ئه‌مڕۆ شاندى هه‌رێم‌و ته‌یف سامى كۆده‌بنه‌وه‌

کوردستان

07/08/2025‌ 16451 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیاروایه‌ ئه‌مڕۆ شاندی چاودێری دارایی‌و وەزارەتی دارایی هەرێم لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق لەسەر پرسی موچەو شایستەی دارایی هەرێم کۆببێتەوەو بابەتەکە یەکلایی بکەنەوە.


دوێنێ شاندێکی هەرێم به‌په‌له‌ گه‌یشته‌ به‌غدا، ئه‌و شانده‌ پێکهاتوه‌ لەبەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاری وەزارەتی دارایی‌و بەڕێوەبەری گشتی باجەکان، بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان، سێ کەس لەبەڕێوەبەرایەتی چاودێری دارایی هەرێم‌و دوو ئەندامی تیمی هەژماری من.

ئه‌وان دوێنێ چوارشەممە لەگەڵ چاودێری دارایی عێراق کۆبونەوەو ئەمڕۆش لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە.

زانیارییه‌كان باس له‌وه‌ده‌كه‌ن، کۆبونەوەی دوێنێ چوارشەممەى شاندى هه‌رێم کە لەدیوانی چاودێری دارایی عێراق ئەنجامدراوه‌، لەسەر داهاتی نانەوتی‌و ڕاپۆرتی ته‌رازوى پێداچونه‌وه‌ (میزان موراجەعە) بوه‌ نزیكه‌ى پێنج کاتژمێری خایاندوە.

چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك ده‌ڵێن، شاندەکەی هەرێم 50%ی کارەکانی تەواوکردوە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە بچنە بینای وەزارەتی دارایی عێراق‌و لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی کۆببنەوە، لەسەر بابەتی ناردنی موچە گفتوگۆ بکەن‌و ئه‌و پرسه‌ یەکلابکەنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، هێشتا کاتی کۆبونەوەی شاندەکەی هەرێم‌و تەیف سامی دیارنییە كه‌ ئاخۆ ئه‌مڕۆ له‌چ كاتێكدا كۆده‌بنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش باس له‌وه‌شده‌كرێت، کاتی گەڕانەوەی شاندەکەش بۆ هەرێم دیارنییە، بەڵکو پەیوەستە بەنوسینەوەی ئەو ڕاپۆرتانەی لەهەردولا داواکراوە، دەبێت بۆ کۆبونەوەی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئامادەی بکەن.