بازرگانییکردن بە ماددەی هۆشبەر لە سوریا هەر بەردەوامە

کوردستان

17 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 165 جار خوێندراوه‌ته‌وه

  

بەگوێرەی راپۆرتێکی رادیۆی مۆنتیکارلۆی فەڕەنسیی، سەرەڕای بەردەوامیی هەوڵەکان و هەماهەنگیی ئەمنیی نێوان ئوردن و سوریا، قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان بە تایبەتیی کاپتاگۆن لە دەرەوەی سنوورەکان بەردەوامە و تەحەددایەکی ئەمنیی مەترسیداری بۆ شانشینی هاشمی ئوردن درووست دەکات.

راپۆرتەکە باسی لەوەکردووە،  ڕۆژی دووشەممەی رابردوو، هێزە ئەمنییەکانی ئوردن پووچەڵکردنەوەی هەوڵێکیان بۆ بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەر لە سوریاوە ڕاگەیاند. بەهۆی پێکدادانەکە لەگەڵ قاچاخچییەکان ژمارەیەک برینداری لێکەوتەوە، ئەوانی دیکەش هەڵاتن، جگە لەوەی دەست بەسەر سەدان هەزار حەبی کاپتاگۆنیشدا گیراوە.

ڕاپۆرت و شیکارییەکان دەریدەخەن کە لە ساڵانی ڕابردوودا سوریا بووەتە ناوەندێکی سەرەکیی بۆ درووستکردن و هەناردەکردنی کاپتاگۆن، ئەمەش وایکردووە بازرگانیی ماددە هۆشبەرەکان ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکیی داهات لەو وڵاتە، تەنانەت بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2022ی ئاژانسی فرانس پرێس لە هەناردەکردنی یاسایی وڵاتەکە بە یەکەوە گەورەترە. 

ئەم بازرگانییە سەرەڕای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بەردەوامە و ئەو لایەنانەی کە بەرپرسیارن لێی، پەرەیان بە توانای پێشکەوتووی قاچاخچێتیی و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دامەزراندنی پەیوەندیی لەگەڵ گروپە چەکدارە دەسەڵاتدارەکانی سوریا داوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی پەیمانگای کارنێگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتیی و پەیمانگای مۆنتی کارلۆ، ئەم باندانە تاقیگەی گەڕۆک بەڕێوەدەبەن کە بە نهێنیی کاپتاگۆن بەرهەم دەهێنن. 

لەراپۆرتەکەدا هاتووە: هەرچەندە بڕوا وابوو کە بازرگانیی کاپتاگۆن لە دوای ڕووخانی ئەسەد دابەزیوە، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە بازرگانییەکە بەردەوامە، هەرچەندە بەشێوەیەکی خاوتر، بەشێوەیەک لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەندین کردەی قاچاخچێتیی لە سەرانسەری سنوورەکانی ئوردن و عێراقدا ڕێگریان لێکراوە.

 ئەم پێشهاتانە ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە قەیرانی ماددە هۆشبەرەکان لە سوریا بەردەوامە و پێویستی بە هاوکاریی نێودەوڵەتیی و ناوچەیی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی.
ئامادەکردن: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە