شارپرێس:
ڕاوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق زانیاریی نوێ سهبارهت بههەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئاشکرادەکات، بریکاری وەزیری نەوتیش دەڵێت، "گرێبەستەکانی هەرێم نادەستورینو قابیلی گفتوگۆ نین".
سەبهان مەلا جیهاد ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمیدیای عێراقی ڕاگەیاند، "حکومەتی عێراقو سەرۆک وەزیرانو زۆربەی هێزە سیاسییەکان سورن بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، چونکە ئەمڕۆ نرخی نەوت جێگیرە، بۆیە ڕاگرتنی هەناردەی بەشێکی نەوتی عێراق کە نەوتی هەرێمی کوردستانە، بەشێوەیەکی گشتی زیانی بۆ هەموو گەلی عێراق هەیە".
سەبهان مەلا جیهاد وتیشی، "هیوادارین لەڕۆژانی کەمی داهاتودا بگەینە رێککەوتن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان، ئەمە قسەی وەزیری نەوتی عێراقە کە لەدوای کۆبونەوە سێقۆڵییەکە کردویەتی".
هاوکات عەلی معارج بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، "ئەو گرێبەستانەی لەهەرێمی کوردستان هەن، گرێبەستی هاوبەشیکردنە لەبەرهەمهێنان، ئێمە لەحکومەتی فیدراڵیو وەکو وەزارەتی نەوت گفتوگۆ لەبارەی ئەم بابەتەوە ناکەین بەهۆکاەی ئەوەی پێچەوانەی دەستورە".
وتیشی، "ئەو گرێبەستانەی ئێمە دەیکەین، نزیکە لەگرێبەستی هاوبەش لەبەرهەمهێنان، ئێمە پێی دەڵێین هاوبەشیکردن لەقازانج، بۆیە دەکرێت وەزارەتی سامانە سروشتییەکان هەمواری بکاتەوەو بیگۆڕێت بەگرێبەستی هاوبەشیکردن لەقازانج".
