سه‌ركرده‌یه‌كى شیعه‌ بۆ سودانى: تۆ به‌ڕێوه‌به‌رێكى گشتیت

عیراق

11/06/2024‌ 1784 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گەورە ڕاوێژکاری پێشووی جەلال تاڵەبانی (مام جەلال) ئاشکرای دەکات، مالیکی و شیعەکان ترسیان هەیە لە هەڵکشانی پێگەی جەماوەریی محەمەد شیاع سودانی و گورزی کەمەر شکێنی لێدەدەن و دەڵین "شەش مانگ بەر لە هەڵبژاردن دەبێت سودانی دەست لەکار بکێشێتەوە".


فەخری کەریم سیاسەتمەداری عێراقیی و راوێژکاری مام جەلال سەرۆک کۆماری پێشوتری عێراق لەمیانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت کە باس لە هەژموونی چوارچێوەی هەماهەنگی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەر حکومەتەکەی محمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران دەکات.

لەوبارەیەوە راوێژکارەکەی مام جەلال دەڵێت:"ئەرکەکانی سەرۆک وەزیرانی ئێستا بەرەو قورسی دەچن، هەرچەندە نیازی باشی هەیە و دەیەوێت هەموو کارنامە حکومییەکەی جێبەجێ بکات، بەڵام بەپەرژینێک لەگوشار دەورەدراوە".

فەخری کەریم لەچاوپێکەوتنەکەیدا ئەوەش روندەکاتەوە، "ئەو هێزانەی کە چوارچێوەی شیعە یاخود چوارچێوەی هەماهەنگییان پێکهێناوە، فەرمانڕەوای ڕاستەقینەن‌و حکومەتیش ناتوانێت لەو ڕێڕەوە لابدات کە چوارچێوەی هەماهەنگی بۆی داناوە".

هاوکات ناوبراو ئەوەش بەبیردەهێنیتەوە کە یەکێک لەسەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی "قسەیەکی بێزارکەرو جێی داخ"ی کردوە کاتێک دەربارەی ڕۆڵی سەرۆک وەزیران پرسیاری لێکراوە و لە وەڵامدا وتوویەتی "سەرۆک وەزیران بەلای ئێمەوە لە بابەتە ستراتیژی و سەرەکییەکاندا تەنها بەڕێوەبەرێکی گشتییە، بەڵام لەکاروبارەکانی ڕۆژانەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا سەرۆک وەزیرانە".

ڕاوێژکارەکەی مام جەلال مەترسی پێگەی سودانی لەسەر مالیکی و شیعەکان ئاشکرادەکات و دەڵێت:"لایەنە شیعەکان مەترسییان هەیە لەهەڵکشانی پێگەی محەمەد شیاع سودانی، بۆیە داوای لێکراوە شەش مانگ بەر لەهەڵبژاردن دەستلەکاربکێشێتەوە، ئەگەر بیەوێت بەشداریی لەهەڵبژاردنەکاندا بکات، مالیکیش ترسی هەیە لەوەی سودانی سود لەپێگە حکومیەکەی وەربگرێت".

بەپەلە