مەزڵوم عەبدی پشتیوانی بۆ کۆبونەوەی ترەمپ و ئەحمەد شەرع ڕاگەیاند

عیراق

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4347 جار خوێندراوه‌ته‌وه

فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕایگەیاند، پێشوازی دەکەن لەکۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی نێوان ترەمپ و ئەحمەد شەرع لەسعودیە و ئەو کۆبونەوەی ئەمڕۆ لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، دەشڵێت، ئێمە بە دەرفەتێکی گرنگ دەزانین بۆ ئەوەی ڕێگە خۆشبکەین بۆ قۆناغێکی نوێی گفتوگۆی بنیاتنەر، خزمەت بە گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ سوریا بکات.

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا کۆببێتەوە.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ئاژانسی نۆڕس پرێس دەڵێت، پێمان وایە هاوبەشییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتی پایەیەکی بنەڕەتی دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی سەقامگیر و پارێزراو بۆ هەموو سورییەکان، هەروەها ئامادەیی خۆمان دەردەبڕین بۆ هاوکاریکردنی هەموو لایەنەکان لەسەر ئەو بنەمایە.

مەزڵوم عەبدی لەبارەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە سزاکانی سەر سوریا وتی، پێشوازی لەو هەوڵانە دەکەین کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە سزاکانی سەر سوریا، چونکە ئەمە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی ئازارەکانی گەلی سوریا کە زیاتر لە چواردە ساڵە بەردەوامە. کاتی ئەوە هاتووە ڕێگە خۆشبکرێ بۆ قۆناغێکی نوێی بوژانەوەی ئابوری و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بەهەموو سوریاوە بەتایبەتی باکورو ڕۆژهەڵات."

مەزڵوم عەبدی ستایشی هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی کرد کە "بەشداربوون لە هەڵگرتنی سزاکانی سەپێنراو بەسەر سوریادا".

عەبدی سەبارەت بە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ شەرع ڕایگەیاند، پابەندبوونمان بەو ڕێککەوتنە دووپات دەکەینەوە کە لە 10ی ئاداردا لەگەڵ دیمەشق ئەنجامدراوە.