ئەگەر یاسای حەشدی شەعبی پەسەندبکرێت ئەمریکا چی بەرامبەر عێراق دەکات؟

عیراق

06/08/2025‌ 5323 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دیفید شینکەر (بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەیەکەمین ئیدارەی ترەمپ) ڕاپۆرتێکی لەپەیمانگه‌ی واشنتۆن بۆ لێکۆڵینەوەکان دەربارەی میلیشیا چەکدارەکانی عێراق نوسیوە، تێیدا باسی لەوەکردوە، چەسپاندنی هەمیشەیی میلیشیا چەکدارییەکانی سەر به‌ئێران لەناو دەوڵەتی عێراقدا گورزێکی گەورە دەبێت لەبەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بۆیە دەبێت کاردانەوەی واشنتۆن ڕون، توندوتۆڵ‌و ڕێکخراوبێت لەگەڵ ئەو هاوبەشە هەرێمییانەی کە بەهۆی ئەو گروپانەوە زیانیان پێگەیشتوە.


نوسەر لەبابەتەکەیدا دەڵێت، "سەرەڕای ئەو گورزانەی کە بریکارەکانی ئێران لەناوچەکەدا لەساڵی 2023وە بەریانكه‌وتوه‌، بەڵام تاران دەستی لەستراتیژییەکەی هەڵنەگرتوە لەپشتبەستن بەمیلیشیا بیانییەکان، بەڵکو ئێستا پشتیوانییەکانی بۆ دیارترین بریکارەکانی لەعێراق، هێزەکانی حەشدی شەعبی چەند قاتکردوە".

لەکۆتایی مانگی تەمموز، گروپەکانی سەر بە"بەرەی مقاوەمە" لەناو حەشدی شەعبی‌و پارتە لایەنگرەکانی ئەو هێزانەی لەپەرلەمان هاندا بۆ دەرکردنی یاسایەک لەپەڕلەمان بەئامانجی چەسپاندنی بونی سەربازیی‌و سیاسییانە لەناو بەغدا، ئەم دەستپێشخەرییە هەڕەشەی لاوازکردنی پەیوەندییە ناسکەکانی ئێستای نێوان‌و شنتۆن‌و بەغدا دەکات.

میلیشیاکانی پێکهێنەری حەشدی شەعبی لەساڵی 2014 دامەزران، دوای ئەوەی داعش کۆنترۆڵی ڕوبەرێکی فراوانی خاکی عێراقی کرد، بەڵام سەرەڕای ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی بەغدا بەسەر داعش لەکانونی یەکەمی 2017، نزیکەی هەشت ساڵ لەمەوبەر، حەشدی شەعبی هەر ماوەو لەهەموکات بەهێزترە، بەشێوەیەک ئەمڕۆ، حەشدی شەعبی نزیکەی 238 هه‌زار چەکداری تێدایەو بودجەیەکی ساڵانەی حکومیی بەنزیکەی 3.6 ملیار دۆلار هەیە، زیاتر لە70 گروپی تێدایە، لەوانەش ئەو گروپانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە بەتیرۆریستی پۆلێنکراون، دیارترینیان:

بزوتنەوەی نوجەبا
عەسائیب ئەهلولحەق
کەتائیب حزبوڵڵا


سەرەڕای ئەوەی لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە پارەیان پێدەدرێت، ئەو گروپانه‌ لەناو حەشدی شەعبیشدا دڵسۆزییان بۆ ئێران هەیەو بەردەوامن لەسەر داواکاریی بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەعێراق.

یاسای نوێی حەشدی شەعبی
لە 16ی تەمموز، حکومەتی عێراق خوێندنەوەی کۆتایی بۆ پڕۆژەیاسای حەشدی شەعبی کرد، ئەمەش ڕێگەی پێدەدات لەهەر دانیشتنێکی داهاتوی پەرلەماندا دەنگی لەسەربدرێت.

ئەگەر یاساکە پەسەندبکرێت، ئەم یاسایە یاسای ڕەسەنی ساڵی 2016 دەچەسپێنێت کە حەشدی وەک لیژنەیەکی کاتی سەر بەسەرۆک وەزیران دامەزراندو ڕێکخراوەکە دەگۆڕێت بۆ دەزگایەکی هەمیشەیی لەدەزگاکانی دەوڵەت.

