​ ئێران یاسای باڵاپۆشی تووندتردەكات

جیهان

21/09/2023‌ 1044 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

میدیا فەرمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانتارانی ئێران یاسایەکی جێگای موشتومڕیان پەسەند کردووە کە سزای ئەو ژنانە زیاد دەکات کە لە شوێنە گشتییەکاندا یاسای جل و بەرگ پێشێل دەکەن.

ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی ئیرنا بڵاویکردەوە، "پەرلەمانتاران ڕێککەوتوون لەسەر جێبەجێکردنی یاسای (پشتیوانیکردن لە کلتوری حیجاب و پاکیزەیی بۆ ماوەی ئەزموونی سێ ساڵ)، بەڵام هێشتا یاساکە پێویستیی بەڕەزامەندی ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور هەیە".

لە دوای ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ساڵی ڕابردوو بەهۆی کوژرانی ژینا ئەمینی (22 ساڵ) لەسەر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێران، ژنان لە ئێران زیاتر دەستبەرداری ڕێسای توندی جل و بەرگی ئەو وڵاتە بوون.

لەساڵی رابردووەوە، سەدان کەس کوژران، لەنێویاندا دەیان کارمەندی هێزە ئەمنیییەکان، هەزاران کەسیش بەتۆمەتی درووستکردنی "ئاژاوە" دەستگیر کراون کە گوایە لەلایەنە دەرەکییەکانەوە بۆ تێکدانی ئاسایشی ئەو وڵاتە هاندراون.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی