شارپرێس:
گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکی، لەڕاپۆرتێکدا جموجوڵەکانی ئەمدواییەی سوپای تورکیای بەداگیرکردنی باکوری عێراق وەسفکردوەو ئاماژەی بەوەکردوە، بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیاوە، دانیشتوانی زیاتر لە 500 گوند توشی ئاوارەبونی زۆرەملی بونەتەوە.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت:"جموجوڵە سەربازییەکانی سوپای تورکیا لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا گۆڕانکاریی بەسەرداهاتوەو لەتەنها بەیەکدادانی سنورەکانەوە بۆ داگیرکاریی گۆڕاوە.
جەختی لەوەشکردوهتەوە، لەساڵی 2003وە بۆ یەکەمجار سەروەریی عێراق کەوتوهتە مەترسییەکی گەورەوە.
دەشڵێت، "بەگوێرهى یاسا نێودەوڵەتییەکان، چونی هەرێمێکی خاوەن سەروەری بۆ ژێر کۆنترۆڵی سەربازیی دەوڵەتێکی بیانیی، بەداگیرکاری سەربازیی دادەنرێت".
ڕونیشیکردوهتەوە، هێزەکانی تورکیا لەناوچەیەکی فراوان لەناو باکوری عێراق (ههرێمى كوردستان) نیشتەجێبون دوای چونە ژورەوەی زیاتر لە 300 تانکی سەربازییو نزیکەی 15 هەزار سەرباز.
گۆڤارە ئەمریکییەکە هەروەک هۆشداریداوە، لەڕودانی قەیرانێکی نوێی ئاوارەبون لەعێراق بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای تورکیا ئەوەش هاوکات لەگەڵ نزیکبونەوەی کۆتاییهاتنی قەیرانی ئاوارەبون کە لەئەنجامی هێرشی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە هاتە ئاراوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەگەڵ جموجوڵەکانی حکومەتەکانی بەغداو هەولێر بەرەو داخستنی کەمپی ئاوارەکان، ئێستا خەریکە قەیرانێکی ئاوارەیی نوێ لەعێراق ڕوبدات کە بەهۆی تێوەگلانی سەربازیی تورکیاوە دروستبوەو دانیشتوانی زیاتر لە500 گوند ناچاربون ناوچەکانیان جێبهێڵن.
