چه‌كداره‌ داعشه‌كانى قه‌ره‌داغ چه‌ند كه‌س بون؟ شارپرێس زانیاریى ئاشكراده‌كات

کوردستان

10/08/2024‌ 5372 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

شارپرێس زانیاری ورد لەبارەی ئەو مەفرەزەیه‌ى داعشەوە ئاشکرادەکات کە شەوی ڕابردوو سێ ئەندامی ئاسایشی سلێمانییان شەهیدکرد.


بەگوێره‌ى ئەو زانیاریانەی تایبەت دەست شارپرێس کەوتون، ئەو مەفرەزەیەی شەوی ڕابردوو ڕوبەڕوی هێزەکانی ئاسایشی سلێمانی بوەوەو له‌ئەنجامدا سێ ئەندامی هێزەکانی ئاسایش شەهیدبون، مەفرەزەیەکی گەڕۆکی چەکدارانی داعشن بونه‌و ژمارەیان سێ بۆ چوار کەس بوە.

بەگوێره‌ى زانیاریەکانی شارپرێس کە لەسەرچاوەیەکی تایبەتەوە دەستیکەوتوە، سەرجەم ئەندامانی ئەو مەفرەزەیەکی داعش کوردن‌و کۆمەڵێک بەڵگەنامەو دوو مۆبایل‌و چەند سیدییەکیان لێ بەجێماوەو لەئێستاشدا هێزەکانی ئاسایش سەرقاڵی کێوماڵن بەدوای ئەو چەکدارانەدا.

زانیاریەکانی شارپرێس ئاماژە بەوەشدەکەن، لەماوەکانی ڕابردودا هێزه‌کانی ئاسایش لەسنوری قەرەهەنجیر چەکدارێکی داعشیان دەستگیرکردوە کە ئەویش زانیاریی لەبارەی ئەو مەفرەزەیەوە پێداون‌و هێزەکانی ئاسایش مەفرەزەیەکیان ناردوە بۆ دەستگیرکردنیان، بەڵام ڕوبەڕوو ڕویداوەو ئەو ڕوداوەی دوێنێی لێکەوتوەتەوە.