شارپرێس:
ڕابیتەی ئەڵمانی بۆ نەشتەرگەری دەمو لێوو ڕوخسار ئاشكرایدهكات، وشکبونەوەی دەم چەند هۆکارێکی هەیە، هەندێکیان سادەن وەک بەتەمەندا چونو کەمی خواردنەوەی شلەمەنییەکانو هەناسەدان لەڕێگەی دەمەوەو جگەرەکێشان، دهشڵێت:"هەندێکی تریش مەترسیدارن، وەک هەوکردنی گیرفانەکانی لوتو نەخۆشیەکانی زیندەپاڵو شێرپەنجەی دەم".
لهڕاپۆرتێكدا ڕابیتهكه نوسیویهتى:"وشکبونەوەی دەم ڕەنگە لەئەنجامی کاریگەریی لاوەکیی هەندێک دەرمان بێت وەک دەرمانی بەرزی فشاری خوێن، دەرمانی سەرئێشە، دژە هیستامین، دەرمانی چارەسەری دەرونیی، هێورکەرەوەکان، هیپنۆتیک، جگە لەچارەسەری تیشکیی بۆ وەرەمەکانی سەرو گەردن، کە زیان بەلیکەڕژێنەکان دەگەیەنن".
ڕابیتەکە دەشڵێت:"وشکبونەوەی دەم ئەگەری کلۆربونی ددانو هەوکردنی پوک زیاد دەکات، کە مەترسیی لەسەر کەوتنو لەدەستدانی ددانەکان دروستدەکات، لەسەرەتادا دەتوانرێت لەڕێگهی هاندانی دەردانی لیک بەخواردنەوەی شلەی زۆر، جوینی خۆراک بەباشی، جوینی بنێشتو وازهێنان لەجگەرەکێشان، بەرەنگاری ئەو حاڵەتە تەندوروستییە ببینەوە".
لەکۆتاییدا ڕابیتەکە جەختیکردۆتەوە لەسەر پێویستی ڕاوێژكردن بەپزیشك، ئەگەر ئەو رێكارانە لەچارەسەرکردنی وشكبونی دەمدا سەركەوتونەبون، بەتایبەتی ئەگەر ئەو وشكبونە نیشانەی دیكەی لەگەڵدا بێت وەك ئاوسانی لیکەڕژێنەکان، بونی بۆنی ناخۆشی دەم، گۆڕانی خێرای تامی ناودەم، ئەوە جگە لهسەختی قوتدانو قسەکردنو خوێنبەربونی پوک.
و: ئاکۆ ئاڵی