تیمێکی شارپرێس له‌لایەن هێزێکی ناحیەی بیارەوە بەزەبری چەک دەستبەسەرکران

کوردستان

30/01/2023‌ 8325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تیمێکی دەزگای میدیایی شارپرێس بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەلایەن هێزێکی سەر بەفەوجی دوی پاسەوانی سنوری ناوچەی هەورامانەوە دەستبەسەرکران‌و ڕێگریی لەکارێکی میدیایی تیمەکەش دەکرێت لەبارەی دیاردەی قاچاخچێتی‌و هاتوچۆی کۆڵبەران لەمەرزە فەرمی‌و لاوەکیەکانەوە.


بەمەبەستی ئەنجامدانی ڕاپۆرتێکی مەیدانی‌و دوای وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمی لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەڵەبجەو دواتریش ڕەزامەندی ئاسایشی شارۆچکەی تەوێڵەو دیاریکردنی کارمەندێک بۆ هاوکاریکردنی تیمەکەی شارپرێس، تیمێکی شارپرێس چونە ناوچەی هەورامان‌و لەکاتی تۆمارکردنی ڕاپۆرتەکەیاندا لەلایەن هێزێکی بنکەی پاڵانی پاسەوانی سنوری سەر بەفەوجی دوەوە بەزەبری ڕاکێشانی دەمانچەو بەجلی مەدەنییەوە دەستبەسەردەکرێن‌و ڕێگەنادرێت کارەکەیان ئەنجامبدەن.

وێڕای پێشاندانی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەڵەبجەو تەوێڵەو ناساندنی کارمەندەکەی ئاسایشی تەوێڵە کە هاوڕێیەتی تیمەکەی شارپرێسی کردوە، بەڵام هێزەکەی پاسەوانی سنور دوای پەیوەندیان بەسەرو خۆیانەوە فەرمانی گواستنەوەی تیمەکەیان پێکراوە بۆ بارەگای فەوجی دوی پاسەوانی سنور لەناحیەی بیارەو بۆ ماوەی سێ کاتژمێر دەستبەسەرکراون‌و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کراوە.

تیمەکەی شارپرێس پێکهاتبوو لەهەریەک لە(هەوراز ئەحمەد ـ پەیامنێر)و هەردوو کامێرامان (هێڤی خالیدو باوەڕ ڕەفیق)، دوای هەوڵێکی زۆرو چەندین پەیوەندیی بەبەرپەرسانی ئەمنی‌و حکومی‌و ئیداریی هەڵەبجەو بیارەو هەورامانەوە، توانرا تیمەکە ئازادبکرێن.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ بەنوسراوی فەرمیش لەلایەن بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی شاپرێسەوە داوا لەفەوجی دوی پاسەوانی سنورکرابوو کە هاوکاریی تیمەکە بکرێت بۆ ئەنجامدانی کارەکە، بەڵام ڕێگریی لەئەنجامدانی ڕاپۆرتە میدیاییەکە کراو ڕێگە نەدرا تیمەکە کارەکانیان تەواوبکەن بەبیانوی ئەوەی لەلیوای سلێمانی پاسەوانی سنورەوە ڕێگە بەهیچ کارێک لەسەر ئەو بابەتە نادرێت لەلایەن میدیاکانەوە.

بابەتە میدیاییەکەی شارپرێس لەبارەی دیاردەی قاچاخچێتی لەسنورە فەرمی‌و نافەرمییەکانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستانەوەو دۆخی کۆڵبەران لەوەرزی زستاندا لەنێوان سنوری پارچەکانی کوردستاندا بوو، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو هێزەکانی پاراستنی سنورەکان چاو لەدیاردەی قاچاخچێتی دەنوقێنن کە بەئاشکرا شەوانە سنورەکان جمەیان دێت لەدیاردەی قاچاخچێتی‌و ڕێگریی لەتیمەکانی میدیا دەکەن ڕوماڵی دۆخی کۆڵبەران بکەن.