بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر ئامانجێک لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی سوریا لە دیمەشق و بەڵێنەکەی بۆ پاراستنی کەمینەی دروزەکان لە سوریا دووپاتکردەوە.
ئەمە دووەم جارە ئیسرائیل لە ماوەی دوو ڕۆژدا هێرش بۆ سەر سوریا دەکات، دوای ئەوەی پێشتر بەڵێنی بەرگریکردن لە دروزەکانی دابوو.
ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتی: بەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشێکی ئاسمانی لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی لە دیمەشق ئەنجامدا، "ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ ڕژێمی سوریا، ڕێگە نادەین هێزەکانی سوریا لە باشووری دیمەشق جێگیرببن و هیچ مەترسییەک بۆ سەر دروزەکان دروست بکەن".
هاوکات سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، فڕۆکە جەنگییەکان ناوچەی تەنیشت کۆشکی ئەحمەد شەرعیان لە دیمەشق بۆردوومان کردووە، بەبێ ئەوەی ئامانجەکەی دیاری بکات.