١- بە شێوەیەکی گشتی وەک چاوەڕێ دەکرا، رۆژنامەو کەناڵەکانی نزیک لە ئەردۆغان و حیزبەکەی (بە حورییەت و میللیەتیشەوە)، سەرتاپا پیاهەڵدانە بە سەرۆک و حیکمەتی سەرۆکدا. هەر هەمووی پشتیوانی لە هەنگاوەکانی حکومەت ئەکەن.
٢- دوو حیزبەکەی ئۆپۆزسیۆن:
ئیی پارتی کە حیزبێکی تۆرانییە (چەند ساڵێک لەمەوبەر مەهەپەی باخچەلی جیا بووەوە)، زۆر بە توندی
هێرش ئەکاتە سەر ئەردۆغان و حکومەتەکەی. ئەمڕۆ سەرۆکەکەیان (دەرویش ئۆغلو) بەتایبەت هێرشێکی توندی کردە سەر ئەو قسانەی ئەردۆغان کە باسی هەڵەکانی دەوڵەتی ئەکرد بەرامبەر کورد. لەوانە ئیغتالاتەکان (پێی ئەڵێن تاوانی بکەر نادیار: فاعیلی مەجهول جینایەتلەر)، سووتاندنی گوندەکان، ئەشکەنجەو تاوانەکان لە زیندانی دیاربەکر… هتد. دەرویش ئوغلو روو بە ئەردۆغان وتی: تۆ وا ئەزانی ئێستاش لە گەڕەکی قاسم پاشا ئاو ئەفرۆشی! تۆ پێگەی سەرۆکی دەوڵەتت هەیە، چۆن ئاوا بە زمانی خۆت ئیدانەی دەوڵەتەکەت ئەکەیت لەبەردەم ئەوروپاو دنیاو رێکخراوە یاساییە نێودەوڵەتییەکاندا؟
میدیاو نووسەرەکانی ئەم حیزبە رێک بە زمانی سەردەمی شەست و حەفتاکان قسە ئەکەن و هەڵوێستیان لەسەر پرۆسەکە توندتر بووە، نەرمتر نەبووە.
٢- پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، گەورەترین حیزبی ئۆپۆزسیۆن
بۆ وەبیر هێنانەوە: ئەم حیزبە خۆی بە میراتگری حیزبەکەی ئاتاتورک ئەزانێ و هەمان ناویشی هەیە.
بەشێوەیەکی گشتی لە دوو بۆچوونی جیاوازەوە هێرش ئەکەنە سەر پرۆسەکە. یەکەمیان ئەوانەن کە بە هەمان عەقلییەتی کەمالیزم بیردەکەنەوەو هەر لەوێشەوە بە تەواوی دژی پرۆسەکە قسە ئەکەن. سەری زمان و بنی زمانیان داکۆکی کردنە لەوەی لە تورکیادا جیاوازی نەکراوەو ناکرێ، هەموان هاوڵاتین، ئەو کێشانەی هەن بەرهەمی تیرۆری پەکەکەن.
دووەمیان ئەوانەن کە رەنگە بەرامبەر کێشەی کورددا کەمێک نەرمتر بن لە هاوڕێکانی گرووپی یەکەمیان، بەڵام هیچ رۆژێک هیچ بەرنامەو پلانێکی روونیان بۆ چارەسەری کێشەی کورد پێ نەبووە، جگە لە هەندێ دروشمی گشتی. ئەمانیش هەر دژی پرۆسەکە قسە ئەکەن، بەڵام بە زمانێکی نەرمتر.
