کۆبوونەوەی حکوومەتی تورکیا بەسەرۆکایەتی سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆتایی پێهات کە لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار بەڕێوەچووەو نزیکەی ١:٣٠ خوولەکی خایاند.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەدوای کۆبوونەوەکە، وتی، ئێمە وەکو هاوپەیمانیی جمهوور، قۆناغێکی دیکەی گرنگمان لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر بڕی. رێکخستن بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و رادەستکردنی چەکەکانی راگەیاند. بڕیارەکە بۆ ئاسایشی وڵاتەکەمان، ئارامیی ناوچەکەمان و بەهێزکردنی برایەتیی هەمیشەیی گەلەکەمان بە گرنگ دەزانین.
هەروەها ئەردۆغان ڕونیکردەوە، بڕیارەکە تەواوی باڵەکانی رێکخراوەکە لە عێراق، سوریا و ئەورووپاش دەگرێتەوە.
وتیشی، مشەخۆرانی خوێن و فرمێسک دۆڕاندوویانە و ئەوانەش کە براوەن، گەلانی تورکیا و براکانی لە ناوچەکەن و هەموومان هاووڵاتیی نمرەیەکی کۆماری تورکیاین. هەموومان بەیەکەوە تورکیاین و بەیەکەوەش بەهێزین.
ئەردۆغان دەڵێت، ئەگەر یەکبگرن، هیچ هێزێکی دەرەکی ناتوانێت تورکیا ببەزێنێت. وتیشی، سوپاسی سەرۆکی پارتەکان و هاوبەشی هاوپەیمانییەکەمان دەوڵەت باخچەلی دەکەم کە لە یەکەم رۆژەوە دڵسۆزانە خاوەنداریەتیی پرۆسەکەی کردووە. هەروەها پارتە سیاسییەکان، میدیاکاران و هەموو ئەوانە دەکەم کە رەنجیان کێشاوە، بەناوەی خۆم و گەلەکەمەوە سوپاسیان دەکەم.
باسی لەوەشکرد، یەکێک لە گەورەترین براوەی بڕیارەکەی ئەمڕۆ، کەس و کاری شەهیدان، زیانبەرکەوتووانی سەنگەر، هێزەکانی ئاسایش و دایکانی ئامەدو رۆڵەکانیانن. تەنیا ئەم راستییانە بەسن بۆ ئەوەی نیشانی بدەن ئەو کۆششەی ئێستا پرۆسەکە پێیگەیشتووە لەڕووی مرۆیی و مێژووییەوە چەندە گرنگە و بە هەمانشێوە لایەنێکی دیکەی براوەی پرۆسەکە برا کوردەکانمانن کە ساڵانێکە بەهۆی تیرۆرەوە رۆڵەکانیان لەدەستداوە، رووبەڕووی چەندین کێشەی مادی و مەعنەوی بوونەتەوە و لە ماڵ و حاڵی خۆیان بوون.
