هاوسەرۆکی دەم پارتی: ئەم وڵاتە دەگۆڕین بۆ وڵاتێکی دیموکراتیک و دەوڵەتی یاسا

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4152 جار خوێندراوه‌ته‌وه



هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند: "لەکاتێکدا ئێمە هەوڵدەدەین ئایندەی هاوبەش بنیات بنێین و ئاشتی و دیموکراسی جێبەجێ بکەین، وەک هەموو جارێک هەندێک کەس هەن دەیانەوێت تۆوی دووبەرەکی بچێنن. نایانەوێت کە ئیتر منداڵان گیان لەدەست نەدەن و دایکان نەگرین. 

تونجەر باکرهان لەشاری مووش لەباکوری کوردستان لەڕێوڕەسمێکدا ڕایگەیاند، کاتێک باسی دەرفەتی مێژوویی و ئاشتی دەکەین، هەندێک کەس باسی لۆزان دەکەن و دەڵێن "دەوڵەت دابەش دەبێت، دەوڵەت شکستی هێنا، نەما". هیچ هەوڵێک نییە بۆ ڕووخاندنی دەوڵەت و لەناوبردنی کۆمار. ئێمە دەمانەوێت ئەو کۆمارە دیموکراتیک بکەین کە پێش ١٠٠ ساڵ پێکەوە بنیاتنمان ناوە. دەمانەوێت ئەم کۆمارە دان بە کورددا بنێت، کورد وەک هاووڵاتیانی یەکسان ببینێت".

ڕاشیگەیاند، لەم قۆناغەدا کە ئەگەری بێدەنگکردنی چەک و ئەگەری ئاشتی هەیە، هەوڵێک هەیە بۆ بنیاتنانی تورکیایەک کە هەموو تێیدا یەکسان و ئازادبن، هەوڵی تێکدانی هەوڵەکانی ئاشتی واتە "با ئاشتی نەبێت، با مرۆڤەکان بمرن. ئێمە سەرنجمان لەسەر ئەوەیە ئەم پرۆسەیە سەربخەین، دەمانەوێت ئەم وڵاتە بگۆڕین بۆ وڵاتێکی دیموکراتیک و دەوڵەتی یاسا. بۆیە بە سەبرێکی گەورەوە ئەم تێکۆشان و پرۆسەیە بەردەوام دەکەین".

باکرهان دەشڵێت،  "دەسەڵاتەکان دەگۆڕێن، سیستەمەکان دەگۆڕێن. شەڕ و ئاڵۆزی هەیە، تورکیا لە تەنیشتی ئەم شەڕ و ئاڵۆزییەیە. بۆیە ڕێگەی بەهێزکردنی تورکیا، بنیاتنانی کۆماری دیموکراتیک و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و دووبارەنەکردنەوەی هەڵەکانی پێشووە".

هەروەها وتی، دەبێت سیستەمێکی گونجاو لەگەڵ زمان و کەلتوور و باوەڕی کوردان بنیات بنرێت، ئەگەر ئاشتی بەدی بێت، کشتوکاڵ و بەرهەمهێنان و بەرەکەت ڕوودەکاتە ئەم خاکە، شەڕ برسێتی و هەژاری بۆ گەل هێنا، دەبێت ئەو ملیاران دۆلارەی بۆ شەڕ خەرج دەکرێت بخرێتە خزمەتی جووتیاران و کرێکاران و چەوساوەکان و هەژارانەوە.