شارپرێس ـ كهنداڵ جودى:
لهکۆنفرانسی یەکڕیزییو هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەڕۆژئاوای کوردستان كورد بهیهكدهنگ بڕیارێكى دا، لەبەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسهكهدا دهڵێت:"داوای داڕشتنی دەستورێکی دیموکراسی نوێ دهكهین کە گەرەنتی فرەییو بەشداریی سیاسیی دادپەروەرانە بكات بۆ هەموو پێکهاتەکانی سوریاو سیستەمێکی لامەرکەزی دابمەزرێنێت".
ئهمڕۆ کۆنفرانسی یەکڕیزییو هەڵوێستی پێکهاتەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردو تێیدا وتارو هەڵوێستی حەوت پێکهاتەی ناوچەکە پێشکهشكرا.
لەبەیاننامەی کۆتایی کۆنفرانسهكهدا كه لەشاری حەسەکە لە ڕۆژئاواى كوردستان بەڕێوەچوو، داوای داڕشتنی دەستورێکی دیموکراسی نوێ کرا کە گەرەنتی فرەییو بەشداریی سیاسی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکە بکات، هەروەها سیستەمێکی لامەرکەزی دابمەزرێنێت کە ڕێز لەتایبەتمەندییە کولتورییو جوگرافییەکان بگرێت.
بەشداربوانی کۆنفرانسی یەکێتی پێکهاتەکان لەشاری حەسەکە جەختیانکردەوە، فرەچەشنی نەتەوەییو ئایینیو کولتوری لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، نوێنەرایەتی "سەرچاوەی هێزو سامانە، نەوەک هەڕەشە"، داوای پێداچونەوەیان بەدەستورەکەی ئێستا کرد کە پێیانوایە "ئاواتی سورییەکان بۆ ئازادیو کەرامەت ناهێنێتەدی.
لەبەیاننامەی کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، پێکهاتە ناوخۆییەکانی سوریا "لەسایەی ڕژێمە مەرکەزییەکاندا، بەتایبەتی لەسەردەمی ڕژێمی ئەسەددا، دەیان ساڵە توشی پەراوێزخستنو وەدەرنان بون".
ئاماژەی بەوەشکردوە، "ئەوکارانەی لەدژی دانیشتوانی کەناراوەکانو سوهیداو مەسیحییەکان ڕودەدەن، دەچێتە خانەی تاوانی دژ بەمرۆڤایەتیو پێویستی بەلێکۆڵینەوەی بێلایەنانە هەیە".
بەشداربوانی کۆنفرانسەکە، پابەندبونی خۆیان بەڕێککەوتنی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکراتو ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریاو کۆنفرانسی یەکگرتویی کورد دوپاتکردەوە، وەک هەنگاوێک بەرەو کۆدەنگیی هەمەلایەنەی نیشتمانی.
کۆنفرانسەکە بەبەشداریی بەرفراوانی سەرۆکی عەشیرەتەکانی عەرەبو نوێنەرانی ئیدارەی خۆسەرو کەسایەتییە ئاینییەکان بەڕێوەچوو، لەوانە غەزال غەزال سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عەلەوییەکان لەسوریاو دەرەوە کە داوای "دەوڵەتێکی مەدەنی، عەلمانی، فرەییو لامەرکەزی" کرد، بەلەبەرچاوگرتنی سیستەمێکی لامەرکەزی کە بە"تاکە چارەسەر بۆ داهاتویەکی پڕ لەئاسایشو دادپەروەری کرد".
لەکۆتایی بەیاننامەکەدا هاتوە، ئەو بەڵگەنامەیەی لەکۆنفرانسەکە دەرچوە، گوزارشت لە"ئیرادەیەکی ئازادو هۆشیارییەکی هاوبەشی بەکۆمەڵ دەکات بۆ بونیادنانی سوریایەکی یەکگرتوو، دیموکراسی، لامەرکەزیی کە دەوڵەتی یاسا زاڵەو کەرامەتی مرۆڤایەتی تێدا پارێزراوە".
