شارپرێس:
لەویلایەتی فلۆریدای ئەمریكا زیندانێكی نوێ بەبەهای 450 ملیار دۆلار تایبەت بە كۆچبەران و ئەو زیندانیانە دروست دەكرێت، كە بە تاوانی قورس سزا دەدرێن.
بڕیارە زیندانەكە ئەمرۆ لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بکرێتەوە، کارۆلاین لێڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی لەبارەی ئەو زیندانەوە رایگەیاند،" تەنیا یەک رێگەی بۆ دەچێت، تاکە رێگەی دەرچونیش گەشتێکی ئاسمانیی یەکلایەنەیە، شوێنەکە دابڕاوە و بە گیانەوەری کێوی مەترسیدار و زەوییەکی سەخت دەورە دراوە."
لێڤیت لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا بونی ئەو گیانەوەرە خشۆکانە بەشێکە لە دیزاینی زیندانەكە؟ وتی، "کاتێک بکوژ و دەستدرێژیکار و تاوانبارە قێزەونەکانت لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردندا هەبێت کە بە تیمساح دەورە دراوە، بەڵێ، پێموایە ئەوە هۆکارێکی رێگریکردنە بۆ ئەوەی هەوڵی هەڵاتن نەدەن."
ویلایەتی فلۆریدا، کە لەلایەن رۆن دیسانتیسی کۆمارییەوە بەڕێوەدەبرێت، هەفتەی رابردوو رایگەیاند کە شوێنەکە بە تێچووی نزیکەی 450 ملیۆن دۆلار دروست دەکات.
سەنتەرەکە لەسەر شوێنی فڕۆکەخانەیەکی لەکارکەوتوو و لە دارستانەکانی مانگرۆڤ و زۆنگاوەکان دروستکراوە کە ناوچەی پارێزراوی ئێڤەرگلەیدز پێکدەهێنن.
ئەم ناوچەیە وەك ماڵی سەرەکیی تیمساحەکان ناسراوە و مەزەندە دەکرێت نزیکەی 200 هەزار تیمساحی لێبێت، کە درێژیی هەندێکیان دەگاتە 4.5 مەتر.
جەیمس ئوتمایەر، داواکاری گشتیی فلۆریدا، لەبارەی زیندانەكەوە بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند،" ئەگەر خەڵک لێی دەربچن، شتێکی زۆریان چاوەڕێ ناکات، جگە لە تیمساح و مارە پایتۆنەکان."
