كۆڕی كوردەكانی دانیشتووی فەڕەنسا لەڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ململانێیەكان و گوشارەكانی ئاسایشی سلێمانی بۆ داخستنی بارەگاكانی سێ ڕێكخراوی "كۆمەڵە"ی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە توندی شەرمەزار دەكەین.
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەڕێوەبەرانی ئەو بڕیارانەی كە بۆ ڕاگوێزتنی ماڵ و بارەگاكانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵە دەركراوە، تەنانەت توانای خوێندنەوەیان نیە لە ڕووداوەكان و گۆڕانكارییەكان كە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە و داهاتووی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی ئێرانیش دەگرێتەوە و ئەستەمە بە هاسانی لێی دەربچێت، هەموو كەس دەزانێ كە حوكمڕانیی ئێران لە لێواری هەڵوەشانەوە دایە و زۆری پێ ناچیت كە ئەو هێزانەی ڕۆژهەڵات دەگەڕێنەوە بۆ سەر گۆڕەپانی سیاسی و نەتەوەیی و ناو باوەشی گەرمی خەڵكی ڕۆژهەڵات.
دەشڵێن، بەرپرسیارەتی تەواوی تێكچوونی دۆخی خەڵك و جەماوەری سێ بەشی كۆمەڵە، كە بە پێچەوانەی هەموو پرەنسیپی مرۆڤی و نەتەوەیی لە شوێنی خۆیان و لە ماڵی خۆیان كە نزیك بە چل ساڵە لێی دەژین، دەكەوێتە ئەستۆی ڕێبەرایەتی ئێستای یەكێتی و ئاسایشی كوردستان.
هەروەها كۆڕی كوردەكانی دانیشتووی فەرەنسا زەخت و داواكارییە ناڕەوا و نالەبارەكانی ڕێبەرایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە توندترین شێوە شەرمەزار دەكات و داوا لە سەرۆكایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكات خێرا پێداچوونە بكەن بە سەر بڕیاری دوورخستنەوەی سێ لایەنی كۆمەڵە لە بنكە و ماڵ و حاڵ و بارەگاكانی خۆیان و ڕێكار و ڕێ و شوێنی پێویستی ڕێككەوتوو لەگەڵ پرەنسیپەكانی ئینسانی و مافی مرۆڤ بگرنە بەر و دەست هەڵگر بن لە گوشاری زیاتر بۆ سەر بەشێك لە ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی نەتەوەیی و جەماوەری ڕۆژهەڵاتی كوردستان.
