شارپرێس:
زانایان ڕایانگەیاند، مانگی تەمموزی ڕابردوو، سێیەم گەرمترین مانگە بوە لەسەر زەوی لەسەرەتای دەستپێکردنی ژمارەی پێوانەییەکانەوە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتی خزمەتگوزاری گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆسی یەکێتیی ئەوروپا، تێکڕای پلەی گەرمی هەوای سەرزەوی جیهانی لەمانگی تەمموزدا گەیشتوەتە 16.68 پلەی سەدی، کە 0.45 پلەی سەدی زیاترە لەتێکڕای پلەی گەرمی هەمان مانگ لەماوەی ساڵانی 1991-2020.
کارلۆ بوۆنتێمپۆ بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری گۆڕانی کەشوهەوای کۆپەرنیکۆس دەڵێت، "دوایین زنجیرەی تۆمارکردنی پلەی گەرمی جیهانی بۆ ئێستا کۆتاییهاتوە، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە گۆڕانی کەشوهەوا وەستابێت، ئێمە هێشتا کاریگەرییەکانی لەدیاردەکانی وەک گەرمای زۆرو لافاوی کارەساتباردا دەبینین کە مانگی تەمموز بونی هەبوە بەڕێژەیەکی زۆر".
لەکاتێکدا مانگی تەمموزی 2025 پلەی گەرمی تۆمارکراوی مانگی تەمموزی 2023و 2024 تێپەڕاند، بەڵام تێکڕای پلەی گەرمی ڕوی جیهانی لەو ماوەیەدا هێشتا 1.25 پلەی سەدی گەرمتر بوو لەئاستی پێش پیشەسازیی (1850-1900)، کاتێک دەردانی سوتەمەنی بەردینی زیادبوو بەهۆی چالاکیی پیشەسازییەوە.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، لەمانگی ئابی 2024 تا تەمموزی 2025، 1.53 پلەی سەدی گەرمتر بوە لەئاستی پێش پیشەسازیی، ئەمەش 1.5 پلەی سەدی تێپەڕاندوە، کە لەڕێککەوتنی پاریس 2016 دانراوە، ئامانجی ڕێگریکردن لەگەرمبونی جیهانە.
هۆکاری سەرەکی گۆڕانی کەشوهەوا زانایان دەیگەڕێننەوە بۆ دەردانی گازە لەلایەن کارگەکانو سوتەمەنی مرۆڤەوە.
