ئەمریکا گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکانی بۆ رۆژئاوای کوردستان زیاد کردووە

کوردستان

13 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 496 جار خوێندراوه‌ته‌وه



لە ماوەی مانگی نیسانی 2025، ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان پەرەسەندنی بەرفراوانی چالاکییە سەربازییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکایان بەخۆوە بینیوە، کە ئەوەش هاوتەریب بووە لەگەڵ زیادبوونی چالاکییەکانی ڕێکخراوی تیرۆرسیتیی داعش. 

روانگەی سوریی بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردووە، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی ئامادەیی سەربازیی و لۆجستیی خۆی بە تایبەتیی لە گوندەواری حەسەکە و دێرەزۆر چڕتر کردووەتەوە، بە هێنانی پشتیوانیی سەربازیی لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، جگە لە ئەنجامدانی مەشقی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).

ئەوەش هاتووە: ئەم چالاکییانە هاوکات بووە لەگەڵ ئەنجامدانی مانۆڕی سەربازیی بە چەکی راستەقینە و بەرزکردنەوەی توانای بەرگریی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا کە لە ناوچەکەدا جێگیرکراون، ئەویش لە ڕێگەی هێنانە ناوەوەی چەکی پێشکەوتوو، لەوانە سیستەمی ڕادار و زرێپۆش و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. 

روانگەکە ئاشکرایکردووە، جوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان هەروەک بریتی بوون لە گواستنەوەی کەرەستەی قورس وەک مۆلیدەی کارەبایی، ژووری ئامادەکراو، و سەرچاوەی وزە، ئەمەش لە چوارچێوەی پاڵپشتی لۆجستیکی بەردەوام بە ئامانجی بەهێزکردنی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە باکوورو ڕۆژهەڵاتی سوریا.

لەوچوارچێوەیەدا، ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ چوونە ناوەوەی هەشت فڕۆکەی بارهەڵگر و 344 بارهەڵگری تەیارکراو بە کەرەستەی سەربازیی و لۆجستیکیی لە سەرەتای ئەم مانگەوە بۆ ناو بنکەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان، دیکۆمێنت کردووە.

هاوکات شانە نوستووەکانی داعش بەردەوام بوون لە هێرشەکانیان لەناو ئەو ناوچانەی کە لەلایەن ئیدارەی خۆسەرەوە کۆنترۆڵکرابوون بەتایبەت لەناوچەی دێرەزوور و 23 هێرش تۆمارکراوە، کە لە ئەنجامدا 12 کەس گیانیان لەدەستداوە،  لەنێویاندا هاوڵاتی مەدەنیی و ئەندامانی هێزەکانی هەسەدە و هێزەکانی خۆپارێزی.
ئامادەکردن: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی