شارپرێس ـ كه‌نداڵ جودى:
لەدەڤەری دێرەزور، دوای ئەوەی هێزەکانی هەسەدەو ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزور ئۆپەراسیۆنی "بەهێزکردنی ئاسایش"یان دژی شانەکانی داعش‌و بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان‌و بەرپرسانی چەوساندنەوەی خەڵک دەستپێکرد، لەدەڤەری دێرەزور، گروپەکانی پەیوەندیدار بەنەواف ڕاغب بەشیر لەدژی هەسەدەو ئەنجومەنی سەربازیی دێرەزور شەڕدەکەن.
ئەم گروپە چەکدارانە کێن؟
ئایا ڕاستە ئەم هێزانە سەر بەهۆزەکانی دێرەزورن‌و دژی هەسەدەو ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور شەڕ دەکەن؟ شارپرێس لە27ی ئابەوە کە ئەو ڕۆژەی ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکرد، بەوردی چاودێریی دۆخی دێرازور دەکات‌و توانیی لەڕێگەی سەرچاوە تایبەتەکانییەوە زانیاری تایبەت بەدەستبهێنێت.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی زانیاری‌یان بەشارپرێس داوە، ئەوانەی ئێستا لەدژی هەسەدە شەڕدەکەن، ئەو هێزانەی سەر بەهۆزەکانی دێرەزور نین، بەڵکو ئەو گروپە چەکدارانەی سەر بەنەواف ڕاغب بەشیرن.
نەواف بەشیر کێیە؟
نەواف ڕاغب بەشیر خەڵکی گوندەکانی دێره‌زورە، بەشیر لەتەمەنی 26 ساڵیدا بوو بەشێخی هۆزی ئەلبه‌غرە، لەسەرەتای شەڕو پێکدادانەکانی سوریاوە، نەواف بەشیر وەک ئەندامێکی ئۆپۆزسیۆنی دژ بەڕژێمی سوریا خۆی نیشانداوەو پەیوەندیی بەگروپه‌كانى سەر بەتورکیاوە کردوە.
بەشیر لەساڵی 2013 سەرکردایەتی هێرشەکانی تورکیای کرد بۆ سەر شاری سەرێکانی‌و بوو بەسەرۆکی ئەو گروپەی کە ناوی "بەرەی ڕزگاری جزیرێ‌و فورات" بوو، کاتێک بەشیر چوە سەرێکانی هه‌وڵیدا ئاشوبێكى گه‌وره له‌نێوان كورد‌و عه‌ره‌بى ئه‌و ناوچه‌یه‌دا دروستبكات، بەڵام هه‌ر ئه‌وكات خەڵکی سەرێکانی ئه‌وه‌یان ڕەتکردەوەو پێکەوە شاری سەرێکانییان لەچه‌كداره‌كانى نەواف بەشیر پاککردەوە.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى تایبه‌ت به‌شارپرێس دراون، دواى ئه‌وه‌ى له‌سه‌رێكانى وه‌ده‌رنرا، بەشیر ده‌گه‌ڕێته‌وه تورکیا، له‌توركیاوه پەیوەندییەکی پتەو له‌گه‌ڵ گروپى تیرۆریستى داعش دروستده‌كات.
دواتر نه‌واف به‌شیر پێشنیازیکردوه کە عەشیرەتی ئەلبەغرە دژی داعش شەڕنەکات، بەڵام گروپە چەکدارەکانی سەر بەعەشیرەتەکەی ئەو پێشنیازەیان ڕەتکردەوە.
لەساڵی 2016وه نەواف بەشیر لەتورکیاوە ڕوی لەڕوسیاو دواتریش له‌وێوه چۆته ئێران، دوای ماوەیەکی کورت بەشیر کە خۆی وەک نەیارێکی ڕژێمی سوریا نیشاندا، لەناکاو لەشاری دێرەزور واتا لەناوچەکانی ڕژێمی سوریا‌و گروپەکانی سەر بەئێران دەرکەوت‌و بەکەناڵێکی تەلەفزیۆنی سەر بەئێرانى ڕاگەیاند، "سوریا بەهاوکاری بەرخۆدانى (ئێران‌و حزبوڵڵا) توانیی سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت"، ئه‌وه‌بوو بەشیر لەناکاو لەنەیارێکی سه‌رسه‌ختى ڕژێمی سوریا‌و ئێرانەوە ڕویکردە ئیدارەیەکی سەر بەڕژێمی سوریا‌و ئێران لەناوچەی دێرەزور.
بەشیر لەساڵی 2016وه چالاکانە لەبڵاوکردنەوەی تەریقەتی شیعە لەناوچەی دێرەزور ده‌ستى به‌كاركردن كردوه‌و گروپێكى بەناوی (عیسود عشائیر" لەژێر ئیدارەی لەیسی کوڕی دامەزراندوە، ئه‌و گروپه پاڵپشتییەکی بێوێنە بۆ ئێران دەکات.
سه‌رچاوه‌كه‌ى شارپرێس باس له‌وه‌ده‌كات، دوای ئەوەی خه‌ڵكى ده‌ڤه‌رى دێره‌زور نەواف بەشیریان بینی کە دژی خەڵکی ناوچەکە کاردەکات‌و هەوڵی دروستکردنی ناکۆکی لەنێوان خەڵکی سوریا دەدات، عەشیرەتی بێغرە لەساڵی 2022 بڕیارێکیانداو نەواف بەشیریان لەعەشیرەتەکە دەرکرد.
لەناوچەی دێرەزور، دوای ئەوەی هێزەکانی هەسەدەو ئەنجومەنی سەربازی دێرەزور ئۆپەراسیۆنێکیان دەستپێکرد، سەرچاوەکانی شارپرێس باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، نەواف بەشیرو لەیسی کوڕی، گروپەكانى سەر بەخۆیان لەبەری ڕۆژئاوای ڕوباری فوراتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فورات دژی هەسەدەو ئەنجومەنی سەربازی هانداوه‌و پێكدادان دروست بوه.
ناوەندی پەیوەندییەکانی هەسەدەش ڕایگەیاند، چەتەکانی سەر بەنه‌واف بەشیر لەبەری ڕۆژئاوای ڕوباری فوراتەوە چونەتە ناو گوندەکانی جەدەت بێغرەو جەدت ئیغدات کە لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا‌و گروپەکانی سەر بەئێرانن.
هەسەدە ده‌شڵێت، گوندەکانی دێهل‌و بەشێک لەشارۆچکەی بیسێرایان لەچه‌كداره‌كانى نەواف بەشیر پاککردۆتەوەو 3 چه‌كداریش كوژراون.
هاوكات ئیدارەی مەدەنی دیموکراتی دێرەزور سەبارەت بەتێپەڕاندنی ئەو گروپانە لێدوانێکیداو ده‌ڵێت، "لەپاڵ ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانمان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە، تۆمەتی زۆر دەخرێتەڕوو، وەک ئه‌وه‌ى ده‌وترێت وێستگەی ئاوی زیبان‌و ناوەندە خزمەتگوزارییەکان وێران‌و تاڵانکراون، به‌ڵام ئه‌و تۆمه‌تانه لاى ئێمه به‌هایان نییه‌و ئه‌مه‌ش ده‌ستى ده‌ره‌كییه".
ده‌شڵێت، "ئه‌مه‌ى ڕوده‌دات‌و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ش كه دروستده‌كرێن هاوکاریی لایەنە بیانییەکانى تێدایه، پێش هەمویان ئێران، چونكه لەهەوڵی بەدیهێنانی بەرژەوەندییە سیاسییەکانیدایەو هەندێک گروپیش سه‌ر به‌ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ن بۆیه ئه‌و جۆره پڕوپاگه‌ندانه دروستده‌كه‌ن".
ئه‌وه‌ش هاتوه، "لەئەنجامدا ئێستا لەدێرەزور ئەوانەی شەڕی هەسەدەو ئەنجومەنی سەربازیی دەکەن، چەتەکانی سەر بەنەواف بەشیرن کە لەلایەن ئێران‌و ڕژێمی سوریاوە پاڵپشتی دەکرێن".
کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی سەر بەڕژێمی سوریا‌و ئێران‌و تورکیا وایان بڵاوكردۆته‌وه گوایە ئۆپۆزسیۆنی سوریا شەڕی دێرەزور بەشەڕی کورد‌و عەرەب وەسفدەکەن، له‌و ڕوه‌شه‌وه ئیدارەی مەدەنی دیموکراتی دێرەزور جه‌ختده‌كاته‌وه، "ئه‌وه ڕاست نییه، چونكه دەرکەوت شەڕڤانانی دێرەزور خۆیان کە بەشێکن لەئەنجومەنی سەربازیی دێرەزور، شەڕیان لەگەڵ ئەو چەتانە ڕاگەیاندوەو شەڕ لەنێوان کورد‌و عەرەبدا نییه".
هه‌ر لەو چوارچێوەیەدا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر وتەبێژی یەپەگە سەبارەت بەم بابەتە بۆ شارپرێس دواو وتی، "ئەوانەی دەڵێن لەدێرەزور شەڕ لەنێوان کورد‌و عەرەبدا هەیە، دەمەوێت پێیان بڵێم لەدێرەزور کورد نییە، ئەوانەی شەڕدەکەن‌و ئۆپەراسیۆنەکە به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، هه‌ر خەڵکی دێرەزور خۆیه‌تى، بەپێچەوانەوە ئه‌وه‌ى ڕوو ده‌دات، شەڕی داعش‌و گەندەڵیه، شه‌ڕه له‌گه‌ڵ ئه‌وكه‌سانه‌ى ژیانى خه‌ڵكى تر له‌پێناوى خۆیان ده‌فه‌وتێنن".
