شارپرێس:
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان دەربارەی رووداوە نەخوازراوەكانی كەركوك بانگەوازێكی بڵاوكردەوە.
كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە بانگەوازێكدا رایگەیاند " دۆخی كەركوك گرێدراوی پیلانێكی چەندین ساڵەیەو توركیاش رۆڵی خراپی لەو ئاژاوە نانەوە بینیوەو بەردەوامە لە دەستێوەردانەكانی لە كاروباری ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان".
دەشڵێت "بانگەواز دەكەین بۆ سازدانی كۆنفرانسێكی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێكھێنانی كۆمیتەیەكی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژو پلانی خەبات و تێكۆشان . كەركوك شارێكی كوردستانیەو پێویستە ستراتیژێك دابڕێژرێت بۆ مسۆگەركردنی پاراستنی ئاشتەوایی و تایبەتمەندی و رێزگرتن لە پێكەوە ژیانی پێكھاتەكانی كەركووك و خەڵكی كوردستان و بەھەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزاكان".
دەقی بانگەوازەكە:
جارێكی تر كەركوك بوەوە بە گۆڕەپانی ململانێیەكی نەخوازراوو،لە دەرئەنجامی ناڕەزایی كورد لە سیاسەتی خراپ بەڕێوەبردنی شارەكە ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مەدەنی دروست بوو، لە ئەنجامدا ھێزە ئەمینەكانی شارەكە بە فیشەك و توندوتیژی رووبەڕووی دەنگی دلێری خەڵك بونەوەو چەند ھاوڵاتیەكی كورد شەھیدو بریندار بوون. بەرپرسیارێتی ئەو كوردكوژییە،بە پلەی یەكەم لە ئەستۆی پارێزگاری كەركوكە.
پێویستە ئەوانەی دەستیان چۆتە خوێنی ھاوڵاتیانی كورد سزای یاسایی بدرێن.
دۆخی كەركوك گرێدراوی پیلانێكی چەندین ساڵەیەو توركیاش رۆڵی خراپی لەو ئاژاوە نانەوە بینیوەو بەردەوامە لە دەستێوەردانەكانی لە كاروباری ھەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان.
بەرپرسیارێتی ئاسایی كردنەوەی ئەو بارودۆخەو، سنوردانان بۆ دەستێوەردانی دەرەكی لە ئەستۆی حكومەتی عیراق و وسەرۆكایەتی كۆمارە.
رووداوە نەخوازراوەكانی كەركوك بەتایبەتی و ناوچە كوردستانیە دابڕێنراوەكان دەرھاوێشتەی چارەسەر نەكردنی كێشەكانن لەسەر بنەمای نەخشە رێگای دەستوریی كە خۆی لەمادەی ١٤٠ دا دەبینێتەوە.
پێویستە بە پێی مادەی ١٤٠ ی دەستوری ھەمیشەیی عیراق چارەسەری كێشەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ھەرێم بكرێت و رەچاوی تایبەتمەندی ناوچە تەعریبكراوەكان بكرێت.
بۆ ئەم مەبەستە نەتەوە یەكگرتوەكانیش بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاشتی و سەلامەتی خەڵكی ناوچە دابڕاوەكانیان دەكەوێتە ئەستۆو بەپێی بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتی دەبێت رۆڵیان ھەبێ لە پاراستنی مافی مرۆڤ لەو دەڤەرە.
نابێ ئەو راستیە فەرامۆش بكرێت كە نەبوونی ستراتیژی ھاوبەشی كوردستانی وملململانێی حیزبی و بەرژەوەندی تەسكی حزبه باڵا دەستەكان درزی گەورەی دروست كردوە كە داگیركەرانی كوردستان دەستێوەردان،لە ململانێ سیاسیەكانی نێوان ھێزەكانی كوردستان بكەن. لەنێوان ھێزە كوردستانیەكان. و لایەنەكانی تریش لەلایەكی ترەوە.
بۆ گەیشتن بە ھەموو ئامانجەكانی خەڵكی كوردستان پێویستە ھەوڵەكان چڕ بكرێتەوە تاوەكو یەكێتی و یەك دەنگی لە ئاستی باڵادا پێك بھێنرێت و مەرامی خراپی داگیركەران لەبار ببرێت.
بانگەواز دەكەین بۆ سازدانی كۆنفرانسێكی نیشتمانی و نەتەوەیی و پێكھێنانی كۆمیتەیەكی ھاوبەش بۆ دانانی ستراتیژو پلانی خەبات و تێكۆشان . كەركوك شارێكی كوردستانیەو پێویستە ستراتیژێك دابڕێژرێت بۆ مسۆگەركردنی پاراستنی ئاشتەوایی و تایبەتمەندی و رێزگرتن لە پێكەوە ژیانی پێكھاتەكانی كەركووك و خەڵكی كوردستان و بەھەموو نەتەوەو ئاین و ئاینزاكان.
لە پیلانی شومی لۆزانەوە تا رووداوی ٢ی ئەیلولی خوێناوی كەركوك سیاسەتی بن پێكردنی مافەكانی گەلی كوردستان پەیڕەو دەكرێت. داگیركەرانی كوردستان دژی دەستكەوتەكانی كوردن بەتایبەتی لەباشوری كوردستان.
نابێ ئەوە فەرمۆش بكرێت كە نەبوونی یەكێتی نەتەوەیی كە ئامانجی ھەموو ھێزێكی نیشتمانی و كوردێكی ئازادیخوازە دەرفەت دەدات و دەبێتە مایەی ئاسانكاری بۆ داگیركەری كوردستان، ئەم رووداوە خوێناویەی كەركوكیش درێژكراوەی ھەمان پیلانی شۆڤێنیانەی داگیركەرانی كوردستانەو وریایی پێویستە بۆ رێگە گرتن لەو ئاشوبەی كە دەوڵەتی توركیاو بەكرێگیراوەكانی دەیانەوێ بیخوڵقێنن و پێكھاتەكانی كەركوك بكەنە سوتەمەنی بۆ گەیشتن بە مەرامی فراونخوازیی و داگیركاریان.
نەمری بۆ شەھیدانی رۆژی ٢ ی ئەیلولی خوێناوی و ھەموو شەھیدانی كوردستان.
كۆنگرەی نەتەوەی كوردستان/
نوێنەرایەتی باشوری كوردستان
٢٠٢٣/٩/٣
