شارپرێس:
شاندێکی بەریتانیا کە پێکهاتبوون لە نیام کۆنۆلی، بەرپرسی سیاسی لە ئۆفیسی بەریتانیا بۆ کاروباری سوریاو شارلۆت دیکسۆن، هەڵسوڕێنەری کونسوڵخانەی بەریتانیا لە باشوری کوردستان سەردانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریایان کرد.
شاندەکە لەلایەن ڕۆبێل باهۆ، جێگری هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوە، ڕۆژهات عەلی، ڕاوێژکاری بەڕێوەبردنی دەروازەی سنوری سێمالکاو لانە حسێن، نوێنەری یەپەژە پێشوازییان لێکراوە.
لەو دیدارەدا بارودۆخی گشتی سوریا و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا تاوتوێ کرا، هەروەها گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق بۆ گەیشتن بە سوریایەکی لامەرکەزی و فرەیی باسکرا.
هەروەها باس لە میکانیزمی یەکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەر بە حکومەتی کاتی سوریا و ڕێگری لە کاراکردنەوەی گروپە تیرۆریستییەکان کرا.
لە بەرامبەردا شاندی بەریتانیا ڕایانگەیاند: " دۆخی مرۆیی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دوای زیاتر لە سێزدە ساڵ لە ململانێکان تا ڕادەیەک سەختەو بەریتانیا بەردەوامە لە پێشکەشکردنی پشتیوانی لە ڕێگەی بەرنامە مرۆییەکانەوە کە تیایدا گرنگی بە پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و باشترکردنی بارودۆخی کەمپەکان دەدرێت.
ئ.ه