ئەمانە زۆرتر لەم رونگەیەوە قسە لەسەر پرۆسەکە ئەکەن: ئەردۆغان نە بڕوای بە دیموکراسی هەیە، نە بە چارەسەری کێشەی کورد. ئەمە گەمەیەکە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی دەسەڵاتی خۆی و لێدان لە هێزی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن، واتە جەهەپە. ئەوەتا لەکاتێکدا کە باسی چارەسەری کێشی کورد ئەکا، بەردەوامە لە گرتن و راوەدوونانی ئۆپۆزسیۆن. لەم رووەشەو رەخنە لە دەم پارتی و کورد ئەگرن کە “خەمی بەرتەسکی” چارەسەری کێشەی کورد، وێنە گەورەکەی لێ شاردوونەتەوە کە تورکیا بەرەو دیکتاتۆرییەتی یەکجارەکی ئەردۆغان ئەڕوا، کوردیش بەم پرۆسەیە دەبێتە هاوکاری ئەردۆغان. لە بەرامبەردا وەکو وتم، جەهەپە هیچ بەرنامەیەکی بۆ کورد نەبووەو نیە. بگرە هەر کاتێ دەوڵەتی تورک پەلاماری کوردی دابێ، ئەوان ئەگەر هاوکاری نەبووبن، ئەوا بێدەنگییان هەڵبژادوە. سەیر ئەوەیە جەهەپە خۆی بە حیزبێکی چەپ ئەزانێو ئەندامی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆ نالە!
لێرەشەوە با بێمە سەر ڕۆژنامە چەپەکان
رۆژنامەی جمهورییەت کە بە حساب کۆنترین رۆژنامەی چەپی تورکیایەو سەردەمانێک عەزیز نسین سەرنوسەری بوە، نزیکە لەجەهەپەوەو بەتوندیی دژی پرۆسەکە قسە ئەکا، دیفاع لەمستەفا کەمالو کەماکیزم ئەکاو بەتوندی دژی ئیسلامییەکانە، هەر بۆ زانیاریی، ئەم ڕۆژنامەیە یەکەم میدیا بوو کە بەبەڵگەی ڤیدیۆیی هاوکاری میتو ئەردۆغانی بۆ داعش بڵاوکردەوە، ئەم ڕوداوە بە“لۆرییەکانی میت” بەناوبانگە لەمیدیای تورکیدا.
ڕۆژنامەی سۆزجو، دیسان رۆژنامەیەکی چەپە، هەمان هەڵوێستی هەیە. بۆ نموونە ئەمڕۆ نووسەرێکیان باسی ئەو چەکانە ئەکا کە دوێنێ سووتێنرانو ئەپرسێ: نازانین ئە چەکانە چۆن گەیشتوهته دەستی ئەو تیرۆریستانە؟ ئاخۆ لەکوشتنی هاوڵاتی تورکدا بەکارهاتون یا نە؟
ئەمانە کەمالیستی توندڕەون و بۆیان قبووڵ ناکرێت دانی پێدا بنێن سەرچاوەی سەرەکیی کێشەی کورد کەمالیزم و مستەفا کەمالە. عەلمانیی توندڕەونو لەگەڵ ئەردۆغانی ئیسلامیدا دانویان ناکوڵێ.
لەم نێوەدا رۆژنامەی ئەڤرەنسەل، کە ئەویش رۆژنامەیەکی چەپە، بە روونی پشتیوانی لە پرۆسەکە ئەکا.
هەرچی سایتی (تی٢٤)ی حەسەن جەمالە، کە خۆی بە لیبرال پێناسە ئەکاو بەردەوام کێشەی کورد یەکێک بووە لەو بابەتانەی گرنگیی پێداوە، بەگشتی پشتیوانی لە پرۆسە ئەکا، بەڵام ئەو نیگەرانییەش ناشارێتەوە کەمەترسی هەیە کورد لەپێناوی چارەسەری کێشەکەی خۆیدا، مەسەلەی بنەڕەتیی تورکیا فەرامۆش بکا کە دیموکراتیزەکردنی زیاتری وڵاتەکەیە.
جگە لەوانەیش چەند سایت و میدیایەکی لێ دەرچێ، هێشتا زمانی زاڵ لە میدیای تورکیدا زمانەکەی جارانە کە لە باسی کێشەی کورددا، پڕە لە بەکارهێنانی وشەی تیرۆر و تیرۆریستان.
ئاسۆس هەردی
