ترەمپ کۆچبەرانی نایاسایی رەوانەی لیبیا و رواندا دەکات

جیهان

14 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 449 جار خوێندراوه‌ته‌وه

  
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ لیبیا و ڕواندا گفتوگۆی لەسەر ئەگەری دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی لە ئەمریکا کردووە، بەتایبەتیی ئەوانەی پێشینەی تاوانکارییان هەیە و سزاکانیان تەواو کردووە. 

کەناڵی سی ئێن ئێن بڵاویکردۆتەوە، بەرپرسانی ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا لەگەڵ هاوتا لیبیاییەکانیان کۆبوونەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەم پلانە و گفتوگۆی هاوتەریب لەگەڵ ڕواندا ئەنجامدراوە.

مەبەست لە پلانەکە گواستنەوەی کۆچبەرەکانە بۆ ڕواندا و تێکەڵکردنیان لەگەڵ کۆمەڵگادا، کە حکومەتی ڕواندا پاڵپشتیی کۆمەڵایەتییان بۆ دابین دەکات، لەوانە مووچە و هاوکاریی بۆ دۆزینەوەی هەلی کار، نەک زیندانیکردنیان. تێچووی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، پێشبینیش دەکرێت بەراورد بە دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتانی دیکە، وەک سەلڤادۆر زۆر بێت.

دانوستانەکان لەگەڵ ڕواندا لە ڕۆژانی سەرەتای ئیدارەی ترەمپ دەستی پێکردووە، کاتێک یاداشتە دیپلۆماسییەکان بۆ چەند وڵاتێک نێردرا بۆ لێکۆڵینەوە لە ئامادەیی ئەوان بۆ وەرگرتنی کۆچبەرانی دیپۆرتکراو. 

ئەم پلانە بەشێکە لە هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کۆچبەرانی نایاسایی و ڕێگریکردن لە لێشاوی زیاتر لە ڕێگەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان وەک بەدیلێک بۆ وەرگرتنیان لە ئەمریکا.
ئامادەکردن: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی