ئارەزوو یەکەم کچه‌ تەعدیلچی لەڕۆژهەڵات‌و ئه‌و كچه‌ى تابوەکانی تێكشکاند

کوردستان

22 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4631 جار خوێندراوه‌ته‌وه

کچێک کە تابوەکانی شکاند
ئارەزوو باباجانی، کچێکی خەڵکی کرماشان، بەئیرادەو هەوڵدان، پیشەیەکی پیاوانەی بەناوی خانمانەوه تۆمارکردو شێوازی تێڕوانینی مرۆڤەکانی لەم بوارەدا گۆڕی، لەکارگایەکی یەکێک لەگەڕەکەکانی شاری کرماشان دەنگی لێدانی نەرمی کەرەستە لەجەستەی ئۆتۆمبێلێک دەگاتە گوێ، ئەم دەنگە ڕەنگە بۆ زۆر کەس ئاشنابێت، بەڵام ئەوەی ئەم شوێنە جیاوازدەکات، ئەو دەستانەن کە ئەمکارە دەکەن؛ دەستی کچێک بەناوی ئارەزوو باباجانی کە بەیەکەم کچی تەعدیلچی PDR لەڕۆژھەڵاتی کوردستان ناسراوە.

ئارەزوو تەمەن 33 ساڵ، خاوه‌نى بڕوانامه‌ى ماستەرە لەزانستی کۆمپیوتەر، دوای تەواوکردنی خوێندن، چەند ساڵێکی ژیانی لەپشت مێزێکەوە وەک کارمەندێک بەسەربردوە، بەڵام ئەو ژیانە ئارام و کەم جوڵەیە ڕازینەبوو، ئەو دەڵێت: "ماوەیەکی زۆر هەستمدەکرد کە ڕێگایەکی هەڵەم هەڵبژاردوە، کاتێک بۆ یەکەمجار ئاشنای پیشەی تەعدیلچی PDR بوم، یەکسەر زانیم کە ئەمە ئەوکارەیە کە بڕیاربوو بیکەم".

سەرەتای ڕێگایەک کە ئاسان نەبوو
ساڵانێک بوو حەز و خولیای بۆ ئۆتۆمبێل لە ناخیدا دروست بووبوو، بەڵام بارودۆخی کۆمەڵگا ڕێگەی نەدەدا کچێک بچێتە بوارێکی وەک  ئۆتۆمبێل. بەڵام کاتێک بڕیاریدا فێری PDR بێت، ڕووبەڕووی ناڕەزایی خێزانەکەی بووەوە، بەتایبەتی دایکی.

ئارەزوو بە پێکەنینەوە دەڵێت: "یەکەم مەشق و ڕاهێنانم لە تاران تەواو کرد، بە بێدەنگی و بێ ئەوەی کەس لە بنەماڵەکەم بزانێت، ڕۆیشتمە تاران و لە فێرگەیەک بە شێوەی ئەکادیمی ئەم پیشە فێر بووم، ئەگەر لەو کاتەدا پشتگیریم بکرایە، ڕەنگە ئەمڕۆ زۆر زیاتر لە پێشەوە بوومایە".



گەڕانەوە بۆ کرماشان سەرەتای ڕێگایەکی جددیتر بوو و ناچار بوو بۆ ئەوەی بەدەستھێنانی ئەزموون ببێتە شاگرد، بەڵام کەشوهەوای کارگاکانی تەعدیلچی PDR جۆرێک بوو کە بۆ کچێک زۆر پێشوازی لێنەدەکرا. ئەو دەڵێت: "زۆرجار دەمبیست کە دەیانگوت ئەمە کارێکی پیاوانەیە و بۆ ژنان گونجاو نیە، تەنانەت وا ڕوویدا کە کات و پارەکەم بەفیڕۆچوو، چونکە کەس ئامادە نەبوو بەڕاستی هیچم فێربکات."

چاوپێکەوتنی وەستایەک کە ڕێگاکەی گۆڕی
چارەنووس ئارەزووی بە نادر کازمی ناساند؛ وەستایەک کە ئامادە بوو دەرفەتێکی پێبدات. نادر کازمی ئەو ڕۆژانە بەبیر دێنێتەوە و دەڵێت: "کاتێک بۆ یەکەمجار کە هات بۆ فێربوونی ئەو پیشەیە، تێگەیشتم کە چالاکی و کۆڵنەدانی ئەو جیاوازە لەوانی تر، وتم ئەگەر بەڕاستی دەتەوێت فێری ئەم پیشەیە بیت، دەبێ کات دابنێی و ئەویش کاتی دانا، تەنانەت زیاتر لەوەی من پێشبینیم بۆ دەکرد".
ئارەزوو نزیکەی ساڵێک لەگەڵ ئەم وەستایە شاگردی کرد. کازمی ڕوونی دەکاتەوە و دەڵێت: "هەندێکجار کە نیوەڕۆ دەچوومە ماڵەوە، ئەو لە کارگاکەدا دەماوە و کاری دەکرد، درەنگانی شەویش دەماوە تا کاری ئوتۆمبێلەکە تەواو دەبوو، هەر ئەم کۆڵنەدانانە و ئەم جووڵە و چالاکییانەی  بوو کە ڕێگەی پێدەدا زۆر بە زوویی بە تەنیا کار بگرێتە دەست".

ئەو دیوارانەی کە ڕوخاون
هەبوونی کچێک لە شوێنێکی تەواو پیاوانەدا بووە هۆی ئەوەی چەندین نیگای سەرسوڕهێنەر بەرەو ڕووی بێتەوە. ئارەزوو دەڵێت: "لە سەرەتادا زۆر کەس دەهاتن و سەریان دەنا بە پەنجەرەی کارگاکەوە و چاویان دەخشاند بۆ ئەوەی دڵنیابن کە بەڕاستی کچێکە کە کاری تەعدیلچی PDR دەکات". 
کاردانەوەکان لە لایەن خەڵکەوە هێشتا پڕن لە سەرسوڕمان، بەڵام زۆربەیان ئێستا ڕوویان لە سەرسامبوون کردووە، بەڵام ڕێگاکەی بێ تەحەدا و ئاستەنگی نەبوو. ئەو بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "هەندێکجار لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە لە سۆشیال میدیا ڕووبەڕووی گاڵتەجاڕی و قەشمەری بوومەوە، هەندێک کەس نووسیویانە ئەمە کاری ژنان نییە. بەڵام هیچ کام لەوانە وای لێنەکردم وازبهێنم. کاتێک سۆز و حەزت بۆ شتێک هەیە، کاریگەری حوکمدانی کەسانی دیکە لەسەرت کەم دەبێتەوە".

لەدەرەوەی سنورەکان
لێهاتووییەکانی ئارەزوو بووەتە هۆی ئەوەی لە شارەکانی سلێمانی، کەرکوک و سنە بانگهێشت بکرێت بۆ فێرکردنی تەعدیلچی PDR  بەڵام بۆ ئێستا ئەم کچە پێی باشتر بووە لە کرماشان بمێنێتەوە و کارگاکەی فراوانتر بکات و کارەکەی لەوێ پەرە پێبدات. ئارەزوو دەڵێت: "خەونی من ئەوەیە کە ئەم پیشەیە فێری کچانی تر بکەم و نیشان بدەم کە هیچ شتێک پێوەندی نییە بە ڕەگەزەوە، دەمەوێت دەست بە پۆلێکی ڕاهێنان و فێرکاری بکەم و لە کۆتاییدا بڕوانامەیەک بە فێرخوازان بدەم."


ڕەگ و ڕیشەی ئەم حەزو خولیایە
ئارەزوو دەڵێت کە ئەم ڕێگایە بۆ ئەو بەڕێکەوت نەبووە: "لەگەڵ براکانم گەورە بووم و هەر لە منداڵییەوە حەزم لە کاری تەکنیکی بوو، ساڵانێک لەمەوبەر خەونم ئەوە بوو کە ببمە میکانیکی ئۆتۆمبێل، بەڵام بارودۆخی ئەوکات ڕێگەی نەدەدا، ئێستا هەست دەکەم هەرلە کۆتاییدا گەڕامەوە بۆ دنیای تەکنیکی کە زۆرم خۆشدەویست".

پەیامێکی ئارەزوو بۆ کچان
ئارەزوو بە کچانی کرماشان و کوردستان دەڵێت: "نابێ خەونتان بۆ پێشوەختە جێبهێڵن، ڕێگاکە سەختە، بەڵام ئەگەر لە ناخی دڵەوە شتێکتان بوێت، هیچ بەربەستێک ناتوانێت ڕێگریتان لێبکات".

ئارەزوو ئەمڕۆ تەنها تەعدیلچییەکی PDR نییە؛ هێمای ژنێکە کە بوێری ئەوەی هەبووە بچێتە ناو جیهانی پیاوانەوە بۆ ئەوەی ببێتە یەکەم تەعدیلچی PDR لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ڕێگایەک کە ئێستا گەیشتووەتە شکاندنی دیواری زەینییە هەڵەی کۆمەڵگایەک.

قسەی مامۆستایەک کە باوەڕی پێی هەبوو
وەستا نادر کازمی دەڵێت: "هەر لەسەرەتاوە وتم تۆ لێرە وەک خوشکی منیت و فێری ئەم کارەت دەکەم و ئەگەر هەوڵبدەیت دەتوانی سەرکەوتوو بیت، ئێستا ئەگەر کەسێک پرسیار لە تواناکەی کرد، پێیان دەڵێم هەر تەعدیلچییەکی PDRی بەئەزموون کە دەیناسن، بیهێنن بۆ ئەوەی بتوانین بەراوردی کارەکانیان بکەین و بزانین کارەکانی کێ باشترە".

ئامادەکردنی ڕاپۆرت: ئەحمەد عەبدولحەکیمی