شارپرێس:
کرێملین ئاشكرایكرد، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا لەدانوستانەکانی داهاتوی ڕوسیاو ئۆکرانیا لەئیستانبوڵ ئامادەنابێت، ئهم بڕیارهش یهكێتیى ئهوروپاى توڕهكردوهو داوادهكات، سزا بهسهر ئهو وڵاتهدا بسهپێندرێت.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا لەفەرمانێکدا كه ماڵپەڕی فەرمی کرێملین بڵاویكردوهتهوه، پێکهاتەی وهفدى بەشداربوی ڕوسیای پشتڕاستکردەوە كه پێکهاتوە لەڕاوێژکارەکەی ڤلادیمێر مێدینسکیو جێگری وەزیری بەرگریی ئەلێکساندەر فۆمینو ژەنەراڵ ئیگۆر کۆستیکۆڤ بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی سەرەکیی هەواڵگری لەدەزگای هەواڵگریی سەربازیی، پێشتریش بەشدارییان لەدانوستانەکانی ساڵی 2022دا کردوە، دوای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکرانیا.
دواتر کرێملین بەفەرمی ڕایگەیاند، "پوتن بەشێوەیەکی تایبەت بەشداریی دانوستانەکان ناکاتو جەختی لەسەر متمانەی تەواوی خۆیشى بەوهفدى دانوستانکار کردەوە".
لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی ڕۆیتەرز لەزاری بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیاوە، بەهۆکاری ئەمنیی نەیویستوه ناوی ئاشکرابکرێت ڕایگەیاندوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا بەرەو ئەنكەرە کەوتوەتەڕێ، بۆ ئەوەی ڕاستەوخۆ بەشداریی لەدانوستانەکاندا بکات.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەجددیەتی کیێڤ بۆ بەشداریی لەم خولەی دانوستاندا كردو وتی: "ئێمە بەڕێوەین".
بەرپرسێکی ئەمریکى جهختیكردوهتهوه، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەشداریی لەدانوستانەکانی نێوان ڕوسیاو ئۆکرانیا کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی ئایاری 2025، لەئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت، ناچێتە تورکیا، لەبری ئەوە، ئەمریکا نوێنەرایەتیی ئەم دانوستانانە لەلایەن مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەو نوێنەری دیکەی لەوان ستیڤ ویتکۆفو کیس کیلۆگ دەکات.
ترەمپ پێشتر ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو بۆ بەشداریی لەدانوستانەکان، بەمەرجێک ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕوسیا بەشداریی بکات، بەڵام پوتن بڕیاریدا بەشداریی نەکات.
دواى بڕیارهكهى پوتن، یهكێتیى ئهوروپا هاتهدهنگو داوادهكات، سزاى زیاتر بهسهر مۆسكۆدا بسهپێندرێت بهو هۆیهى نایهوێت ئاشتى بهرقهراربێت.
