شارپرێس:
نوسینگهى جێگرى سهرۆك وهزیرانى ههرێم ئاشكرایدهكات، ههفتهى داهاتوو سلێمانی میوانداریی کۆڕبەندێکی جیهانیی دەکاتو وهزارهتى دهرهوهى یۆنان-یش سهرپهرشتى دهكات.
لهڕاگهیهنراوێكدا نوسینگهى قوباد تاڵهبانى ئاشكرایكردوه، بەچاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانو بەسەرپەرشتی وەزارەتی دەرەوەی یۆنان، ڕۆژانی 18و 19ى ئهم مانگه، کۆڕبەندی دێڵفی - سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
کۆڕبەندی ئابوری دێڵفی، کۆڕبەندێکی ستراتیژییە بۆ گفتوگۆو هەماهەنگیو گەشەپێدانی هەرێمایەتی کە تێیدا تاووتوێی بوارەکانی ئاسایش، وزەی بەردەوام، هەمەچەشنیی ئابوریو دواپێشهاتەکان، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر دەرفەتەکانی وەبەرهێنان.
باس لهوهشكراوه، کۆڕبەندی دێلفی ـ سلێمانی، دەستپێشخەرییەکی نوێیە بۆ دیالۆگ لەسەر ئاستی جیهانو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت، کە یەکەمجارە لەشاری سلێمانی دەبەسترێتو چەندین کەسایەتی عێراقو یۆنانو جیهانو گەورە بازرگانانو خاوەن سەرمایەکانی جیهان بەشداردەبن بۆ داڕشتنی سیاسەتو ستراتیژیی بازرگانیو هێنانەکایەی هەماهەنگی لەناوچەکەدا.
لهو ڕاگهیهنراوهدا ئهوهش ڕونكراوهتهوه، کۆڕبەندەکە بەهەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمو بەسەرپەرشتیی سکرتاریەتی گشتیی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانو دێسکی دەرەوەی وەزارەتی دەرەوەی یۆنانو ئاژانسی یۆنانی (ئیتەرپرایس گریس)، بەڕێوەدەچێت.
کۆڕبەندی دێلفی ـ سلێمانی دەبێتە سەکۆیەکی نێودەوڵەتی پێشەنگ بۆ داڕشتنی سیاسەتو ستراتیژی بازرگانیو هاوکاریی لەناوچەی فراوانترداو سلێمانیش پردێک لەنێوان ڕۆژهەڵاتو ڕۆژئاوا لەساتێکدا کە هەماهەنگیی جیهانی لەهەموو کاتێک پێویستترە.