هەروەها یاساکە پێکهاتەی ڕێکخراوەیی حەشد ڕێکدەخات‌و پۆست‌و ئەرک‌و ئیمتیازات‌و زنجیرە فەرماندەییەکانی بیرۆکراتی بەوردی دیاریدەکات‌و ئەکادیمیایەکی سەربازیی تایبەت بەحەشدی شەعبی دادەمەزرێنێت، لەنێو مادە هەرە مشتومڕەکاندا، یاساکە فالح فەیاز فەرماندەی ئێستای حەشدی شەعبی کە لەساڵی 2021 لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاوە بەهۆی پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤەوە خرایە لیستی سزاكانەوە، بۆ پلەی وەزیر بەرزدەکاتەوەو لەلیژنەی وەزاری ئاسایشی نەتەوەیی جێگیری دەکات.

سەرەڕای خواستە کۆنەکان بەیەکخستنی حەشدی شەعبی لەناو هێزە چەکدارە ڕێکخراوەکاندا، یاسا نوێیەکە سەربەخۆیی حەشدی شەعبی وەک دامەزراوەیەکی سەربازیی هاوتەریب یاسایی دەکات.

لەتیۆریدا، حەشدی شەعبی وەک وەزارەتەکانی بەرگریی‌و ناوخۆ لەژێر سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران دەبێت، بەڵام لەواقعدا، مێژوی حەشدی شەعبی نیشاندەدات کە لەساڵی 2019وە لانی کەم، کاتێک یەکەمین ئیدارەی ترەمپ هەڵمەتی سزای دژی ئێران دەستپێکرد، شوێنکەوتەی ئاراستەکانی ئێرانە.

سەرەڕای ئەوەش، هەرچەندە پڕۆژەیاساکە باس لەمانەوەی حەشدی شەعبی بێلایەن دەكات لەڕوی سیاسییەوە، بەڵام سەرکردەکانی لەگروپە شیعە چەکدارەکاندا مەیلی  ئایدیۆلۆژیی‌و دڵسۆزییان بۆ تاران ناشارنەوە، بەڵکو دەقی یاساکە ئاماژە بەئەندامانی حەشدی شەعبی وەک "موجاهید" دەدات نەک "سەرباز" یان "عەسکەری".

ناکۆکی لەگەڵ واشنتۆن
لەپەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ڕۆژی 22ی تەمموز لەگەڵ سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سودانی، مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا نیگەرانی خۆی دەربڕی لەوەی کە یاسا نوێیەکە "کاریگەری ئێران بچەسپێنێت‌و گروپە تیرۆریستییە چەکدارەکان یاسایی بکات کە سەروەریی عێراق لاواز دەکەن".

ئەمەش درێژکراوەی فشارە بەردەوامەکانی چەندین ئیدارەی ئەمریکایە بۆ هاندانی بەغدا بۆ کۆنترۆڵکردنی حەشدی شەعبی.

لەڕوە مەترسیدارەکانی حەشدی شەعبی بۆ حکومەتی عێراق:
o    ئەنجامدانی هێرشی بەردەوام دژی بونی ئەمریکا، لەوانەش باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا.
o    هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئەمریکا لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش.
o    هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو ئیسرائیل.
o    هەروەک حەشدی شەعبی عێراقییەکانیشی کردوەتە ئامانج‌و هەوڵی تیرۆرکردنی کەسایەتییە سیاسییەکانیداوە (سەرۆک وەزیرانی پێشوو، سەرۆکی پەرلەمان).
o    کوشتنی ڕۆژنامەنوسان‌و هێرشکردنەسەر خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز.
o    هەڕەشەکردن لەکەمینەکان (وەک مەسیحییەکان لەنەینەوا).
o    بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان.

تەنها لەهەفتەی ڕابردودا، ئەندامانی کەتائیب حزبوڵڵا هێرشیانکردەسەر دامەزراوەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵ‌و پۆلیسێک‌و هاوڵاتییەکی مەدەنییان کوشت کاتێک هەوڵیاندەدا ڕێگریی بکەن لەلادانی بەرپرسێکی لایەنگری خۆیان کە یارمەتیدابون لەدەستبەسەرداگرتنی بەرژەوەندییە گەورە کشتوکاڵییەکان.

