حەماس پێشنیازی ئاگربەستی ئیسرائیل بە"تەڵه‌" وەسفدەکات‌و ڕەتیدەکاتەوە

جیهان

08/06/2024‌ 660 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بزوتنەوەی حەماس دژایەتی خۆی بۆ ئەو پێشنیازەی ئێستای ئیسرائیل بۆ ڕێککەوتنی ئاگربەست ڕاگەیاندو ده‌ڵێت:"بزوتنەوەکە ترسی ئەوەی هەیە کە ڕێککەوتنەکە مانۆڕێکی ئیسرائیل بێت بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان‌و دواتریش درێژەدان بەشەڕ لەکەرتی غەززە".


به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "مه‌عاریف"ی عیبری بزوتنەوەی حەماس پێشنیازی ئیسرائیلی سەبارەت بەڕێککەوتنی ئاگربەست‌و ئازادکردنی بارمتەکان ڕەتدەکاتەوە‌و لەیاداشتێکدا کە بزوتنەکە بڵاویکردۆتەوە باس لەوەدەکات، پێشنیازی ئیسرائیل جیاوازییەکی ڕیشەیی لەگەڵ ئەو پێشنیازە هەیە کە جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی ڕابردوو پێشکەشیکردوە.

بەگوێره‌ى سەرچاوەکانی ڕۆژنامەکە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل‌و یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل گرەو لەسەر چارەنوسی ئیسرائیل دەکەن، بەوپێیەی ڕێککەوتنەکە ئاگربەستێکی کاتی لەخۆدەگرێت نەک هەمیشەیی، ئەمەش حەماسی توڕە کردوە کە پێیوایە "ئیسرائیل دوای ئەوەی ڕفێنراوەکان دەگەڕێنێتەوە، درێژە بەشەڕەکە دەدات".

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، بزوتنەوەی حەماس گەشبینی خۆی بەرامبەر بەلێدوانەکەی بایدن دوپاتکردوەتەوە، بەڵام باسی لەوەشکردوە، جیاوازییەکی ڕیشەیی لەگەڵ ئەو پێشنیازەی ئیسرائیلدا هەیە.

ڕۆژی هەینی لە"بەیاننامەیەکی دراماتیکدا"، سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن ئەو هێڵە فراوانانەی خستەڕوو کە ئیسرائیل پێشکەشیکردوە بۆ ڕێککەوتنێک کە ئازادکردنی بارمتەکان‌و کۆتاییهێنان بەشەڕ لەخۆدەگرێت، لەوبارەیەوە وتی:"ئەمە کاتی کۆتایی هاتنی شەڕە".

بەگوێرەی ئەو پلانەی بایدن خستویەتیەڕوو، قۆناغی یەکەم ئاگربەستێک بۆ ماوەی سێ هەفتە لەخۆدەگرێت، کە تیایدا سوپای ئیسرائیل لەناوچەکانی نیشتەجێبونی دانیشتوان دەکشێتەوە، حەماسیش دەستدەکات بەئازادکردنی ژنانی ڕفێنراوو بەساڵاچوان‌و کەیسە مرۆییەکان.

لەم قۆناغەدا، دانیشتوانی کەرتی غەززە کە لەسەرەتای شەڕدا لەماڵ‌و حاڵی خۆیان جێهێشتوە ڕێگەیان پێدەدرێت بگەڕێنەوە باکوری کەرتی غەززە، هەروەها ڕەوتی یارمەتییە مرۆییەکان زیاتر دەبێت.

قۆناغی دوەم، بریتی دەبێت لەئازادکردنی ڕفێندراوەکان کە سەربازو یەدەگەکانیش لەخۆدەگرێت، لەبەرامبەر ئازادکردنی سەدان زیندانی فەڵەستینی.

لەقۆناغی سێیەمیشدا هێزەکانی سوپای ئیسرائیلیش لەکەرتی غەززە دەکشێنەوە.