زانایانی توشی سەرسوڕمان کردوە.. ئاستی سەهۆڵبەندانی کیشوەری ئەنتارکتیکا زیادیکردوە

هەمەڕەنگ

14/05/2025‌ 1390 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەهۆڵبەندانەکانی جەمسەری باشور (ئەنتارکتیکا) لەنێوان ساڵانی 2021 بۆ 2023 گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش دوای دەیان ساڵ لەتوانەوەی خێرا کە ڕۆڵی هەبوو لەبەرزبونەوەی ئاستی دەریاکان.


زانیارییەکانی مانگە دەستکردەکانی GRACE و GRACE-FO دەریانخستوە کە پلێتەکە لەزیانێکی ساڵانەی کە بەمەزەندە دەکرێت 142 گیگاتۆن لەماوەی 2011-2020دا گۆڕاوە بۆ زیادبونی نزیکەی 108 گیگاتۆن لەساڵێکدا.

دیارترین گەشەکردن لەبەشی ڕۆژهەڵاتی کیشوەرەکەدا بوە، بەتایبەتیی لەناوچەی ویلکس لاند-کوین میریلاند، کە حەوزە سەهۆڵبەندییە گەورەکانی وەک تۆتن، دێنمانو ڤینسێن بەی چاکبونەتەوە.

زانایان هۆکاری ئەم گۆڕانکارییە دەگەڕێننەوە بۆ زیادبونی بەرچاوی بەفربارین‌و بارانبارین، ئەمەش بوەتە هۆی کەڵەکەبونی سەهۆڵ کە لەڕێژەی توانەوەی زیاترە، ئەمەش بوەتە هۆی کەمبونەوەی بەرزبونەوەی ئاستی دەریا بەڕێژەی نزیکەی 0.3 ملم لەساڵێکدا.

ئەوەش هاتوە، لەکاتێکدا ئەم باشتربونە بەرچاوو جێگه‌ی ئاماژەیە، بەڵام شارەزایان هۆشداریدەدەن لەوەی کە ڕەنگە زیادبونەکە کاتی بێت‌و مەرج نییە ئاماژەبێت بۆ گۆڕانکارییەکی درێژخایەن لەهەڵسوکەوتی پلێتەکەدا، ئەمەش پێویستی بەلێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە بۆ تێگەیشتن لەکاریگەرییەکانی داهاتوی لەسەر کەشوهەوا.

و: ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی