عێراق دووبارە دووچاری سزای نێودەوڵەتی دەبێتەوە؟

ڕاپۆرت

20/09/2023‌ 4560 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

بەیاننامەی وەزیرانی دەرەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگی كەنداو لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ڕێككەوتنی "خۆر عبدللە" لەنێوان عێراق و كوەیت، لەلایەن چاودێرانەوە بەجۆرێك لە نیگەرانی لەبارەی داهاتووی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی كەنداو لێكدەدرێتەوە.

چاودێران دەڵێن قەیرانی عێراق چ لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش لە بەرژەوەندی عێراقدا نییە، هەر كێشەیەكیشی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی بۆ دروستببێت دژی بەرژەوەندییەكانی دەبێت، بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵیش كێشەی لەگەڵ كوەیت بۆ دروستكردووە.

ڕێككەوتنی خۆر عبدللە كە پێشی دەوترێت ڕێككەوتنی ٢٠١٢ و بووەتە یاسای ژمارە ٤٢ی ساڵی ٢٠١٣، یەكێكە لە دیارترین ئەو ڕێككەوتنانەی بووەتەهۆی خورانی مافی عێراق، چونكە بەپێی ئەم ڕێككەوتنە ڕوبەرێكی بەرفراوان لەسەر حسابی ئاوی عێراق دراوەتە كوەیت.

لایخۆیەوە غالب دەعمی، شرۆڤەكاری سیاسی عێراق دەڵێت، "بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدراڵی بۆ ڕەتكردنەوەی ئەم ڕێككەوتنە نییە، بەڵكو بۆ ڕەتكردنەوەی میكانیزمی دەنگدانی پەرلەمانە لەسەر ڕێككەوتنەكە".

سەرەتای ئەم مانگە دادگای فیدراڵی بڕیارێكی دەركرد تێیدا ئاماژەی بەوەكرد، یاسای پەسەندكردنی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی عێراق و كوەیت لەبارەی كەشتیوانی دەریایی لە رێككەوتننامەی "خۆر عبدللە" یاسای ژمارەی ٤٢ی ساڵی ٢٠١٣ نادەستوورییە و دژی بڕگەكانی ماددەی ٦١/چوارەمی دەستووری عێراقە كە دەبێت پەسەندكردنی هەر یاسا و ڕێككەوتنێكی نێودەوڵەتی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەنگیان لەسەردابێت.

رۆژی دووشەممە وەزیرانی دەرەوەی ئەنجومەنی هەماهەنگی كەنداو بەیاننامەیەكیان لەبارەی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراق لەبارەی ڕێككەوتننامەی خۆر عبدللە دەركرد، تێیدا جەختیان كردەوە پێویستە عێراق هەنگاوی بەپەلە و جددی بنێت بۆ چارەسەركردنی كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەم پێشهاتە و ناوەڕۆكی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە پەیوەستە بە ڕێكخستنی كەشتیوانی دەریایی لەناو ڕێككەوتنی خۆر عبدللە، كە لە ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن عێراق خۆیەوە پەسەندكراوە.

وتیشیان، ئەم گۆڕانكارییانە خزمەتی پەیوەندیی نێوان وڵاتانی ئەنجومەنی هەماهەنگی كەنداو ناكات و پێشێلی پەیماننامە و ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانە.

ئیحسان شەمەری، سەرۆكی بنكەی تێفكرینی سیاسی دەڵێت، هێنانەوەی دۆسیەی خۆر عبدللە دوای ئەم هەموو ساڵە، دەرخەری ئەوەیە ئەجێندایەكی سیاسی ناوخۆیی و دەرەكی بەرامبەر بە ڕێكخستنەكانی پیشووی كێشانی سنووری عێراق هاتۆتەئاراوە، هەرچەندە پەیوەندی نێوان عێراق و كوەیت ئەرێنیش بێت، بەڵام ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی كاریگەری گەورەی لەسەر پەیوەندییەكانیان دەبێت، بەمجۆرەش كوەیت ناچاردەبێت سەرەتا پەنابباتەبەر وڵاتانی كەنداو پاشان وڵاتانی عەرەبی.