گورزێکی تر بەر ترەمپ‌و کۆمارییەکان کەوت

جیهان

15/11/2022‌ 3451 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بۆ ویلایەتی ئەریزۆنا دەریخست کە کاری لەیک، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ پۆستی پارێزگاری ویلایەتی ئەریزۆنا کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشوی ویلایەتی ئەریزۆنا پاڵپشتیدەکرێت، لەبەرامبەر ڕکابەرەکەی لەپارتی دیموکراتەکان کەتی هۆبس دۆڕا، ئەوەش گورزێکی ترە بەر پارتی کۆماریی‌و ترەمپ دەکەوێت لەو هەڵبژاردنەدا.


لەوبارەیەوە هەردوو کەناڵی"سی ئێن ئێن"و "ئێن بی سی" ئاماژەیان بەدۆڕانی لەیک کرد کە لەلیستی ئەو کاندیدانەدایە کە دروشمی سەرەکیان گومانکردن بوو لەئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی2020و سەرکەوتنی جۆ بایدن لەوکاتەدا.

پێشتریش دیموکراتەکان سەرکەوتنی کۆرتێز ماستۆیان لەهەڵبژاردنەوەی لەویلایەتی نیڤادا ڕاگەیاند، بەوەش کۆنترۆڵی دیموکراتەکانی لەئەنجومەنی سینات مسۆگەردەکات‌و ژمارەی کورسییەکانیان لەو ئەنجومەنە دەگەیەنێتە 50 كورسى.

چاودێران ئەو ئەنجامە وەک ڕزگارکەری پارتی دیموکرات دەبینن کە لەو ڕێگه‌یەوە توانیان پلانی کۆمارییەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس شکست پێبهێنن‌و بەشێوەیەکی بەرچاو جەنگە سیاسییەکان لەبەرژەوەندی خۆیان یەکلایی بکەنەوە.

لەکاتێکدا کۆمارییەکان لەئەنجومەنی پیراندا لەسەر کورسی ژمارە 49 مانەوە کە لەژوری باڵایە لەکۆنگرێس‌و لە100 کورسیی پێکدێت، تەنانەت ئەگەر کۆمارییەکان کورسییەکەی ویلایەتی جۆرجیاش بەرنەوە، ئەوە زۆرینە هەر بۆ دیموکراتەکان دەبێت، بەوپێیەی کامالا هاریسی جێگری سەرۆک کۆمار دەتوانێت ڕێسای یەکسانی بشکێنێت‌و باڵانسەکە لەبەرژەوەندیی پارتەکەی خۆیان بگۆڕێت، بەوپێیەی سەرۆکی ئەنجومەنەکەیە.

ئەو کۆنترۆڵکردنەی ئەنجومەنی پیران لەلایەن دیموکراتەکان مانای ئەوەیە کە دەتوانن ژمارەیەکی دیاریکراو لەپڕۆژەیاسا جێ مشتومڕەکان بەزۆرینەی سادە تێپەڕێنن‌و ئەو دادوەرانە دابنرێن کە سەرۆک بایدن دەستنیشانیان دەکات، ئەمەش مانای دورکەتنەوەیە لەو سیناریۆیەی لەساڵی 2016 ڕوبەڕوی باراک ئۆباما بۆوە کاتێک سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکان لەئەنجومەنی پیران ڕەتیکردەوە دەنگ بەسەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی بدات کە ئۆباما دەستنیشانیکردبوو.

ئەمەش مانای وایە دیموکراتەکان لەئەنجومەنی پیران دەتوانن ئەو پڕۆژەیاسایانە ڕەتبکەنەوە کە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە خوێندنەوەی بۆکراوە، بەوپێیەی ئەنجومەنی پیران لەلایەن کۆمارییەکانەوە کۆنترۆڵکراوە.