شارپرێس:
ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە رۆژئاوای كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات دژی هەڕەشەكانی توركیا لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بێنەدەنگ.
ئەنجومەنەكە، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، وەزیری دەرەوەی توركیا هەڕەشەی هێرشی بۆ سەر پێگەكانی ڕۆژئاوای كوردستان كردووە، ئەوانیش وەك ئەنجومەنی سوریای دیموكرات داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن دژی هەڕەشەكانی توركیا بێنەدەنگ.
ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی دەستەی جێبەجێكاریی ئەنجومەنی سوریای دیموكرات لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس (تویتەری جاران) ڕایگەیاند، توركیا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و بەشێوەی بەردەوام ئامانجە مەدەنییەكان بۆردوومان دەكات، ئێستاش هەڕەشەی هێرشكردنەسەر ژێرخانی ناوچەكەیان دەكات.
ئەوەش لەكاتێكدایە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ڕەتیكردەوە ئەوان پەیوەندییان بە تەقینەوەكەی ئەنقەرەوە هەبێت كە پێشتر پەكەكە بەرپرسیارێتی لە تەقینەوەكە ڕاگەیاندبوو.