عێراق دەبێتە چەقی ململانێی ئەمریکا و چین

ڕاپۆرت

22/09/2023‌ 2056 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ڕۆژنامەی جیۆپۆلیتیکاڵ مۆنیتەری ئەمریكی لەراپۆرتێکدا جەختی لەوەکردۆتەوە کە عێراق بووەتە جێگای ململانێ و کێبڕکێی چین و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەتیی سەبارەت بەو ڕێڕەوی بازرگانییەی کە چین هەوڵدەدات بەهۆی"ڕێگای گەشەپێدانەوە" پشتیوانی بکات، کە بەندەری فاوی عێراق  و تورکیا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەڵام ئەمریکییەکان هەوڵدەدەن ڕێگایەکی دیکە درووست بکەن، کە خۆی لەڕێڕەوی ئابووریی نێوان هیندستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبینێتەوە.

لەڕاپۆرتەکەدا هاتووە، “بەندەری فاو کە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2025 دەست بەکارببێت،  دوو لەسەر سێی بە سەرپەرشتیی کۆمپانیای دایۆی کۆری تەواو بووە، 90 شوێنی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت، و بە گەورەترین بەندەری کۆنتێنەر لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، کە چەندین دامەزراوەی خزمەتگوزاریی ناوچەی پیشەسازیی لەخۆگرتووە، بەندەرەکە درێژدەبێتەوە بەسەر ڕووبەرێکی زیاتر لە 16 کیلۆمەتر چوارگۆشە، و پێشبینی دەکرێت ساڵانە توانای پێشوازیکردن لە 99 ملیۆن تۆنی هەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەندەری فاو لەڕێگەی تۆڕێکی ڕێگاوبان و هێڵی ئاسنین بە درێژایی 1200 کیلۆمەتری بە تورکیاوە دەبەسترێتەوە کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی 'رێگای گەشەپێدان' دروستدەکرێت. ئەم پڕۆژەیە کە تێچووی 17 ملیار دۆلارە، ئامانجی دروستکردنی ڕێگەی گواستنەوەیە لە ئاسیاوە بۆ ئەوروپا، و توانای کورتکردنەوەی کاتەکانی گواستنەوەی لە کەناڵی سوێس زیاترە، لەگەڵ توانای پەیوەندیکردن بە ئەوروپا لەڕێگای بەندەری مێرسینی تورکیاوە.

ئەوەش هاتووە: "ئەگەری ئەوە هەیە کە بەندەری فاو قەبارەی بازرگانیی جیهانیی لەڕێگەی عێراقەوە زیاد بکات، کە چین لە ئێستاوە پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە، هەروەک پێشبینی دەکرێت ڕێگای گەشەپێدان، کەوابڕیارە لەڕێگای تورکیاوە بە ئەوروپاوە ببەسترێتەوە، توانای گەیاندنی بەرهەم و کاڵاکانی بۆ ئەوروپا هەبێت لە ماوەیەکی کورتتر و تێچووی کەمتر لە کەناڵی سوێسی میسر.

ڕوونیشی کردەوە، "ئەم پڕۆژانە، کە ئەگەری کورتکردنەوەی ڕێڕەوی بازرگانیی و هێنانی چینی بۆ ناو پڕۆسەی تەواوکاریی ناوچەیی دەڕەخسێنن، مەترسیی بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا درووستدەکەن بەهۆی ئەو سوودانەی بە چینی دەبەخشن. 
دوای ڕاگەیاندنی دەستپێشخەریی پشتێن و ڕێگا لە ساڵی2013، ئەمریکا پەنای بۆ سەپاندنی سزای جۆراوجۆر و فشاری دیپلۆماسیی برد بۆ ڕێگریکردن لە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چین.

لەراپۆرتەکەدا هاتووە: لەم دواییانەدا ئەمریکا ئامانجی ئەوەیە هاوپەیمانی جیاواز درووست بکات و ڕێگای بازرگانیی جیاواز لەڕێگەی هاوپەیمانییەتییەوە درووست بکات، هەروەک بەدیل بۆ ئەوڕێگا بازرگانییانە درووست بکات کە چین لە ژێر دروشمی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگادا بەرەوپێشیان دەبات، جگە لەوەی یەکێک لە هەنگاوەکانی ئەم دواییە کە لەم چوارچێوەیەدا گیراوەتەبەر، گەیشتن بەڕێککەوتنێکە لەسەرڕێڕەوی ئابووریی هیندستان-ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-ئەوروپا لە ژێر سەرکردایەتیی ئەمریکا لە لوتکەی جی20 لە هیندستان خرایەڕوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمریکا هەوڵدەدات، لەڕێگەی ئەم شێوازەوە، کاریگەریی خۆی لە کەنداو لەسەر حیسابی چین زیاد بکات و هەژموونی خۆی لە ناوچەکەدا لە دژی دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا بپارێزێت و لەڕێگای ئە دەستپێشخەرییەوە بەیەکەوە لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی عێراق و چین پێکەوەبدات.