیک لەلاهور شێخ جەنگی بوو لەگەڵ ژمارەیەک لە پاسەوانەکانیدا لە شاری رانیە.
چەند جارێک هێزی سەربازی و ئەمنی لە دەوری ماڵی لاهورشێخ جەنگی و ئوتێل لالەزار کۆکرایەوەو ئەویش بە کۆکردنەوەی هێز لە دەوری ماڵەکەی و چەکدارکردنی کەسانی دەوروبەری وەلامی دەدایەوەو مەترسییەکانی پێکدادان تەواو نزیک بوون، بەڵام بە هەوڵی ژمارەیەک بەرپرسی سیاسی و سەربازی یەکێتی و دەرەوەی یەکێتیش دۆخەکە کۆنترۆڵدەکرا، لە کۆتاییدا موراد کانی کوردەیی ئەفسەری پلەداری نزیک لەلاهور شێخ جەنگی و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی لەلایەن هێزێکەوە کوژران، ئەگەرچی لایەنە فەرمیەکان وایان راگەیاند کە کوشتنەکە پەیوەندی بە سەپاندنی یاساوە هەبوە، بەلام ڕوداوەکە بۆنی ناکۆکی و توندبونەوەی ململانێکانی زیاتر کرد، بە جۆرێک مەترسیی بەریەککەوتنەکان تەواو زیادیان کرد لەو کاتەدا.


شۆڕش سەری ڕۆڵەکانی دەخوات
لە دوای شۆڕشی فەڕەنسی کاتێک ڕۆبسپێر یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو شۆڕشە بەرەو سێدارە برا، دەستەواژە بەناوبانگەکەی وت کە تا ئێستاش لە گوێی فەرەنسیەکاندا دەزرنگێتەوە کاتێک وتی "شۆڕش سەری ڕۆڵەکانی دەخوات"... هەرچەندە هەشتی تەمموز بە هیچ پێوەرێک بەراورد ناکرێت بە شۆڕشی فەرەنسا، بەڵام لەوەدا هاوبەشە کە بەشێک لەو کەسانەی ڕۆڵیان لەو ڕووداوەدا هەبوو، چارەنوسیان دورخستنەوە بوو، دیارترینیان ئەژی ئەمین لێپرسراوی دەزگای زانیاریی بوو، کە مانگی ڕابردوو سلێمانی جێهێشت و یەکێتیش لە شوێنی ئەو جەلال شێخ ناجی کردە لێپرسراوی دەزگای زانیاریی....
ئێستا لاهور شێخ  جەنگی بە تەواوی لە دەرەوەی یەکێتیەو یەکێتیش لە دوای دیداری حزبەکەی سەرقاڵی گۆرانکاری زیاتر لە نێوخۆدا و لە ململانێیەکی تونددایە لەگەڵ پارتی لەسەر چەند دۆسیەیەک کە دیارترینیان پرسی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری عیراق و داهاتی سلێمانییە.
لاهور شێخ جەنگی وەک کەسایەتیەکی سیاسی مەبەستیەتی لە گۆرەپانی سیاسیدا بمێنیتەوەو و وبەردەوام بێت لە کاری سیاسی و ئەگەر چی لەماوەی یەک ساڵی رابردودا بە توندی دەستی گرتوبوو بەیەکێتییەو جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەو هەر یەکێتیەو بە یەکێتیش دەمێنێتەوە، باڵام ئێستا رەنگە بیرکردنەوەی گۆرانکاری بەسەردا هاتبێت و سەرقاڵی هەناگوێکی سیاسی نوێ بێت کە تا ئێستا کەس نازانێت چی دەکات.
ناوبەناو لاهور شیخ جەنگی چەند هەنگاوێک دەنێت و جوڵەیەکی سیاسی پیشان دەدات کە لە نێو شەقام و چاودێراندا دەبێتە جێی باس و گفتوگۆ، بەڵام هەرزوو بێدەنگ دەبێتەوەو هەنگاوەکانیشی هیچ ئەنجامێکیان نابێت.
یەک ساڵ تێدەپەرێت بەسەر کیشمەکێش و ململانێ و گرژیەکانی نێو یەکێتیدا، ئاخۆ بۆ سالی نوێ هەنگاوەکانی ئەو حزبەو داهاتوی سیاسی کاراکتەرەکانی بە کوێ دەگەن؟ ئەوە پرسیارێکەو مەگەر ڕەوتی رۆژگار وەلامی بداتەوە.