بژاردەکانی سیاسەتی ئەمریکا
پاڵپشتی بەغدا بۆ دامەزراوەییکردنی حەشدی شەعبی هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا ئاڵۆزتر دەکات‌و هەر ئومێدێک بۆ هێنانی وەبەرهێنانی نوێی ئەمریکی بۆ عێراق لاوازدەکات، هەربۆیە واشنتۆن هۆشداریداوەتە بەغدا کە پەسەندکردنی ئەم یاسایە لێکەوتەی خراپی دەبێت.

ڕۆژنامەی ئەخبار-ی لوبنانی نزیک لەحزبوڵڵا بڵاویکردوه‌تەوە کە هەڵسوڕێنەری کارەکانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا، ستیڤن فاگن هەڕەشەی "دەستوەردانی نێودەوڵەتی یەکلاکەرەوەی"ی لەسودانی کردوە ئەگەر حکومەتەکەی بەردەوامبێت لەپڕچەککردنی میلیشیاکان.

لێرەدا هەندێک لەبژاردەکانی بەردەم واشنتۆن خراونەتەڕوو:
ـ خێراکردنی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا؛ لەئێستادا نزیکەی دوو هه‌زارو 500 سەربازی ئەمریکی لەعێراقن لەچوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش.

ـ بڕیارە سەدان کەسیان تا مانگی ئەیلولی داهاتوو بکشێنەوەو ئەوانی دیکە تا کۆتایی ساڵی 2026.

ـ لەگەڵ هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی بۆ بەئامانجگرتنی ئەمریکییەکان ئەگەر تا کۆتایی مانگی داهاتوو نەڕۆن، ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کە عێراق بەرپرسیارێتی ئاسایشی خۆی لەئەستۆ بگرێت.

ـ بڵاوکردنەوەی زانیاری هەواڵگریی دەربارەی هێرشەکانی کوردستان، بەشێوەیەک ئەگەر واشنتۆن زانیاریی پشتڕاستکراوی هەبوو دەربارەی تێوەگلانی حەشدی شەعبی، دەبێت بڵاوی بکاتەوە بۆ فشارخستنەسەر بەغدا.

ـ سودانی بانگهێشتی واشنتۆن نەکرێت، سودانی دەیەوێت سەردانی واشنتۆن بکات بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتییەکی ڕەمزی پێش هەڵبژاردنەکانی تشرینی دوەم.

ـ هۆشداریدان بەکۆمپانیا ئەمریکییەکان لەوەبەرهێنان، سەرەڕای ویستی سودانی بۆ هێنانی وەبەرهێنانی وزەی ئەمریکی، حکومەتی ئەمریاک ڕایدەگەیەنێت کە ژینگەی وەبەرهێنان ئاڵۆزو مەترسیدارە.

ـ بەنێودەوڵەتیکردنی پرسەکە، لەبەرئەوەی واشنتۆن تاکە لایەن نییە کە بەهۆی بەیاساییکردنی حەشدی شەعبیەوە زیانی پێدەگات، بەوپێیەی حەشدی شەعبی هێرشیکردوه‌تەسەر ئامانجەکانی لەکوەیت‌و سعودیە، سەروەری سوریای پێشێلکردوەو هەڕەشەی لەئوردن کردوە.

ـ ڕێگەدان بەپەسەندکردنی یاساکە هەوڵەکانی سودانی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی لاواز دەکات.

ـ پۆلێنکردنی عێراق وەک "دەوڵەتێکی پاڵپشتیکاری تیرۆر".

ـ بەڵام وەزارەتی خەزێنە دەتوانێت سزای کۆمپانیای ئەندازیاری گشتیی (ڕوی ئابوری حەشدی شەعبی)و لقەکانی بدات‌و حکومەتی عێراق بەرپرس بکات لەهەر گرێبەستێک کە لەگەڵیدا دەبەسترێت.

دەربارەی نوسەر:
دەیڤید شێنکەر هاوکاری باڵای پەیمانگه‌ی واشنتۆن، بەڕێوەبەری پڕۆگرامی ڕوبن بۆ سیاسەتی عەرەبی‌و وەک یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک لەیەکەمین ئیدارەی ترەمپ خزمەتیکردوە.